?? ??? ?? ????? ?
We comply with Telegram's guidelines:
- No financial advice or scams
- Ethical and legal content only
- Respectful community
Join us for market updates, airdrops, and crypto education!
Last updated 10 months, 2 weeks ago
[ We are not the first, we try to be the best ]
Last updated 1 year ago
FAST MTPROTO PROXIES FOR TELEGRAM
ads : @IR_proxi_sale
Last updated 8 months, 3 weeks ago
**|سۆڵوخوای نخە|
جێ بە جێی ئەو کوردستانە بەناوی کوردی و کوردەوە بەرهەمی خواردن، خواردنەوە، چێژەمەنی و دەرمان هەیە.
لەگەڵ هاوڕێیەک لای کولیایی قسەم دەکرد. وتی دێی ئێمە بە نخەخوەر ئەناسرێ.
زوو خەڵکی ئەوێ بەیانیانی بەهار کاتی نۆکەسەوزە، متقاڵێ سپییان هێناوەتە مل نۆکەکاندا. خوێواوکەکەیان گرتووە و پاڵێوراوە و کوڵاندوویانە. دواتر بە ئاردەنۆک خەست کراوە و هەڵخراوە تا وشک بووەتەوە. ئینجا هاڕیویانە بۆ تامی ناوچێشت. گوایە پتر بە جوولەکەکانی عهتاریی کرماشان و هەمەدان فرۆشتوویانە.
ناوی دیکەی: دەرمانە نخە، تام دانۊلە
📩 چیا برا و پاڵپشتی هەمووانە 👈🏽 @chia_herb ✍ ئیرەج مورادی
۹ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳**@dastnoosxane@kelaterzankon
**سپاسنامە
هاوڕێیان و دۆستانی هێژام
سڵاو و ڕێزی فراوان
ماوەیەک لەمەوپێش لە مەریوان کە گەڕامەوە لە کەلی قەرەژدابان ـ نزیک بانە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم و ماشینەکەم بە سەر خۆمدا هەڵدێرا. هەرچی بێ پاش چەند کاتژمێر لەهۆشچوون و پشکنین و عکسبرداری دکتۆر لە خەستەخانەی بانە بەرەو ماڵ گەڕامەوە، بەڵام ئێش و ئازاری سەرم و تاساویم بووە هۆی گومانی مەترسی. بۆیە هێنامیان بۆ سنه و پاش دوازدە ڕۆژ بە ڕێی دکتۆر و نەخۆشخانە و کەوتن لە ماڵی باوکم، شوکر بۆ خوای بانیسەر حاڵم بەرەو چاکبوونەوە دەچێ و چەند ڕۆژە گەڕاومەتەوە بۆ لای مناڵەکانم...
دڵنیام لەو ڕووداوە چارەنووس وا بوو ئهمجارەیش دەست بە ڕووی مەرگدا بنێم و هەلێتر وەربگرم بۆ ژیان. دۆعای ساغی و خەیرومەندی بنەماڵەکەم و نزیکان و هاوڕێیان هۆکاری خۆشی و خەیر بوو کە خۆم بە قەرزداری خۆشەویستی و مێهرەبانی گ لایەک بزانم. تکام لە درگانەی خوایە ئێوە تووشی گرفت و ئازار و ڕووداوی وا نەبن...
تایبەتی سپاسمەندی دایک و باوک و خوشک و براکانم، خێزان و مناڵەکانم، خزمانی بانە و ڕەبەت، کەسوکاری دوور و نزیک، خەڵکی هاودێییم لە باقلاوا و شارەکانی سنە و مەریوان، و هاوڕێیانی ئازیزم کە هەر لە سەرەتاوە دڵگرانی حاڵ و دۆخم بوون، ئازیزان: (کەماڵ ڕەحمانی ـ خانێ، جەلال سەید کەریم گەڕاوی ـ سلێمانی، عبدالرحمن یەعقووبی ـ تاران، جەلال ڕەئووفی ـ بانە، ئیسماعیل موشیر عوسمان و جەماڵ مەولوود ـ هەولێر، حەسەن موحەمەدی و همایۆن نیکڕەفتار و عارف تەبەد ـ مەریوان، حەسەن بانە ـ مۆسکۆ، بورهان حوسەینی ـ سنە، طیب قادرمەرزیـدێولان، شاناز جەوانشیری ـ سایەنقەڵا، ئاکۆ جەلیلیان ـ کرماشان، ئیسماعیل کەریمیان و ئیبراهیم ڕۆستەمی و هەژار دەروێشانی و خدر سوورە گەنمانی ـ ڕەبەت، و ... پەیامی هاوڕێیانم لە کۆمەڵەی ڕوەکناسانی کوردستان: هەولێر و سلێمانی ـ واتساپ، گوڵ و گیای کوردستان، یانەی دەستنووسی کوردی ـ تلێگرام)
ئاواتەخوازم بتوانم زەحمەتی سەردان و پەیام و پێوەندی یەک بە یەکی ئێوە قەرەبوو بکەمەوە کە دڵگرانی دۆخەکە بوون و هەواڵپرسیتان کرد و دڵنەواییتان دامەوە.
تێبینی: داوای لێبوردن لە برایان و خوشکانم دەکەم کە ئەگەر تەلەفۆن هەڵنەگرم بۆ پێوەندیتان، هێشتا هەندێ ژانەسەرم ماوە و دکتۆر دایناوە بەهۆی ئازاری ئێسکی پشتی سەرم نابێ زۆر بدوێم و مێشکم ماندوو بکەم.
برای بووچکتان
✍ ئیرەج مورادی
۱ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳**@dastnoosxane@kelaterzankon
**تەشقی ئاسمان و کەشی کەڵمەسان
جاران پێوەری جووتیار و شوانکاران بۆ پێوەندی لەگەڵ سروشت ئەو پاشحانە ئەزموونە بووە کە سینەبەسینە پێیان گەیشتبوو. ئەوان لەسەر پێوەری ژینگەییـسروشتیی کاری ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانەی کشتوکاڵی خۆیان دەکرد.
باوەڕی ئەوان وا بووە ئاسمان تەشقی وەک تۆژاڵێکی بەستووە. ئەو تەشقە بە تین و تاوی خۆر توند دەبێتەوە، ئیدی سەرمای لێ نابارێ. کاتێ تینی هەتاو کز دەبێ توێژەکە خاو دەبێتەوە و زوقم و زم دەبارێ. بۆیە لە کوردەواری دوو زاراوەی تەشق کەوتن و تەشق شکان هەیە.
پاییزانە دەبێ تەشقی ئاسمان بەرەو کەوتن و شکیان بڕوات هەتا زەوی کەشی بگۆڕێ و جووتیار ئاوەنیا بکا و گوڵەجووتێرە (کەڵمەس) شین ببێت.
هەر بەڕاستی زەوی لە کۆتایی خەرمانان هەناسەی فێنک هەڵدەمژێ و فێنک دەبێتەوە و ڕەگ و تۆوی بن زەوی وەک زافەران، کەڵمەس، گوڵاڵەپاییزە، هاز، کلچێوک (مێڵەگوریانە)، چیمەن، گەنم و ... چەکەرە دەکەن. گەڵا یا گوڵیان دەرئەکەوێت. هەر بۆیە شاکەوخامەسۊری ئەیوانی فەرموویانە:
شوکرانەم پێد بۊ هەر وەخت مەیلت هەس
وەبێ نم سەونز کەید گوڵان کەڵمەس
یا مامۆستا پیرەمێرد سەبارەت بە تەشق فەرموویەتی:
هەوا بە تینی ئەو تەشقی شکا
پەنجەی لە گۆ چوو پێکەوە لکا
✍ ئیرەج مورادی
۹ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳**@dastnoosxane@kelaterzankon
**|پڕۆژەی ئیتنۆبۆتانی کوردەواری، دەفتەری ۳۳، بابەتی ٦٤۳۰: شڤنی کوردی|
هەتاکوو ئیستە لە زنجیرە نووسینەکانم لەسەر ئیتنۆبۆتانی کوردەواری پرژوبڵاو چەند بابەتم لەسەر ئەو ئاژەڵە کێوییە نووسیوە:
ــ لە کۆنترین کتێبە پزیشکیەکان وەکوو (الصیدنە و الحاوی) باسی (حجرالتیس) ناوچەکانی کوێستان/ جبال کراوە. هەتا ئیستەش کاتێ پیرەکان باسی بەردی کیمیا بۆ شەفای زۆر نەخۆشیی بێچارە دەکەن ناوی کەڤرا شڤن (دەڤەری بارزان و ڕووبارۆک)، بەردەکەڵ (ناوچەی کەڵاتەرزان) و تەوەنەموور (ناوچەی ژاوەرۆ) دێتە بەرگوێ. هەموو ئەمانە واتا ئەو بەردەی لە گورچیلە و میزڵدانی بزنەکێوی و گاکێوی دەر ئەکەوێ.
ــ لە بەری کۆمەڵان (ئاواییەکانی بناری کێو لە ناوچەی گەورکی سەردەشت) زوو ئیسابەگێ بووە دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە. لە ئاوایی شێخ عیسێ و هەمران دەشت و مەزاری ئیسابەگ هەیە. بۆخۆم وێنەی قەباڵەیەکم سەبارەت بە خانەقای شەمۆڵە لایە کە ساڵی ۹٨۷ کۆچی نووسراوە و لەوێ باسی مڵکی خانەقا دەکا کە هاوسنوورە لەتەک مڵکی ئیسابەگ. ئەم ئیسابەگە ئێژن یازدە دیوەخانی بووە لە ئاواییەکانی کۆمەڵان (گۆڵێ، سیسێر، نستان، زمزیران و ...). هەر شەوێ لە یەکێ لەو گوندانە بووە و هەر جارێ کەڵێکی بردووەتەوە. بەهار کە هەموو بنەماڵەکەی چوونەتە هەواری تۆرێ و مەیدان چۆغە، یازدە ژنەکەی سەیری یەکیان کردووە هەموویان ملوانکەی مووروەکەڵیان لە ملدا بووە. ئیستەش بەساڵاچووەکانی ئەم ناوە کاتێ باسی ژنی دووەم و سێهەم دەکرێ، دەڵێن خۆ کەس وەک ئیسابەگ دارا و ئیماندار نییە فەرقی نەخاتە نێوان ژنەکانی.
ــ لە ئاوایی خانەقای حەسەنگاوگیر (سنە، ناوچەی کەڵاتەرزان) مەزاری سەید حەسەن هەیە. ئێمە جاران کە هێشتا لە دێ جووتیاریمان بە گا و هەوجاڕ بوو، باوکم بەهاران دەچووە خانەقای حەسەن گاوگیر کەڵەمی دار بناوچی ئەهێنا. لای ئێمە باوڕ وایە هەر گایەک لەو بناوچەی لە مل بکرێ وەک گاکێویەکان کە هاتوونەتە ژێر نێڵەی سەید حەسەن و هەتا ئێوارە بێ کێشە جووتی پێ کردوون، ئاوا جووت دەکەن.
ــ لای کوێستانی چلچەمە هەتا ئیستەش ئەو ماڵانەی بە تەرزی کۆن ماوە شاخی گاکێفی لەسەر درگا و دەروازەی ماڵەکانیان دەبیندرێت. ئێژن هەر ماڵێ ئەو شاخەی پێوە بێ، دڵخۆشی لەو ماڵە نابڕێت. گاکێفی پاییزانە شاخەکەی دەخات و پێشینان دەڵێن شنەی نەورۆز هەڵیکرد دیسان شاخەکەی چرۆ دەکاتەوە و تا کۆتایی هاوین کامڵ دەبێ. بۆیە دەڵێن گاکێفی هەر ساڵێ بەقەد بزن و گای ماڵی دەژی کە ئەوان لە تەمەنیان یەکجار شاخیان دەڕوێ.
ــ مام سیداد خەڵکی شارۆچکەی ڕووبارۆک کە سۆفی خانەقای لۆلان لە ناوچەی برادۆست بووە، ساڵەکانی ۱۹٨۰ گێڕاویەتیەوە کە ئەوان وەچەی شێرەخان فەرماندەی درگای شمشیرخان لە قەڵای دمدم بوون. کاتێ قزڵباشەکان هاتوونەتە ناو قەڵای دمدم، یەکەم ژنێ کە لە قەڵاکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە ژنی شێرەخان بووە. ئیستەش ئەو بەشە لە قەڵای دمدم کە زۆر ئاسێ و دژوارە بە دەرکی شمشیرخان دەناسرێ. مام سیداد وتوویە توورەکەی خوێدانکم لە ئەستۆ کردووە و چوومەتە چیاکانی ئاڤاشین چەند ڕۆژ گەڕاوم. شڤن و پەزەکووڤی هاتوون خوێم پێ داون و شیریانم دۆشیوە و ئەوە نان و زادی من بووە لەو کێوانە. هەتا ئەوەی جارێ چەقۆی لە گیرفانیدا دەبێ. دوو ڕۆژ بەو کێوانەوە دەسووڕێتەوە یەکێ لەو ئاژەڵانە لێی نزیک نابێتەوە. ئاخری دێتەوە و سەری خۆی هەڵدەگرێ بۆ خانەقای لۆلان.
ــ لە فەرهەنگە کوردییەکان ئەو ئاژەڵە لە بادینان بە (شڤن)، چۆمان و خانێ (شوور)، قەرەداغ و دەربەندیخان (فیلەگێژە) و کەڵاتەرزان (گاکێفی) دەناسرێتەوە.
ــ لە فەرهەنگی فارسی ئەو ئاژەڵە بە (گوزن زرد ایرانی)، عەرەبی (ٲیّل العراقی)، تورکی (Iran Alageyiği)، ئینگلیزی (Persian fallow Deer) و لاتین (Dama mesopotamica) ناوی هاتووە. بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر لە ڕووی هەمان ناوی زانستی (لاتین ـ جیهانی) دروستترین ناو بۆ ئەو ئاژەڵە (کوردستانی ـ مێزۆپۆتامیا)ـیە.
بەداخەوە ژمارەی ئەو ئاژەڵە لە کوردستان لە تەواوبووندایە و دەڵێن تەنیا لە چەند شوێنی بادینان چەند سەری ماوە.
تێبینی: تکایە ئەگەر شوێنەناوێ (ناوی ئاوایی، کێو، کانی و ...) شک دەبەن بەناوی ئەو ئاژەڵەوە بفەرموون تا وەک بەڵگە دایبنین.
✍ ئیرەج مورادی
٨ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳**@dastnoosxane@kelaterzankon
***کەشکۆڵی دەرمانی و چارەسەری شێخانی بیارە
[ئەوە بۆ دە ساڵ دەچێ لە مەیدانی گەڕیان و گەشت و دیمانە و وتووێژی مەیدانی بەشێک لە توێژینەوەکانم لەسەر کۆکردنەوەی وەسفە و شێواز و بیرەوەری دەرمانی شێخانی بیارە بووە. هەتاکوو ئیستە لە قەبارەی دوو بەرگ کتێبدا ئەو کارەم نووسیوەتەوە و ماوە بۆ کاتی خۆی چاپی بکەین.]
نوسخەی ژمارە ۷٤
کاک ئەسعەدی سیراجەدین دەیگێڕێتەوە کاتی خۆی کە ماڵمان لە قەڵاشێخان ـ ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە ـ بووە، کەسانێک بۆ نەخۆشی خەستی خوێن سەردانی باوکی ـ شێخ مەولانا ـ یان کردووە خواردنی تۆوی گۆچانەگیا (ناخنک: Astragalus hamosus ) داناوە. دەبێ تۆوی ئەو گیایە بهاڕیتەوە و بیکوڵێنی و ڕۆژانە دوو ژەم بیخۆیت، هەتا سێ هەفتە.
دیسان لەسەر ئەو گیایە خاتوو سەلما کچی شێخی عەلائەدین بۆ ئەو ئافرەتانەی شیریان کەم بووە، دایناوە کە تۆوی نینۆرکە (گۆچانەگیا، شاخەلارە) لەگەڵ تۆوی کەراوی سەرەتا بیبرژێنی و دوایی لە شیری کوڵیو بکرێت و ڕۆژانە دوو ژەم هەر ژەمە یەک لێوانی بخورێتەوە.
هەرچی بێت خواگیان دەردی داناوە، دەرمانیشی ناردووە. حەکیمی گەرەک دەرمانەکە بدۆزێتەوە بۆ دەردەکە.
✍ ئیرەج مورادی
۱٦ی گەلاوێژی ۱٤۰۳**@dastnoosxane@kelaterzankon
?? ??? ?? ????? ?
We comply with Telegram's guidelines:
- No financial advice or scams
- Ethical and legal content only
- Respectful community
Join us for market updates, airdrops, and crypto education!
Last updated 10 months, 2 weeks ago
[ We are not the first, we try to be the best ]
Last updated 1 year ago
FAST MTPROTO PROXIES FOR TELEGRAM
ads : @IR_proxi_sale
Last updated 8 months, 3 weeks ago