ھەوالی پەروەردەی شاری کرکوک
https://instagram.com/kirkuk_star_
Last updated 1 month ago
خودایە، لەو کتێبە گەورانە ماندوو بووم، دەمەوێت دێرێک شیعر بپۆشم لە زستان و هاوین بمپارێزێت، لە وشکانی و دەریادا بمپەڕێنێتەوە… من لەو هەموو فڕێنە بێزارم، کەی دێت ڕاوچییەک باڵم ئەتک بکات و بمخاتە قەفەزەوە، دەمەوێت وەک باڵندەیەکی مۆن دانیشم و دیلی بگاتە ڕۆحم. خوایە ئەو هەموو تیشکە کوێرم دەکات، ئاخر ئەمە تیشکی ڕێنوێنی نییە، ئەوەندەی دێتە ژوورەکەمەوە زیاتر گومڕام دەکات. خودایە، من بۆ دیلیەتی دەگەڕێم، داوای باغ و پێغەمبەرت لێ ناکەم، ژوورێکی بێ پەنجەرەم دەوێت کاتێک جەنگ هات نەمبەن بۆ ئەو مەیدانە چونکە من فریشتە و شەیتان لە یەکتر جوێ ناکەمەوە… کاتێک جەنگ کۆتایی هات نەمبەن بۆ ئەو مەیدانە، دەستەکانی من هێندە پڕ لە کوفرن فریشتەکان کەڵکی لێ نابینن. دەمەوێت دیلبم خودایە، فریشتەکان نموونەی دۆڕاوی بە من بهێننەوە. ژوورێکم دەوێت قاقای شەیتەکانی لێ نەبیستم، تفەنگێکم دەوێت ئەو پاساریانە پێ بکوژم ئازاد بەسەر ژورەکەمەوە دەفڕن، ئەو کوختیانەی پێ بکوژم کە بانگ لە بەیانییەکی نوێ دەکەن. خودایە، من داوای بەهەشتت لێ ناکەم، داهۆلێکم دەوێت فریشتە و شەیتانی پێ دوورخەمەوە، نامەوێت سیمای شەیتان ببینم بە ئازایی خۆیەوە دەنازێت و جاڕی ئازادی دەدات. فریشتەکان بۆ من هیچ نین جگە لە دیلێکی وەستاو، من دەمەوێت شای دیلەکان بم، کە فیرعەونەکان هەستانەوە بڵێن سەیرکەن سەیرکەن، لەم ژوورەدا دیلی لە ترۆپی خۆیدایە… کە حەزرەتی نوح هات بڵێ با ئەم دیلە سوار کەشتیەکە نەبێت ئەمە ڕەگەزێک نییە توانای زۆربوونی هەبێت.
وتی: قەت وا مەیە، من واوە هەر دێم
نەهات ئەو وا قەت و من واوە هەر چووم.
|مەحوی
سڵاو، پێنجشەممەیەکی تر…
ئەی دۆست، هەرگیز لە خۆت پرسیوە خەیاڵی ئەبەدی چییە و بۆ ئەبەدییە؟ خەیاڵ بە مانا سادەکەی ناڵێم یاخود بە هەوایەکی نەزانەوە کەوا پڕە لە خۆزگە و خەون، من هەموو ژیانم ڕقم لەو مرۆڤانەبووە کەوا ناتوانن جیاوازی نێوان خەون و خەیاڵ بکەن.
خەیاڵ بە مانا هەرە گەورەکەیەوە دەڵێم کەوا هەست دەکەیت شتێک لە ناو تۆدا دەژی سەر بەو ژینگەیە نییە تۆی تێدای لە کاتێکدا کە سەیری دەکەیت لە هەمان کەرەستەی ئەو یاریە و ژینگەیەیە کە حەقیقەتی تۆی پێ دروستکراوە، بەڵام هەموو شتێک تێیدا جیاوازە. گەورەترین جیاوازی نێوان یاری حەقیقەت و خەیاڵ وەکو دوو یاریچی شەتڕەنج وایە کە یەکێکیان بۆ بردنەوە دادەنیشێت، هەموو کاتێک کە دەست دەبات بۆ داشەکان بەو نیازەیە کەوا بیباتەوە و یاریەیەکە بخاتە ژێردەستی خۆی و کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام ئەویدیان لە بیری ئەوە دایە چۆن درێژە بە یاریەکە بدات تا بە کۆتایی نەیەت.
یاریکردن لە بەرەی خەیاڵ وەک خەونێک نییە ئیدی دونیای بۆ بخەیتە گەڕ تاوەکو بەدی بهێنیت بەڵکو بە پێچەوانەیە دانانی ڕیتمێکە تاوەکو بە کۆتایی نەیەت و بەردەوام بە نەگیراوی لە ناویدا بڕۆیت. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو سۆزە زۆر قوڵانەی کەوا لە خۆشەویستی و ئەشقیش ناگیرسێنەوە بەرەو دەروازەکانی خەیاڵ هەڵدەکێشن تا بگەن بە ئەبەدی بوون. پلەی خەیاڵ پلەیەکی بەرزترە لە عەشق و خۆشەویستی، چونکە خەیاڵ بە مانا گەورەکەی ئەوەیە کەوا بچیتە ناوی و ئیدی نەتوانیت لێی بێیە دەرەوە، ژیانێکە بە مانا تەواوەکەی ئەبەدییە.
خەیاڵ وەک خۆشەویستی نییە کەوا ناگەهان بتپێکێت، بەڵکو وەک ئاو قوم قوم دێتەوە ناوتەوە، دڵۆپ بە دڵۆپ دەکشێت، ئاونگ بە ئاونگ دەبێتە نەخشێکی سەربەخۆ کەوا نە دەبێتە کارخانەی دڵ و نە بەندەی ئەقڵ، بەڵکو تەنها خەیاڵ خۆیەتی و هیچی دی، نەخشیەکە خۆی درێژە بە خۆی دەدات و تۆش تەنها بە ناویدا دەڕۆیت.
سڵاو، پێنج شەممەیەکی تر…
وادەیەکی ئێجگار درێژە شەوانی پێنجشەممان بەرامبەرت دانەنیشتووم، تیانووسی خەونەکانمان بۆ یەکتری نەکردۆتەوە و خەونەکانمان بۆ یەکتری شیکار نەکردووە. دەمێکە دەستی برایانەتم نەگوشیوە تا بە سۆزەوە پێت بڵێم تۆم خۆش دەوێت، ئاخر تۆ مرۆڤێکی ڕاستەقینەیت.
هەرگیز لە سینەماکان نەهاتوویتەدەر و بە دەنگێکی نزم و نمایشکارانە بڵێی بە دیار ئەو دیمەنەوە گریاوم، تۆ لەم گەمژانە نیت کەوا نمایشی ئەوە دەکەن دەتوانن غەمبار بن و کاریگەریان بخرێتە سەر بۆ دیمەنێک کە شایەنی نییە.
لە ژوورەکەتدا جگە لە تیانووسی بەتاڵی من هیچی ترت هەڵنەگرتووە و هەڵتنەواسیوە، ئاخر تۆ لەوانە نیت کەوا تابلۆ لوتخوارەکانی پیکاسۆ و ئاسمانی ڤانکوخ لە ژوورەکەت هەڵواسیت بەبێ ئەوەی پێناسەیەکت هەبێت بۆ هونەر.
لە ڕاستیدا هونەر لە تۆدا باڵا دەگرێت، لە ساتی ڕاستەقینەدا، لە تێشووی ڕاستەقینەدا، لە بوونەوەری ڕاستەقینەدا پەل دەگرێت. تۆ لەو گەمژانە نیت کەوا پەرداخێک مەی دەخەنە سەر تابلۆیەک بەبێ ئەوەی بیر ترێکانی بکەنەوە، تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ بەرسیلەکە، بۆ ئەو دەستانەی هێشووەکەی لێ کردۆتەوە و تا بە مەی گەیاندووە.
هیچ کام لەم زەهرانە من ناکوژن، تینی گڕی هیچ ئاگرێکیش نامسوتێنێت، من دیومە کە چۆن دەمرم هەتا ئەم ڕووبارەیش ناتوانێت لاشەم بەرێت و نوقمم بکات. من نەمرم نیم بەڵام ئەو شمشێرەی دەستت ملم نابڕێت و نامکوژێت. من مەرگی خۆمم دیوە، دیومە کە لە دەستی دوو فریشتە دەکەومە خوار کاتێک بەرەو تاریکی هەڵمدەکێشن، دەکەومە خوار و بەبێ ئەوەی ئاوڕم لێ بدەنەوە بەردەوام بەرز دەبنەوە و ون دەبن. من لەوێدا دەمرم، کاتێک لە دەروازەکانی تاریکیدا دەکەومە خوار دەمرم.
کۆتا جار پێمگووتی «هەندێک جار شتانێکی خراپ ڕوو دەدەن لە ژیانتدا لە پێناو ئەنجامێکی چاکدا بۆت.» دەتوانم بڵێم بە وێنەی فرانتس کافکا. بەڵێ، من نووسینەکانی کافکام بۆیە خۆشدەوێت چونکی یەکڕاست ئەمەم بیر دەخاتەوە. گەر ئاوڕێک لە ژیانی کافکا بدەینەوە دەبینین کەوا کافکا ژیانێکی منداڵی تەواو ناخۆشی بەسەر بردووە کە بووە هۆی سەوزکردنی هەستی ترس و بێ ماناییەکی نەبڕاوە تێیدا، ئەم ترسەیش وەک لە نامە درێژەکەی بۆ باوکی ئاماژەی پێ دەدا بە هۆی خودی باوکییەوە بوو. ترسی فرانتس کافکا لەوەوەیە کە پیاوێک دەتوانێت بەسەر سەریەوە بێت و بە ئارەزووی خۆی ئازاری بدات، وە هەستکردن بە بێ ماناییەکەیش هەر لەوەوە بوو کەوا پیاوێکی لەم چەشنە بۆتە خاوەن بەسەریەوە.
ڕەنگە دروست مافی تێگەشتنم نەدابێت لەو ترس و بێ ماناییە، بەڵام لە پەرتووکەکەیدا(نامەیەک بۆ باوکم) دەتوانیت باشتر تێ بگەیت لێم کە بوونی هێرمانی باوکی چەند مایەی ترس و بێ مانایی بووە بەسەریەوە. ترسێک کە دواجار پێ دەخاتە نێو دونیای ڕۆمانەکانی کافکا، بێ ماناییەک کە دەبێتە بەرگی سەرەکی ڕۆمانەکانی کافکا و ئەو دونیایە دێننە بوون کە ڕەخنەگران ناوی دەنێن «دونیای کافکایی»
جیاوازی زۆرە کەوا نووسەرێک ڕۆمانێکی بێ مانا بنووسێت بە بەراورد لەگەڵ نووسەرێک کەوا ڕۆمانێک لە پێناو تێگەشتن لە بێ مانایی بنووسێت، دروست ڕۆمانەکانی فرانتس کافکا سەر بە ڕەگەزی دووم دانەن.
دواجار ئامانجمە کەوا بڵێم ئەوەی بووە هۆی سەرکەوتنی ڕۆمانەکانی کافکا ترسی کافکا بوو لە باوکی، کە وەک خۆی لە ناکەمەکەدا ئاماژەی پێ دەکات بۆی نووسی بوو “تۆ هەمیشە بابەتی نووسینەکانم بوویت.” ئەگەر چی دڵڕەقانەتە بڵێم کەوا بەبێ ئەو خراپییەی باوکی لە ژیانیدا کافکا نەیدەتوانی بەو چەشنە قووڵ و کاریگەرە بنووسێت.
من تا زیاتر دەڕوانم زیاتر تێدەگەم کە گەورەترین عاشقی جیاوازی لەم گەردونە گەورەیەدا خودا خۆیەتی… بۆ ئەوەی ئەو جەوهەرەش ببینین، دەبێت سەیری هەموو گەردوون بکەین، بۆ ئەوەی مەزنی خودا ببینین بەسنییە تەنها بە چەند دێڕێکی ناو کتێبەکانییەوە بگیرسێینەوە، من تەنها یەک کوفر دەبینم، ئەو کوفرەش بچوککردنەوەی یەزدانە بۆ یەک واتا و یەک وتە و یەک مانا، خوداپەرستی گەورەش ئەو کەسە نییە کە بەسەر کتێبەکاندا دەکەوێت، بەڵکو ئەو گیانەیە کە خودا لە گەورەیی و لایەنە گەردونی و موعجیزە گشتییەکانیدا دەبینێت. گیانێکە کە تەنها لەنێوان دێڕەکاندا بۆ خودا ناگەڕێت، بەڵکو لە هەموو جێگایەکدا بۆ مانا و جەوهەری ئەو دەگەڕێت.
|خەندانی چکۆلە
لە ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە»
گۆرانییەکی جۆلیۆ هەیە بە ناوی «هێشتا نەگۆڕاوم» لە پێشووتردا زۆر گوێم لێ دەگرت بەو خەیاڵەوەی هیچ شتێک لە مندا نەگۆڕابێت و هەمان کەسی پێشووم بە هەمان هەستەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە خودی گۆڕانی من بوو.
گۆڕانی من ئەوە نەبوو کە ئیدی هەوڵ بدەم هەمان کوڕ نەبم، بەڵکو هەوڵدانی من بوو بۆ ئەوەی هەمان کوڕ بم. جیاوازە ئەوەی هەوڵ بدەی ببیتە کەسێک لەگەڵ ئەوەی خۆت ئاسایی ئەو کەسە بیت بەبێ ئەوەی پێویستیت بە کۆمەکیەک بێت
بتباتەوە بۆ ئەو کەسە.
ئەم ئێوارەیە کە گوێم لەو گۆرانییە گرتەوە هەستم بە گۆڕانی خۆم دەکرد، غەمبارانە بەزەییم بەوە دەهاتەوە کەوا من چیدی ناتوانم خۆم لە ناو ئەو کەسایەتییە جوانە بدۆزمەوە کەوا خەیاڵم دەکرد و کەمێکیش شانازیم پێوە دەکرد.
هەمیشە گۆڕان دوو جۆرە، دانەیەکیان بۆ ئەوەیە لە شتێک ڕا بکەیت و ئەوی تریان بۆ ئەوەیە بۆ شتێک ڕا بکەیت. بەڵام من سەر بە ڕەگەزی سێهەمم، لە کاتێکدا بەشێک لە من ڕا دەکات بۆ ئەوەی ببمەوە کوڕەکەی جاران و هەموو شتێک لە مندا تیشکێک بێت، بەشەکەی تریشم بەزەیی بەوەدا دێتەوە.
هەستم بە خراپی دەکرد، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕاهاتووم کە شتێک بە باشی نەگوزەرێت لە دەوروبەرم سەیری فیلمێک بکەم تا لە بیری بکەم. خستمە سەر فیلمی The Godfather بەشی دووەمی، بەڵام فیلمەکەم لە ناوەڕاستدا بەجێ هێشت و بە نائارامی خستمە سەر گۆرانی خۆشت بوێم یان بەجێم بهێلە، دوای چەند دێڕێکی جۆلیۆ بە هەمان شێوەی فیلمەکە گۆرانیەکەشم ڕاگرت؛ بە هێواشی بە خۆمم گووت: هەموو شتێک لە دەوروبەرت باشە، ئەوەی خراپە تۆیت.
هەندێک جار دوای سەیرکردنی فیلمێک یاخود خوێندنەوەی کتێبێک بە تەواوی دەروونت ماندوو دەبێت لە بیرکردنەوە، ئێستا دوای خوێندنەوەی کتێبی نامەیەک بۆ باوکم (هی کافکا) بە تەواوی لەو دۆخەدام. بەڕاستی ئێستاش نازانم کتێبی خراپ بوو یاخود باش؟ بەڵام پێشموایە پرسیارێکی گەمژانەیە کە هەڵسانگاندێکی وا بکات. پرسینی سوود بەلای منەوە هەمیشە مانای کتێبەکان دەشێوێنێت.
لە ڕاستیدا گەر ڕاستگۆ بم بەلامەوە کتێبێکی ترسناک بوو، گورزەیەک لەو ترسەی کافکا بەرامبەر باوکی دەیتۆقاندم، هەمیشە دەیبردمە ئەو پرسیارەی «گەر هەستت کرد بوویتەتە باوکێکی لەو شێوە چی دەکەیت؟» لە ڕاستیدا هەرگیز خەیاڵی ئەوەم نەبووە کە باوکێکی چەوسێنەر بم، بەڵام ئایە هەرگیز هیچ باوکێک بەر لەوەی منداڵەکەی بێتە دونیاوە خەیاڵێکی وای هەبووە؟
ئارەزووم نییە خۆم لە ناو تاریکی و نائومێدی خەیاڵاتی واوە نووقم بکەم، بەڵام نابێت مرۆڤ مەترسی ئەوە فەرامۆش بکات ببێتە کەسێک کە نامەیەکی لەو چەشنەی بۆ بنووسرێت کە گرنگ نییە لە چ جۆرە چەشنێک بێت، یاخود لە ژێر کاریگەری ترسەوە نوسرابێت یان نائومێدی… دواجار نامەیەکی لەو جۆرە هەمیشە ترسناکە.
ھەوالی پەروەردەی شاری کرکوک
https://instagram.com/kirkuk_star_
Last updated 1 month ago