Mohammad Hosseinzadeh

Description
Ph.D in international Relations

Contact me:

Website:

https://mhosseinzadeh.com/

facebook:

https://www.facebook.com/mohammad.hosseinzadeh.3?mibextid=ZbWKwL

Instagram:

https://www.instagram.com/mohammad.hossein.zadeh?igsh=MWw5emduNGl4ZWk2Mg==
We recommend to visit

Contact Us: @HVBook

Last updated 6 days, 16 hours ago

❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
‌.
.
‌تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H

Last updated 1 week, 2 days ago

?? ? ??

WE LOVE HELICOPTERS!!!

Last updated 8 months, 3 weeks ago

3 months ago
  1. ترامپ "بیری" لەوە دەکردەوە کە پشت لە هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بکات، بۆیە لەچاو بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان سەرۆکێکی خایینە. بایدن نەک "بیر" بەڵکوو "بە کردەوە" پشتی لە هاوپەیمانانی خۆی لە ئەفغانستان کرد، بۆیە لەچاو بەشێکی زۆر لە ئەفغانییەکان سەرۆکێکی مەزنە خایینە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نە ئەفغانی و نە کورد شیاوی ئەوە نین و لە پێگەیەکدا نین کە سەبارەت بە خایین بوون و نەبوونی سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمریکا قەزاوەت بکەن. سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای چەمکگەلێکی ئەخلاقی وەک خیانەت و عەداڵەت و مافەکانی مرۆڤ دانەنراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دانراوە. هەر سەرۆکێک چەندە توانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیدا سیاسەت بکات، هێندەش دەتوانی ئەخلاقی بێت (یا نەبێت). لەکۆتاییدا بەرژەوەندییەکان بنەمان نەک چەمکە ئەخلاقییەکان. ئەوەش بڵێم هەر کۆمەڵگەیەک بە چاویلکەی ئەخلاقی خوێندنەوە بۆ سیاسەتی نێونەتەوەیی و بە تایبەت سیاسەتی زلهێزانی بەرژەوەندیخواز بکات، دۆخی لە کوردستان و ئەفغانستان باشتر نابێت!

  2. کە ڕەخنەی هەندێ کورد دەخوێنیتەوە کە حەزیان لە دەسەڵاتگرتنەوەی ترامپ نەبووە، ئەگەر ئاگادار نەبی وا دەزانی "ناسیونالیستە کوردەکان" دەنگیان پێداوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی کۆشکی سپی بکەن. هەر هێرشە و دەکرێتە سەر ناسیونالیستە کوردەکان. کەسیش نازانێت ئەو ناسیونالیستە ڕاستگەرایانەی کوردستان کێن؟! بۆیە ئەوەش بووەتە جۆرێک لە ڕقهەڵڕشتن برامبەر یەکتر. لەوە بگڕێین کەس هەیە هیچ نەبێ بە وتەی خۆی هەموو تەمەنی سەرقاڵی سیاسەت بووە کە چی ڕەخنە لە ئەندامانی "حدکا" دەگرێ کە بە هاتنی ترامپ شاگەشکە بوون! وا شیوەن دەگێڕێ وەک بڵێی سەردەمی بایدن "سەردەمی زێڕینی مافەکانی مرۆڤ" و "عەداڵەت" بووە. وەک خۆم زۆر گەڕام بۆ ئەوە بخوێنمەوە و زۆرم پێ خۆشە بزانم ئەوانەی باسی بازرگانێتی، خیانەت، بێ پڕەنسیپی و بە گشتی هیچ و پووچی ترامپ دەکەن چۆناوچۆن جیهانی سەردەمی بایدن لە جیهانی سەردەمی ترامپ بە جیهانێکی خۆشتر و سەقامگیرتر و عادڵانەتر دەبینن؟ مەبەستم ئەوەیە پێوەرەکانیان چییە؟ من خۆم بۆچوونم ئەوەیە لە دوای جۆرج بۆشی کوڕ سەرۆکەکانی ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی دێموکرات و کۆماریخواز زیاتر لە چوارچێوەی ڕیالیستیانە کاریان کردووە و سیاسەتەکانیان زیاتر هاوشێوەی سەردەمی جەنگی سارد بووە تا سەردەمی هەشت ساڵەی دەسەڵاتدارێتی جۆرج بوش. بۆیە لە هەندێ تایبەتمەندی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەکیدا هاوبۆچوون بوون و هاوشێوە کاریان کردووە.

  3. کە بەرژەوەندییەکان بنەما بوون مامەڵەچێتی و بازرگانی دەبێتە تایبەتمەندی سەرەکی سیاسەتوانان. بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤ و عەداڵەت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیش دەبێتە خسڵەتی سیاسەتەکانیان. ئەو کاتانەی ڤلادیمیر پۆتین لە چیچان بە توندترین شیواز مافی مرۆڤی پێشێل دەکرد، دێموکراتەکانی ئەمریکا هیچ گرنگییەکیان بە مافی مرۆڤ نەدەدا، چونکە لە بەرژوەندی ئەواندا نەبوو. بەڵام لە پرسی ئوکراینادا بە دەزگای بەهێزی پڕۆپاگەندە وایان کرد تەنانەت بەشێکی زۆر لە کوردانی بێ دەوڵەتیش ڕۆژانە زیاتر نیگەرانی ئوکراینا بن تا دۆخی ناڵەباری خۆیان. ئەو کاتەی کلینتۆنی دێموکرات لە یۆگسلاڤیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ دەستێوەردانی سەربازی دەکرد، هاوکات بەردەپۆشی ئەو ژینۆسایدەی دەکرد کە لە ڕوواندا ڕووی دەدا. پێش ئەوەش سیاسەتوانانی هەر دووبەرەی دێموکرات و کۆماریخواز لە ئەمریکا بەرامبەر ئەنفال و ژینوسایدی کورد لە عێراقدا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بوون. ئوباما لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر سەرکوتی خەڵک لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە وەرنەگرت بۆ ئەوەی ئاستەنگێک لە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەروەندەی ئەتۆمی درووست نەکات و دواتر لە ڕێککەوتنەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی مرۆڤ نەکرا. ئەسقەزا و پێچەوانەی ئەوەی ئێستا ڕەخنەگرانی ترامپ دەڵێن، بە چوونەدەرەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و کاردانەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی پیتاندنی یورانیومدا بوو کە هەمدیسان پرسی مافی مرۆڤ زیندوو کرایەوە. هەروەها سەرۆکانی ئەمریکا لە هەر دوو بەرەی دێموکرات و کۆماریخواز کاتێ کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین زیاتر دەبێ، زیاتر پەرە بە ڕەخنەکانیان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەدەن و بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان پرسی مافی مرۆڤ دەکەوێتە پەراوێزەوە. دەشزانین ئەو کاتانەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ ئاساییە ئەمریکا بەرامبەر سەرکوتی نەتەوەی کورد بێدەنگە بەڵام کاتێ تورکیا لە ڕووسیا نزیک دەبێتەوە و چەکی لێ دەکڕێ بیریان دەکەویتەوە کە نەتەوەیەک بە ناوی کورد لە تورکیا هەیە کە مافەکانی پێشێل کراوە.
    ئەمانە پێمان دەڵێن چەمکە ئەخلاقییەکان و بەتایبەت مافی مرۆڤ کە ئەم ڕۆژانە ئەوەندە باسیان لێ دەکرێت بۆ شیکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی گونجاو نین!

🆔 @mohosseinzadeh

3 months, 1 week ago

ئیسلامییەکان کتێبی پیرۆزی قورئان بە "حبل اللە" وەسف دەکەن: واعتصموا بحبل اللـه جمیعا ولا تفر قوا... دەست بە پەتی خوداوە بگرن [پەنا بۆ قورئان ببەن] و پەرتەوازە و دابەش مەبن [یەکڕیزی خۆتان بپارێزن].
لە گێڕانەوە و حەدیسەکاندا بە "حبل المتین" وەسف کراوە: دەڵێن قورئان ڕستە و تەنافێکی قایم، ڕۆشنایی، یارمەتیدەرێکی بەهێز و باشترین دەرمان و شەفادەرە.

ئەوەم وەک نموونە هێناوە کە بڵێم، "حبل المتین"ی سیاسەت بریتییە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. هەر نەتەوەیەک بتوانێت بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی پێناسە بکات و کۆدەنگییەک (نەک یەکدەنگی) سەبارەت بەو بەرژەوەندیانە لە نێو تاقم و گرووپ و حیزب جیاوازەکاندا بەدی بهێنێت بە ئەگەری زۆر دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی دابین بکات و دەستی بە باڵاترین ئامانجەکان بگات.
لەبەرامبەردا، نەتەوەیەک کە هیچ پێناسەیەک و دواتر کۆدەنگییەکی سەبارەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وەک قورئانی پیرۆزی شانۆی سیاسەت نەبێت، لە نێوخۆدا کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازەی دەبێت و لە دەرەوەی سنوورەکانی هیچ چرایەکی ڕێنوێنی بۆ سیاسەتکردن نابێت و زەحمەتە بە بچووکترین ئامانجەکانی خۆی بگات. کۆمەڵگەیەک کە کۆدەنگی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبێت، زەحمەتە بتوانێت پلان و بەرنامەیەکی توکمەش دابڕێژێت.؛ کە پلان و بەرنامەش نەبوو دەبێتە بەشێک لە پلان و بەرنامەی "ئەوانی تر". ئەوپەڕەکەی دەتوانێت بۆ کارەساتەکانی "ئەوانی تر" شیوەن و بۆ سەرکەوتنەکانیان ئاهەنگ بگێڕێت و سەرچۆپی بکێشێت!

تەنانەت ئەوەی کە لە کۆمەڵگەیەکدا شانۆی سیاسەت دەبێتە کارخانەی بەرهەمهێنانی ڕق و کینە و خۆشکاندن و جوێندان و دژایەتی و ناکۆکی و دووبەرەکی، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی کۆدەنگی لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان هەیە. ئاسایە لەو جۆرە کۆمەڵگانەدا کە حبل المتینێک نییە هەمووان بۆ ڕزگاری پەنجەی لێ قایم کەن، نەک هەر هەر گرووپ و حیزبە جیاوازەکان بگرە هەر تاکێک خۆی بە پێوەری بەرژەوەندییە گشتییەکان دادەنێت و دەکەوێتە ڕەجم و تەکفیری سیاسی!

? @mohosseinzadeh

3 months, 3 weeks ago

بەبۆچوونی من هەرکەس کوژرانی زیاتر لە ٤۰ هەزار خەڵکی فەلەستین لە ماوەی یەک ساڵدا تێکەڵ بەو شادی و خوشحاڵیە دەکات کە لە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و بە گشتی لاوازبوونی ئەوەی پێی دەوترێت بەرەی موقاومە کە بەشێکیان دەستیشیان هەبووە لە دژایەتی کورد و کوردکوژی هەیەتی، بیر لە دیوە ترسناکەکەی تری ئەو کوشت و کوشتارەی فەلەستینییەکان ناکاتەوە. تاکی کورد هەیە ڕەنگە توندتر لە جووەکان تێکڕا هەموو فەلەستینییەکانیش بە زبڵ و پۆخڵەوات ناو دەبات و تەنانەت ئەوەش ئەو کوشتارەی پێ باش نەبێ بە لایەنگری بەرەی موقاومە دەزانێت، بێ ئاگا لەوەی لە سیستەمی جیهانی دەوڵەت-تەوەردا هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتە بێ دەنگەکان بە زەحمەت وەک مرۆڤ سەیر دەکرێن. خۆ ئەوەش نییە بڵەی کورد وەک نەتەوە پرۆژە و سیاسەتێکی ڕوونی هەیە کە لانیکەم دڵخۆشە بە لەنێوچوونی فەلەستینییەکان جێبەجێ بکرێت! دیارە من لە ڕوانگەیەکی ئایینی و تەنانەت لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقیشەوە ناڵێم، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی پوختی سیاسییەوە پێم وایە دۆخی فەلەستینی ئێستا لانیکەم ئەو چوار وانە (یان وەبیرهێنانەوەیە) بۆ کورد تێدایە:

  1. لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەردا لە هەر کات و ساتێکدا ئەگەری ئوپەراسیۆنێکی کوشندە، خوێناوی و مەرگهێنەر  لە دژی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و تەفروتووناکردنیان هەیە. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت دەبێ لە دوورەدیمەندا ئەو تایبەتمەندییەی سیستەمی جیهانی وەک هەڕەشەیەکیش لەسەر خۆی ببینێت. هەر هیچ نەبێ یەکێک لە زەقترین گلەیی و گازەندەکانی ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەیە لانیکەم لە سەردەمی ئوپەراسیونی ئەنفالدا کەوتنە پەراوێزی بەرژەوەندی زلهێزەکان!

  2. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زۆربەی کاتەکان مافەکانی مرۆڤ دەکەونە پەراوێزی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتان. لەکۆتاییدا بەرژەوەندییەکانن کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دیاری دەکەن نەک مافەکانی مرۆڤ!

  3. شێوازەکانی جێبەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس جۆراوجۆرن، بەڵام نموونەی فەلەستین جارێکی تر سەلماندی دامەزراندنی دەوڵەت لە سەرەوەی هەموویان و گونجاوترینیانە. دەوڵەت کارامەترین و بەهێزترین کەرەسەی دەستەبەرکردن و گەرەنتیکردنی مانەوەی نەتەوەییە. لە چارەنووسی سوورپێستەکانی ئەمریکاوە تا چارەنووسی فەلەستینییەکان دەیان نموونەی تر هەن کە پێمان دەڵێن نەتەوەی بێ دەوڵەت بەردەوام مەترسی و هەڕەشەی پاکتاوکردنی لەسەرە.

٤.ئەگەر سیستەم و پێکهاتەی سیاسەتی جیهانی بە بنەما بگیرێت ، هیچ زەمانەتێک نییە ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان لە سات و کاتێکدا دەست بدەنە کۆمەڵکوژی کورد، سیستەمی نێونەتەوەیی و وڵاتانی زلهێز لەوەی زیاتر بۆ فەلەستینییەکانیان کرد بۆ کوردی بکەن. بۆیە هەمیشە باشە دەرفەت و هەڕەشەکان پێکەوە ببینرێن! سیاسەتی جیهانی هێشتا لەسەر چەرخی ڕابردوو دەگەڕێ!

? @mohosseinzadeh

4 months, 2 weeks ago

ئەمە پەیامی نێچیرڤان بارزانییە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و سڕینەوەی حەسەن نەسروڵا:

" به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سه‌ربازييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و به‌ئامانجگرتنى سه‌يد حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌ميندارى گشتيى حيزبوڵڵاى لوبنانى و ياوه‌رانى ده‌ڕوانين. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين... ئەم پێشهاتانه‌ مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە دروست دەکەن. هۆشداری دەدەین کە بەردەواميى ئه‌م دۆخه‌ تەنیا کارەسات و ماڵوێرانيی زیاتری بۆ هه‌موو لايه‌ك به‌بێ جياوازى لێ دەکەوێتەوە. بۆیە داوا لە هەمووان دەكه‌ين به‌ دانايى و دانبه‌خۆداگرتن، ڕێگه‌ له‌ تێکچوونی دۆخەکە بگرن و سەقامگیريی ناوچەکە بپارێزن.".

ئەمەش لە لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانییە دوای هێرشەکانی سوپای تیرۆریستی ڕژێم بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و شەهیدکردنی دەیان پێشمەرگە:

" بۆ هەرێمی کوردستان ناکرێت و نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکان، من دیسانەوە دەڵێم ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، ناکرێت هێزێکی چەکدار بە هەر ناوێک بێت لە هەرێمی کوردستان بن و لە هەرێمی کوردستانەوە بێنە نێو خاکی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە خاکی هەرێمی کوردستان، چ وڵاتیک ئەمە قبووڵ دەکات؟ بە کام یاسای نێودەوڵەتی ئەم شتە پەسندە؟".

جا هەر بەپێی ئەو لۆژیکەی خۆی بێت بە پێی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیش پەسەند نییە ڕێکخراوی حیزبوڵا لە خاکی لوبنانەوە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل و تەنانەت پایتەختەکەی و بە ئاسوودەیی پاڵی لێ بداتەوە. بەپێی ئەو لۆژیکەی بێت بەرامبەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیەتی دەبوایە ڕووی پەیامەکەی لە حیزبوڵا بوایت کە چیتر دەبێ پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

ئەو دووفاقییە هیچ، ئەوەی زیاتر جێی پرسیارە ئەوەیە چۆناوچۆن لە نێو بڕیاردەرانی هەرێمی کوردستاندا وا بیر دەکرێتەوە کە توانای "چێژ" و "چزی" ڕژێمی ئێران لە ئیسرائیل زیاترە؟ خۆ ئەوەندەی نیگەرانی لەو "حەرەکەیەی" ئیسرائیل لەو پەیامەدا دیارە لە پەیامەکەی خامنەییدا دیار نییە.

بێگومان مرۆڤ کە دراوسێی دێو و دێوەزمە بوو پێویستە یاسا و ڕێسای پێکەوەژیان لەگەڵ دێوێش فێر بێت. بەڵام ئەوەش ژیان نییە ڕۆژ نا ڕۆژێ لە ترسی دێو خۆت پیس کەی!

? @mohosseinzadeh

4 months, 2 weeks ago

ئاشتیی دێموکراتیانە

هەندێ لە بیرمەندانی سیاسەت دەڵێن وڵاتانی لیبراڵ- دێموکرات پێکەوە شەڕ ناکەن. هەڵبەت خۆیان دوو دەستەن: دەستەیەکیان دەڵێن دێموکراسییەکان لە سرووشتی خۆیاندا ئاشتیخوازن و هەمیشە بەو جۆرەن. دەستەیەکی تریان دەڵێن ئەو وڵاتانە تەنیا بەرامبەر باقی هاوتاکانی خۆیان (بەرامبەر دێموکراسییەکان) ئاشتیخوازن دەنا بەرامبەر وڵاتانی نادێموکرات جیاوازیەکی ئەوتۆیان نییە. ڕەنگە بەرامبەر وڵاتانی نادێموکرات شەڕخوازتریش بن چونکە دەیانەوێت بە بیانووی پەرەپێدان بە لیبرالیزم و دێموکراسی لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا دەستێوەردان بکەن و شەڕ هەڵگیرسێنن...

ڕۆژنامەی تیوار، ۲٦.۹.۲۲۰٤، لاپەڕەی ۳ ?

https://www.tiwarnews.net/ckb/newspaper

? @mohosseinzadeh

5 months ago

? ژەنەراڵ شەریف پاشا

د. فەرهاد پیربال

ساڵی 2001

بڵاوکراوەی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

? @mohosseinzadeh

6 months, 1 week ago

هەندێ لە میدیاکان و شارەزایان باس لەئەگەری ئۆپەراسیونی پێشدەستانە یان پێشوەختەی ئیسرائیل دەکەن و دەوترێت بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئیسرائیل سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو بژاردەیەن. مەبەست لە ئۆپەراسیون یان هێرشی پێشدەستانە چییە؟

چەمکگەلی ئۆپەراسیونی پێشدەستانە و پێشگیرانە ( ئەم دووانە تا ڕادەیەک لێک جیاوازان) دوای ڕووداوەکانی یازدەی سیپتەمبەر و هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق بە زۆری لە ئەدەبیاتی سیاسەت و هەروەها یاسای نێونەتەوەییدا بەکارهاتن. لەبنەڕەتدا ئەمریکا بە گەڕانەوە بۆ ئەو چەمکانە ڕەوایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە دەدا. جۆرج بۆش ڕایگەیاند "پێش ئەوەی هەڕەشەکان بە کردە جێبەجێ بکرێن، پێویستە ئەمریکا پووچەڵیان بکاتەوە". بەم پێیە ئۆپەراسیونی پێشدەستانە بە واتای هێرشکردن بۆ سەر دوژمنانە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوە و وشککردنی سەرچاوەی هەڕەشەکان.

ئەو ئەکتەرانەی کە ئۆپەراسیونی پێشدەستانە هەڵدەبژێرن و هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن [ بە وتەی خۆیان بەرگری پێشدەستانە) بڕوایان وایە کە هەڕەشە بۆ سەر ماڵ و گیان و وڵاتیان ڕاستەقینە و نزیکە و مۆڵەت و کات و دەرفەت بۆ وەڵامدانەوەیان کەمە بۆیە پێویستە بۆ پووچەڵکردنەوەی سەرچاوەی هەڕەشەکە دەستپێشخەری بکرێت. [بە پێچەوانەی ئۆپەراسیونی پێشگیرانە کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەری هەڕەشە هەیە بەڵام نزیک نییە و کات بۆ وەڵامدانەوە لەبەر دەستە].

لەم ڕوانگەوەیە کە هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە و پێش بینی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل بەم زووانە تەنانەت هێرشی زەمینی بکاتە سەر حیزبوڵا.

? @mohosseinzadeh

6 months, 1 week ago

تۆڵەکردنەوە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا مانای چییە؟

خوێندنەوەی دەوڵەتەکان بۆ سیاسەتی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە سیاسەتی نێونەتەوەیی گوڕەپانێکی ئانارشیکە. ئانارشیک بە واتای پاشاگەردانی و کارکردن بە یاسای دارستان نییە، بەڵکو بەو مانایە دێت کە بە پێچەواەی سیستەمی نێوخۆیی وڵاتان دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەکتەرەکان بوونی نییە. بۆیە دەوڵەتەکان ناچارن بۆ پاراستنی خۆیان زیاتر لە هەموو شتێک پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. بەمە دەوترێت "خۆیارمەتی" کە گرینگترین ستراتیژییە بۆ دابینکردنی ئاسایش. دەڵێم گرینگترین نەک تاکە ستراتیژی، چونکە چەندین ستراتیژی دیکە هەن (وەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ باقی ئەکتەرەکان)، بەڵام هیچیان هێندەی خۆیارمەتی بۆ پشت پێ بەستن نابن!

مادام هیچ دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان نییە کە پارێزەری ئاسایش و ئەمنییەتیان بێت و دادپەروەری جێبەجێ بکات و ئەکتەرەکان لە کاتی تەنگانەدا پەنای بۆ ببەن، زۆرینەی دەوڵەتەکان تۆڵەساندنەوە بە شێوازێکی گونجاوی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی دادپەروەری دەزانن. هەڵبەت تۆڵەکردنەوە بۆ چاوترسێنکردنیش باشە. دەوڵەتێک کە بسەلمێنێت توانای تۆڵەساندنەوەی هەیە ئەوا لەسەر بڕیاری باقی ئەکتەرەکان کاریگەری دادەنێت و لە دەستپێشخەری بۆ گورزوەشاندن پاشگەزیان دەکاتەوە.
بەم هۆکارانە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا بایەخێکی زۆر بە تۆڵەساندنەوە دەدرێت.

کۆماری ئیسلامی تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە دەکاتەوە؟

ئەگەر تۆڵە نەکاتەوە نائاساییە. هۆکار زۆرن کە کۆماری ئیسلامی ناچار بە تۆڵە ساندنەوە دەکەن. لێرەدا زۆر بە کورتی تەنیا ئاماژە بە  چوار هۆکار دەکەم:

  1. لەبەر لەدەست نەدانی متمانەی هاوپەیمانان و گرووپە میلیشیاکان: دەزانین کە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان "متمانەکردن" یەکێک لەو توخمانەیە کە ڕۆڵێکی یەکجار زۆر دەگێرێت. بە تایبەت بەهێزترین ئەکتەرەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکان ناچارن هاوپەیمانە بچووکترەکانیان لەوە دڵنیا بکەنەوە کە لە کاتی تەنگانەدا بەدەمیانەوە دەچن. لە حاڵەتێکی لەم جۆرەی ئێستادا کە هەموو هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی کاردانەوەی ئەو ڕژێمەن، ئەگەر بێتوو تۆڵە نەکاتەوە لەسەر متمانەی باقی هاوپەیمانان و  گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە کاریگەری دەبێت و ئەمەش لە درێژخایەندا بۆ نفوز و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا باش نابێت.

  2. ئابڕووکڕینەوە و پاراستنی پرستیژ: پێگە و پرێستیژ ڕۆڵێکی بەرچاو لە سیاسەتدا دەگڕێت. ڕەنگە بە ڕەواڵەت وا دەرکەوێ کە دەوڵەتەکان گرینگی پێ نادەن بەڵام لە ڕاستیدا هەندێ جار "پاراستنی پرێستیژ" هێندەی سەرچاوەکانی وزە و پرسی خاک بەستێنی شەڕ فەراهەم دەکات. لێدان لە سەرکردەی ئەکتەرێکی هاوپەیمان لە پایتەختی تاران لێدانە لە جێگە و پێگەی ئەو وڵاتە. بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی وای بۆ دەچن کە لەئەگەری تۆڵەنەکردنەوە جێگە و پێگەیان لە ئاستی نێونەتەوەیی زیاتر دادەبەزێت. ئەوەش مەترسی زۆری بە دواوەیە.

  3. سەلماندنی کارامەیی ستراتیژی چاوترسێنکردن:  کۆماری ئیسلامی و  ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی بەرپەرچدانەوە یان چاوترسێنکردنیان بەرامبەر یەکتر گرتووەتە بەر. سیاسەتی چاوترسێنکردن بە زمانێکی سادە بەو واتایە دێت کە هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بەرامبەرەکەی تێ بگەیەنێت کە لە ئەگەری دەستپێشخەری لە شەڕێکی هەمەلایەنە یان گورزوەشاندنی پێشدەستانەدا، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی تۆڵەیەکی جەرگبڕ بێت. بۆیە ئیسرائیل لە کاتی دامەزرانییەوە تا ئێستا هەوڵی داوە وەک تۆڵە و چاوترسێنکردنێک دەرگای ماڵی ئەوانە بشکێنێت کە بەردێکی بچووک دەگرنە پەنجەرەی ماڵەکەی. کۆماری ئیسلامیش هەموو هەوڵی ئەوەیە توانایەکی لەو جۆرە بنوێنێت؛ بەم هۆکارە تۆڵەنەکردنەوە نیشانەی لاوازییە!

  4. بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتیی و لایەنگرانی نێوخۆیی. ئەمەیان ڕوونە و پێویستی بە وردەکاری نییە.

ئێران چ جۆر تۆڵەیەک دەکاتەوە؟

بە هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی و کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو ئاستدا کە لەم کورتەیەدا جێی باس نین، ئەو ڕژێمە خوازیاری شەڕێکی هەمەلایەنە نییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دەست بۆ بژاردەیەک ببات کە وێرای ئەوەی هاوپەیمانانی دەرەکی و لایەنگرانی نێوخۆیی ڕازی بکات و کارامەیی سیاسەتی بەرپەرچدانەوە بسەلمێنێت، بەڵام ئەوەندەش نەبێت کە ئیسرائیل ناچار بە وەڵامێکی توندتر بکاتەوە و بە تایبەت ئەمریکاش ناچار بکات ڕاستەوخۆ بێتە نێو ململانێکەوە. ئەگەرنا دەبێ  پێش بینی شەڕی مان و نەمان بکات.

ئەگەری شەڕی هەمەلایەنە؟

تۆڵەساندنەوە بە واتای بڕیاردان بۆ شەڕی هەمەلایەنە نییە، بەڵام دەتوانێ دەرگاکان بە ڕووی شەڕێکی نەخوازراویشدا بکاتەوە. سیاسەت شانۆی ئەگەرەکانە و هەمیشە هەندێ توخمی چاوەڕواننەکراو ڕۆڵ دەگێڕن. بۆیە وڵاتان هەوڵ دەدەن لە پرسی تۆڵەکردنەوەدا زۆر بە وریایی بجووڵێنەوە. بەو حاڵەش، خۆشیان ناتوانن هەموو داهاتوو پێش بینی بکەن.

? @mohosseinzadeh

6 months, 2 weeks ago

یەکێک لەو بابەتانەی کە لە بواری سەربازی و بە تایبەت لە باسی توڵەسەندنەوە گرینگی پێ دەدرێت، وەڵامی هاوڕێژە و هاوتا یان وەڵامی گونجاوە. ئەمە هەم ئاماژەیە بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی گونجاو و هاوتا و هەم ڕێگایەکە بۆ ڕێگرکردن لە پەرەسەندنی ململانێ بۆ ئاستی شەڕێکی هەمەلایەنە. جگە لەوە وەڵامی گونجاو و سنووردار تا ڕادەیەکیش لە ڕووی یاساییەوە ڕەوایی پێ دەدرێت.

هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران باس لە تۆڵەکردنەوەی گونجاو لە ئیسرائیل دەکەن. هەندێکیان بە ئاشکرا دەڵێن پێوستە کەسێک لە ئاستی میوانە شەهیدەکەماندا [بە وتەی ئەوان] بکوژرێت. ئەمە دەکرێت وەک بژاردەیەکی کۆماری ئیسلامی و ئەگەرێک سەیر بکرێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەرپرسانی سەربازی و سیاسی کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا بەردەوام باسیان لە پەیوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و تەنانەت ئەوە وەک بیانوویەک بۆ مووشەکبارانی حیزبەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووە، هەر وەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێناچێت کۆماری ئیسلامی توانایی ئەوەی هەبێت یان لانیکەم خوازیاری ئەوە بێت بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بۆیە پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی بەرپرسانی باڵا بگرنە بەر. ئەمە ئەگەرە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت و هەموو شتێ ڕێی تێ دەچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لێدان لە کورد ڕەنگە کەم تێچووترین بژاردە بۆ کۆماری ئیسلامی بێت و دەرفەتی پڕۆپاگەندەی زۆریشی بۆ بڕەخسێنێت، پێویستە بە جدی وەربگیرێت.

وڵاتان بە چاوپۆشین لەوەی چۆن لێیان دەدرێت و گورزیان بەردەکەوێت، بیر لەوەش دەکەنەوە  کە چۆن دەتوانن لە جەرگەی قەیرانەکان دەرفەت بۆ خۆیان بخولقێنن. کۆماری ئیسلامی ئێستاکە ماری زامدار و بە دووی تۆڵەوەیە؛ ڕەنگە ئەوەندەی خوازیاری ئابڕوو سەندنەوە و ڕوو سپی کردنەوەی دەرەکی و قەناعەتهێنان بە لایەنگرانی ناوخۆییەوە بێت خوازیاری پەرەپێدان بە شەڕ و بوون بە لایەنێکی ڕاستەوخۆی شەڕەکە نەبێت.

? @mohosseinzadeh

We recommend to visit

Contact Us: @HVBook

Last updated 6 days, 16 hours ago

❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
‌.
.
‌تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H

Last updated 1 week, 2 days ago

?? ? ??

WE LOVE HELICOPTERS!!!

Last updated 8 months, 3 weeks ago