❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
.
.
تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H
Last updated 1 month, 2 weeks ago
ئەو خەونانە دانابەزن
( بۆ خوسرەوی میرزایی )
خەونەکانت بۆ ئاو بگێڕەوە
با هێلانە نەکا کوندێک
کە هاوتای کابووسه
وێڕای باران دەگەڵ گرمەی هەورێک
بە فلاشی هەوره تریشقه
وێنەیەکم گەرەکە
بە خۆت و بزەیەک کە بیهاوێیه سەر شانی کانی
له ڕەنگەکان دڕدۆنگ مەبه
بەڵینیم پێبدە پەپوولەش بکێشێوە
کە خەندەی له شەقامی کاشانیدا
هەمووی ورمێی دەهێنا سەما
تۆ گوڵێکت له گوڵدانەکانی ئیالەت بۆن دەکرد
ئەو دەستەکانی دەبوونە دار
له پێش پەنجەرەی کافیشاپەکان
سڵاوی شنەیان بۆ کورسییەکان دەنارد
پایز له بلواری وەلفەجردا
بە پێیاسه مژێکی قووڵی له جگەرە دەدا
بە هەوای بارانە تەڕ دەبوو
ڕاوێژی قسەکان کە بێ چەتر تێکەڵی گەشکە دەبوون
خەونەکانت بۆ با بگێڕەوە
گەڵا گەڵا بوەرێ تۆزی تەنیاییان
گەڤی ئەو دۆژەهە لەبەر کەن و
ڕووت بنەوە له کۆچی پاساری
بە گەلاوێژی قەڵاتۆکدا دەخولێمەوە
هاوشێوەی کۆترێکی بێ دوانە
ڕەنگی بزەی ئێوارانی قەترەکانی
به گەڵای هەموو دارێکدا جەقەرەی کردووە
من سەر وە گالێری گووشێکەم دەکەم
له دەورووپشتی خەونەکانت
ماڵێک بە دیواری شووشەبەند، بە پەنجەرەی هەتاو و بە دەرگای کانیاو ڕۆ بنێ
کاتێک ئەستێره هات با سەرخەوێک بشکێنێ و
ڕووناکیش نەبێتە کەوێکی ڕەوەک
کە بەهار هات دەبێ هەڵم و
له هەورەکان میوان دەبی
هەر کە باران باری
تنۆکەی گێلاسێک بەرەو کۆیکان ڕکێش دەکەی
کێلێک له سەر وێنەی بزە دەشۆیەوە
بە گادەرەوە دەتناسمەوە
تاوی هەنگاوت خووی شەپۆلەکانی گرتووە
دەستەکانت دەستاوێکان دڵۆڤانی وەبەر کەوتووە
مەندن چاوەکانت
وردە خیزی سەرچاوەیان کۆ وەکردووە
بەردەنووسەکان زمانی زگماکیمن
بەردەنووسەکان دەدوێنم کە زمانی زگماکیمن
هەموو ساڵێ کە نەورۆز دادێ
دەگەڵ تنۆکەی بەفراوەکان
له چیاوە دەژێتەوە
جەستەی لاپەڕەکانی مێرگ و ڕووبار
ڕەشنووس دەکا بە رستەکانی
زمانێک دەئاخوێم
با باران پێبزانێ بە پیتەکانی
کە ناشۆردرێتەوە له هیچ ڕێژنەیەکدا
بە هەتاوی کەشکۆڵەکاندا تاو دەدەم
ڕێچکەی تیشکێک دەگرمە بەر
له بەر ڕووناکایی وشەکانیدا
بە قەوارەی مێژوودا دادەگەڕێم
کە پێم دەڵێن:
بخوێنەوە بە نێوی ئەو پەروەرەندەیەی
له کەنار هەر کانیاوێ ، لە نێو هەر ئەشکەوتێ
شتڵێکی له پیت ڕواند
هەتا باڵندە بە زمانی خۆی بۆ هێلانە بچڕێ
دەبمە ئاودەنگی سواڵەتەکان
پرسیاریان لێدەکەم بەو رستانەی
کە ڕۆژێک کۆترێک هات و فێری کردم
کوتی ئەزبەرم کە
با سوجدە بەرن با و بۆران
ناسڕێتەوە سینگی زناران لە گۆرانی ڕەسەنی نیشتمان
لاپەڕەکانی ئەشکەوتێک هەڵدەدەمەوە
دەنگێک له غەیبی چیاوە گڕم دەدا
سوێند بەو دیوارانەی کە نووسراون
بەردمان خولقاند
هەتا قایەتی باڵندەکان بۆ دارستان بنووسنەوە
له ئێوارەی خواکانی کانی میوان دەبم
لە شۆڕە شۆری دەنگیان دەبمە کووزەڵە
وێڕای ڕووبار دادەگڕێم
بە ڕەوایەتی ماسییەکاندا دایکم دەبینمەوە
کە ون نابێ له هیچ وشەیەکمدا و
ئێستاش هەروا لانکێکی پێیە و
مەمکەکانی بە زمانم وەدەنێ نەکا ئیشک بن له لایلایه
بابم بزمارێکی هەڵگرتووە
ساڵ بە ساڵ نۆژەنی دەکات بە لیمی کوێستان
وێڕای تەپشۆیەک دادەتاشێ له تاشەبەرد
پەیکەرەی ئەو وشانەی
باران له سەرەتای تەمەنی هەوردا فرچکی پێگرتبوون
بە زمانی زگماکیی ڕووبار دەدوێم
کە ژیاوە له نێو قایەتی چیادا
بە بەسەرهاتی بەیتێکدا تێدەپەڕم
دەگەڵ ئەفسانەکانیدا دەبمە سوارێک
ڕەوەزاوڕەوەز بۆ بەردەکانی دەگێڕمەوە و
باڵندە ون نەکا ڕەسەنیی هێلانە
ئیماژی ئەو شێعره له گالێری ئەستێره وەرگیراوە
بە ئەستێره بڵێن تاوێک بوەستێ
ڕێگا هەتڵە نەکەم له نێو دێڕەکانی سبەینێ
به مانگ بڵێن با پشوویەک بدا
له وێنەی نێو گۆلاوەکان رێچکەی ماسییەکان بدۆزمەوە
بە برینەکانی کچێکدا دەبمە گەرا
ژانی بسکەکانی دەهۆنمەوە
هاوتای ئێوارەیەکی شەکەت
مەیلی ماڵئاوایی خۆر نانێم له سەر بستووی چاوەکانی
ئاڵبۆمێکم گەرەکە
وێنەی تەنیاییەکانی بزەت هەڵدەمەوە
له پشت لەنجەی مژۆڵەکانت شلێرە ڕوابن
خۆت خوار کردبێتەوە و
ڕووبارێک به کراست خەنی بێ
شنەی دەنگت با بلاوێنێ پەپوولەکان
ئارام بێتەوە هەوێزی ئەو ئێوارەیه
هەتا چیا تێهەڵبم و
دەسکێک ئەستێرە ڕووناک کەن لەپی دەستم
له داوێنی گەرنت کوتێک ئۆقرەم دەوێ
با بیکەمە جامانەی ئەستۆی هەرچی کانیاوە
کوتێک کە بەرگەی ڕەشەبای ئەو شەقامانە بگرێ
بە دەنگی حەیران بانگت دەکەم
کە کچ لە دێڕەکانیدا دەشەکێتەوە
شەماڵێکم دەوێ هەڵیکاتێ و
هەوار بە هەوار بەتاڵی ڕۆمرکێ له ئەفسانەیدا
بە پێی شەپۆلەکانی ڕووبار لێت دەڕوانم
کە ون ناکەن ئوستوورەی زەریا
بێت و شەویش دابێ
بە سەمای ماسییەکان سەرخۆش دەبم
بە سیلەی بیرەوەرییەکانی هەتاو
سێوێک له گالێری باغ دەڕنم
با تامێکی سوور
نەدۆڕێ له پەنجەی ئێواراندا
ڕازی شەبەقی ئەستێرە
له تاریکی بپرسن کە پەرژینە بە دەوری بسکەکانتدا
خەرمانەی چاوەکانت
شەو و شێعر و هەرچی ئیماژە دەلاوێنێ
کاتژمێر لە یەک لایداوە
ئێوەش یەکتر لە ئامێز وەرێنن
ئەگەر بەفر بوو
له دریژەی شێعرەکەدا دوازدە کاتژمێر له سەرەتای ڕۆژێک تا نیوەڕۆ وەک دوازدە هەنگا و دوازدە سوارە و هەر یەک بە پەیامێک وێنا کراون و سەرجەم ئیماژێکی دوازدە ئیسلایدی بۆ گەیشتن بە کاتی گونجاو پێشاندراوە.
هەنگاوی یەکەم، پێکەوەبوون و یەکانگیری هەموو لایەنەکانە بۆ گەرم بوونەوە و دەرباز بوون له سەخڵەتی لێکدابڕان.
کاتژمێر دوو ببنە ئاواڵدوانەی جوانیی
هەر کەس مانگێک بە دەستەوە
بەر پێی کات رووناک داگيڕێ.
هەنگاوی دووەمی ئەو شەوڕەوی و دڕدان بە هێزی تاریکییه، باوەش کردنەوەیه بۆ بەخشنەدەیی و دڵۆڤانی؛ مانگ ڕەمزی ئەو کەسانەیە نوور و ڕووناکی دەبەخشن و چ شت بۆ خۆیان ڕاناگرن. کەواتا هەنگاوی دووەم بۆ گەیشتن بە دەرەنجام خۆبەخشی و خۆنەویستییه.
کە زەمان لە سێ ترازا
وێکڕا بڵێن سێدارەکان دەسڕینەوە
لە دەفتەرمان.
هەنگاوی سێهەم بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکان، بوێری و چاونەترس بوونە له هەمبەر ماکەکانی مەرگ و نەمان کە وەک سێداره پێناسه کراون.
سەعاتی چوار
هەموو بگەنە چوارڕێیەک
کە چوار چرای سوور خەریکن
گۆرانییەکی سەوز دەڵێن
بۆ رێبوارانی پاییزیی دونیا.
له هەنگاوی چوارەمدا، ژمارەی چوار وەک سەمبول زەقکراوەتەوە؛ واتا گرینگە له هەر چوار لاوە بە دەستکەوتی چوار چرا، یەکگرتوویی ساز کەن و ئاڵای ڕەنگەکان هەڵکەن هەتا هەموو گەلانی کەمتەرخەمی دنیا پێبزانن و دانی پێدانێن.
کە پێنج سەعات کووژاوە لە رۆژی تازە
پەنجەرەی ماڵەکانتان روو بە تاو
رووت کەنەوە
رووناکی؛ مەحڕەمی هەناوی هەمووانە.
هەنگاوی پێنجەم، دەستپێکی ڕووناکی ڕۆژێکی نوێیە، کرانەوەی پەنجەرە یانی دیتنی ئاسۆکانی هیوا و دەستەمۆ کردنی ڕازی ڕووناکی.
لە سەعات شەش دا پشوویەک بدەن بە تەنیایی
بە نێو ئامێزی یەکدا تێپەڕن
بڕواننە خوێنی سووری ساتەکانی یەکتر و
بزەیەک بگرن
با شەکەتی راببوورێ
لە ئاوەدانی ئێستاتان.
هەنگاوی شەشەم کە هەنگاوی نێونجییە، ساتێکە بۆ ڕاوەستان و خوردبوونەوە له درێژەی ڕێگا، پێویستە پشوویەک بدرێ، هەناسەیەک زیندوو کرێتەوە و دەوام بە پێوان بدرێ ئەویش به بایەخدانان بۆ چارەنووسی ژیان و مانەوەی هەموو ئەو ڕێبوارانەی ڕێگایان گرتۆتەبەر ( خوێنی سووری ساتەکانی یەکتر)
کات لە حەوت تێدەپەڕێ
ئەگەر حەوتەوانەی نیشتمانی یەک بن
باکوور نیشان یەکتر بدەن
با باشووریش خۆی دەرکەوێ
لە سیمای وشەکانتاندا
رۆژهەڵات پێک بناسێنن
با رۆژتان لەئاوابوون دا دیمەنێک بێ،
لە گوێن زەیتوون.
له هەنگاوی حەوتەمدا، دێسان بانگەوازێک بۆ کارناواڵی یەکگرتوویی و پێکەوە بوون سازکراوە. زەیتوون هەوێتی ڕۆژئاوا دەگەیێنی کە بەشێکە لە نیشتمان و پێویستی بە چاوەدێری هەموو لایەنێک هەیه.
زەمان هەشتەمین هەنگاوی ناوە و
ئێوە جوغڕافیای برینی خۆتان دەپێون
سێکانسی هەشتەمی ئەو دیمەنە، وەژوورکەوتن له هەموو زامەکانی ئەو جوغرافیایەیە کە درێژترن له درێژایی مێژوو و قوڵترن له قووڵایی زەریا.
کات نۆ جار خولی خواردووە
لەگەڵ نۆیەمین خولی سەرمەستیی ئێوە
له هەنگاوی نۆیەمدا، وشیاری تووشی مەستی و ناوشیاری دەبێ و ئەوەش کینایەیه له پێشاندانی خۆشی و شادی بە مەبەستی نزیک بوونەوە له ئامانج.(خولی سەرمەستی خواردن)
لە دەیەمین کاتی رۆژدا
دەست لە بسکی یەکتر بخەن
هەم شەوی یەکتر بدۆزن
هەم رووناکی پەنجەکانتان بناسێنن بە تاریکی
هەنگاوی دەیەم، شەڕی نێوان تاریکی و ڕووناکییه، پێویستە رووناکی پەنجەکان واتا دەستی بەهێزی پێکەوە بوون و پڕ له تەبایی، تاریکی تاریکپەرستان بتارێنێ.
کاتتان نزیکەو یازدەیە
وەک نزیک بوونەوەی شەوێک
لە تاریک و روونی سبەی
وەک دوایی هاتنی تەمەنی پەیکەرێک
کە بە زۆری
لە فەلەکەی شار شین بووە
هەنگاوی یازدەهەم هەنگاوی پێش کۆتایی و هەنگاوێک پێش گەیشتن بە ئامانجە. ئەو هەنگاوە شوبهێندراوە بە نزیک بوونەوەی شەوی بێبەشێکان له ڕوونی سبەی ئاواتەکان و دوایی هاتنی تەمەنی دیکتاتۆر کە له وێنەی پەیکەرێک له گۆڕەپانی شاردا وەسف کراوە.
کاتژمێر دوازدەی تەواوە
خوێنەرانی ئازیزم نیوەڕۆتان باش!
تکایە گوێ بۆ هەواڵی نیگای یەکتر راگرن
کە خۆر سەردێڕی هەمووانە
تکایە وەرنە ناوەندی ئەو شێعرەوە بە سەوزایی
ئەوە سەرەتای رووناکی رێپێوانە
بەرەو سبەی.
هەنگاوی دوازدەیەم، دوا وێستگەیه. گەیشتن به خۆری ئومید و ئاواتەکانە. خۆری سەرکەوتن به گەلەکۆمەکی هەمووان پێکهاتووە و سەرەتایەکی هیوابەخشی بۆ مێژوویەکی دوور و درێژ نواندووە.
سەرچاوە: کاناڵی تێلگرامی مامۆستا یوونس ڕەزایی
@younesrazaie
خوێندنەوەیەکی مانا تەوەر بۆ شێعری "دوازدە و زۆر شتی دیکەش" له هۆنینەوەی مامۆستا یوونس ڕەزایی
بە پێی قسەکانی مەلێک
باڵ؛ بەشێک لە تەنیاییە
ئەگەر واتایەک بۆ ئاسمان نەبیننەوە
لەو بەشەدا، مەل دەکرێ خوازەی کەسێکی ڕەها، ئازاد و بە ئەزموون بێ و باڵیش دەلالەت بکا لەو کەرەستانە کە بۆ قۆزتنەوەی دەرفەتی بە ئامانج گەیشتن کەڵکیان لێوەربگیرێ. بێتوو واتایەک و مانایک بۆ خۆدۆزینەوە له ئاسمانی دەرفەتەکان نەدۆزرێتەوە، ئەو کەرەستە و ئیمکانانە کە وەک باڵ پێناسەیان بۆ کراوە چ دەردێک چارەسەر ناکەن و تووشی پووچەڵی و تەنیایی ( واتا لە کارکەوتوو) دەبن.
هەڵفڕین؛ شەکەت بوونە لەدوای هیچ
گەر لە دوورەدەست
نەخشەی هێلانەیەک نەزانن.
هێلانە، ئامانج و ئاواتەکانن؛ هەموو ئامانجێک بۆ مسۆگەر بوون پێویستی بە نەخشەڕێگایەک هەیه. کەواتا هەڵفڕین کە دەربازبوونە له دۆخی هیچیدا بۆ دۆخ و قۆناخی دەستکەوتەکان پێویستە دوورنواڕی و دواڕۆژبینی تێدا بێ و بۆ وەیکە مایەپووچ و شەکەت نەبێ نەخشەی شوێنی مەبەستی گەرەکە.
بە پێی وتەکانی رووبارێکی سەرخۆش
کۆتایی هەموو سەفەرێک
بێتوو هەرێمی دەریاکان نەبێ
وەستان، باشترین بڕیارە.
ڕووبار نیشانە و سەمبولی حەرەکەت و ڕۆیشتوون و ڕێگاپێوانی وشیارانەیە. ئەو ڕووبارەی سەفەری شاری زەریای گرتۆتە بەر واتا پێشاندەری بزاڤێکە بۆ گەیشتن بە ئاوات و خولیاکان. بێتوو ئەو بزاڤ و جووڵەیه هۆن و خەونی بە ئاکام گەیشتنی تێدا نەبێ، وەستانی له نەوەستانی بایەخدارتره.
گەر هەنگاوی تەڕی باران
نەگاتە تۆفانێک لەو بەری دوورگەکان
هەواڵی وشکەساڵ بە دوور مەزانن لە کات دا.
باران وەک ماکەیەکی سرووشتی واتای ژیانەوە و زیندوو بوونەوە دەگەیێنێ، پێشاندەری سەرهەڵدانی دەرفەتێکە بۆ ژیانێکی بەهاداری نەتەوەیی. ئەگەر تێکەڵ به تۆفان، کە خوازەیە له خرۆش و هەستی بەکۆمەڵی گەلێک، نەبێ ئەوە کات و دەرفەت لە کیس دەچێ و وشکەساڵی و مایەپووچی لێدەکەوێتەوە.
رووبارێک دەزانم
باڵەکانی بە من دەبەخشێ
هەم ئاسمانی پێ دەگەڕێم
هەم پێی دەبمە
بەشێک لە چارەنووسی ئوقیانووس
ڕووبار لێرەدا نمادی بەخشەندەیی و دەهەندەیی دەنوێنێ؛ له زمانی ئاساییدا شەپۆل مڵکی ڕووبارە کەچی زمانی بەلاغی شێعر، باڵی بە ڕووبار داوە و ئەویش دەیبەخشێتە منی شێعری واتا شاعیر، هەتا هەم ئاسمان ( باڵا نوێنی ئاواتەکان) بگەرێ و هەمژی تێکەڵ بە شازەریا ( رووبەری ئامانجەکان) بێت.
بە پێی قسەکانی ژنێک
کە بۆخۆی ببووە پاساری
هەر کەس خەون نەبینێ بەو دیوی دیوارەکانەوە
مانای جوانی نەزانیوە.
مەرجی گەیشتن بە مانای جوانی و گەیشتن بە مرادی حاسل بوو، دەرباز بوون له دیوار و بەربەستەکانە. کەواتا واقیع له رۆیاوە دەستپێدەکا و ڕازی گەیشتن بە جوانی و حەز و هیواکان ڕووخاندنی هەمووی ئەو بەربەستانەیه کە تەنگ بە نەوەستان هەڵدێنێ.
خەون ببینن
ئەی ئەوانەی بە قەراغ سبەینێوە
نوستوون.
بەردەنگی ئەوجارەی شێعر له دەرەوەی دەقدایە و هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە هەلیان بە دەستەوەیە و پێویستە بیقۆزنەوە. سبەینێ بریتییه له دواڕۆژ و ئایندە، خەون دیتن کینایەیه له هەبوونی نەخشە و ڕێگاچارە. کەواتا شاعیر بەردەنگی شیعری ئاگادار دەکاتەوە تا له سەر هەست بێ و دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئامانج له دەست نەدا.
باڵ دەربکەن
وەک دار
کە دیسان لەخۆیەوە پەرەدەستێنێ.
بە پێی قسەی شەقام دەرفەتەکان ببژێرن
بۆ مامۆستا فەتاح ئەمیری و ساڵانێک شکۆی داهێنان
له سەر تەرەغەی نیشتماندا، سوارێک راوەستاوە باڵای پێنووسی تا قەڵافەتی هەموو لاپەڕەکانی مێژوو بەرز و بەرزتر دەنوێنێ. وشەکان له قامووسی زمانێکی هەناسەسارددا چارۆکەی هەواڵێکی ساردیان پۆشیوە، چاوەڕێن دەستێک لە ناخەوە بیانژێنێتەوە و ببنە شاباڵی رستەیەکی بێئۆقرە.
له چیاکانی بۆکان، سوارێک تەقڵەکوت داگەڕاوە، ڕێگای مانگەشەوێکی ئەو بەفرانباره دەبڕێ، "میرزا" گەڕاوەتەوە پشووسوار ڕەشمەی ئەسپێکی شێی گرتۆتە دەست. ئەوشۆ میوانی تەرەغەیە و له سەر سنگی زناران دڵەڕاوکەی پرووشەی زستانێکی سەخڵەتی دایدەگرێ.
دەنگی شمشاڵێک بێدەنگی شەو دەشکێنێ، ئەستێرە یەک یەک به ئاسمانەوە هەڵگڕان، "یاره" قووڵایی هەناسەی کردۆتە دەنگ و بە گوێچکەی وڵاتدا دەژەنێ. کچێک خۆی بە تاریکی شەودا کردووە و ڕوخساری هەموو تارماییەک شەق دەکا. بارگەی فرمێسک له چاوەکانی "خەزاڵ"دا رێچکەی کۆچیان گرتۆتە بەر و کاروان کاروان له بەژنی بۆکان دەهاڵێن.
"سۆفی" هەناسەکانی پەشۆکاون، به نەرمە کۆخەی ژیانێکی بەساڵاچوو هێور هێور لاپەڕەکانی میرزا دەپێوێ، چاوەکانی پێلووی خەمێکی قووڵیان تێخزاوە و لێوەکانی بە گریانێکی ساماڵدا وەلەرزه کەوتوون. هاتووە ئەوشۆ له خودانەکەی میوان بێ و بۆ دوایین ماڵئاوایی دیدارێک دەگەڵ هەتاو نوێ کاتەوە.
کۆڵانێک له باوەشی هاوارەبەرەدا ئاوپڕژێن کراوە، دەڵێن سوارێک هەڵی کوتاوەتە سەر سەفەرێکی دوور و درێژ، ڕێگای هەوارێکی گرتۆتەبەر تا چاو هەتەر دەکا دلڕفێن، جامێک ئاو و جامانەیەک دڵۆڤانی له سەر دەستەکانی "یایناز" چاوەڕێن هەنگاوی ڕووناکی بەرەو بەیان بەڕێکەن و له باوەشی سبەیدا خۆر بکەن بە ملوانکەی هەمیشەیی ئەو خاکە.
زیندەخەو، خەو له چاوەکانی "ئازاد" دەزڕێنێ، شەقامە و شەقام داگەڕاوە. ئەستێرەیەک بە شاردا دەگەڕێ. له هەموو پەنجەرەکان دەڕوانێ، شەو ڕاکشاوە و بسکەکانی "مەلی" بێناز بە سەر شانی بەیاندا هەڵکرووشماون.
نیشتمان له گێژەڵووکەی هەواڵێکدا دەخولێتەوە، کاس و گێژ ئارامی لێدەبڕێ. باوەشێک وشە ماون له کێڵگەی ڕۆمانێکی ئەوینداردا، دەبا بۆ دواجار دەستیان درابایە و شکۆی ئاواتێکیان لێ بەدیهاتبا کە قەتیس ماوە ده قەفەسەکانی مێژوودا.
خەم و خەیاڵی ئەو زامە دامدەگرێ، له سەر بستووی ئێوارەی ئەم بەفرانبارهدا چاو دە باغەکانی بۆکان دەبڕم، ڕازی هەموو لاپەڕەکانی ڕۆمانێک بە ئەوینەکانێوە بەسەر دەکەمەوە. بست بە بستی ئەو وێنانە پیاسە دەکەم کە ژوانگە بوون بۆ شەوڕاوی چێژێک له هەڕەتی پێکەوە ژیاندا.
مانەوەت ڕازێکە توانای کۆچی نییه، ئەوەیه ئەوینی وڵاتی پێنووس و وێژه.
بۆ ئەو پیاوەی باران سەفەری بوو
له هەوردا هەنگاوت دەیگرماند
ئەو کات خاک
گوڵێکی
بۆ یادی باران دەکێشاوە
شەپۆلێک تا موناجاتی زەریا
دەنکە دەنکە پڕیشکەکانی
تەلیلەی ئاویان
بە دەستەکانتدا دەچاندەوە
بۆ ژوانی ڕووبار
له هەنووکەی باغدا
بە کاتی ڕوومەتی گەڵا
ئاونگی چڵێک له تەنیایی نیگات
دەکردە دەستنوێژی هەموو فەڕزەکانی سبەی
تۆ له موناجاتی پەپووله چڕۆت دەدا
له زیکری ئەستێرەیەک ڕووناکیت دەچاند و
بە دەم قامەتی هەور، بارانت دەباراندە وەرزی سوجدەکان
پیاوێک بە ئەوینی دێراوەکانی مێژوودا
بڕکەی ئاواتی بە دەستاوی ڕووناکی دەدێرا
بزەکانت بۆنی شەمامە دەدەن
کاتێک وێنەی ئاڵبۆمەکانی بەهارت هەڵدەدەمەوە
کە سوارێک بووی لە ڕەوەزەکانی نیشتمان
له مابەینی تنۆکەی کەوییەکی بەساڵاچوو و
قاسپەی سووری کەوێک
فرمێسکێکت له چیا دەگێڕاوە
کە واژۆی برینێک بوو له جەستەی باوەڕت
دادەبارێ له داری باڵات پەلکەکانی هەناسه
رێبوارێکی دەستەمۆیه به پێدەشتی ڕوومەتت
پەپوولەی فرمێسک کە ئێستاکەی شەو
له لێدانی باڵیدا دەچەمێتەوە
با دار بە سەر ڕابردووی هەموو چڵەکانیدا دامرکێ
له ڕەوایەتی ڕیشاژوێی خاکدا بحەجمێ
بە ئایەتەکانی ئاودا تەفسیرێک بێ بۆ سەخڵەتی
وەرزێکت له هەڵاڵە دەگێڕاوە کە هەتاو دەیدێرا
ساڵێک شەرتی پەڕیبوو لە بەستەڵەکی تاریکیدا
پاڵ وە تۆنی دەنگت دەدەم
کە ڕووناکترە له شەپۆلەکانی کانی
له نیگاتدا پەڵەی داوە هەوری توانەوەم
له سەر ڕیتمی باران
هەنگاوەکانت دەژمێرم و ڕێگات باڵا دەگرێ
نێت نییه گەلۆ
مەسێج دەکەم خەمەکانت
تۆ ڕایەڵەی مەجازیم به
خەمەکانت کە به کاتی یووتیووبەوە
سەردەمانێک ئاڵۆز
ڕۆژت لە کاتی ئاوابووندا
پشت به فورات
چەند بێ تین
هەواڵەکان له گۆڕەپانی
مێدیای شەپۆلەکانی ناوەڕاستدا
سانسۆر دەکرێن هەڤاڵ !!!
ئێرە ئیزگەی لەرزۆکی ناتۆیه
بە دەنگی پۆتینەکانی
ژێنێڕاڵە چاو سوورەکان
خەت نادا هاوڕێ
سنوورەکانی بێ ناسنامە شەرمێونن
له ڕاست بسکی بەندکراوی
کچانی هەتیو له شایی و ڕەشبەڵەک و گۆرانی
با ئەو بەستەڵەکە توویت کەم باوان
بەشقەم دیسان شنە ڕاسپاردە بێ
ئەویش له مابەینی دوو چۆمدا
باڵات هێشتاش ئەشکەوتێکە
لە نێو ئایەتی سواڵەتە کەوناراکاندا
ئاگادار بە له بێ کەسی ئەم توویتە
چاوەڕوان مەمێنەوە
فیلتێر کراون
مەسێجەکانی
هەرێمی ئەو ڕووبارانەی
دوورن له دەریا
"ناونیشانی رێبوارێکی ڕەوایەت تەوەر"
کە هاتی من ببینی
له پێدەشتی کارمامزێکی کوژراودا
خەریکم کایه به دێڕەکانی ئاگر دەکەم
ئەگە ویستت بزانی
چەند هەنگاوم ماوە تا خۆرەتاو؟
له باڵای چیای ئاگرێوە
میوانی تۆنەکانی تاڕێک به
کە پێش جەوهەر سێزار
خۆیان هەڵدەداشت
له ئازارەکانی ئیستامبووڵدا
ڕازێک له باڵای دار
پایزی ڕەزبەرێک دەوەرێنێ و
من له گرێیەک توند دەبم و
پیتی هەموو وشەکانی وەک:
گۆڕ و شار دەمشارنەوە و
بۆ تەنیاییەکانی ئازاد
وێڕای ماسییە بچکۆلانەکان ڕادەچلەکێم
بۆ واز له بەسەرهاتی فەیلییەک ناهێنن؟
کە پڕە له زیندانێک
هەرچی دیوارێتی بیابانێکە
دمهەراشانە
دمەلاسکەی پەنجەره دەکا
هەنارێک بشکێنن
دەنکەکانی، دواهەمین زامی باڵندەن
کە قەفەس
ئاڵەکۆکی هەموو وەرزێتی و
بێسەر و بێشوێن
دەمبیننەوە له لوتکەی
چیایەکی بەتاڵ له نیشتمان
دەنا شوێن ئەسپێک بگرن
باری وشەیه
کە پرسیان چەندە ڕەسەنن؟
دەڵێم بۆنی تەرەغەیان لێدێ و
له شەقامەکانی بۆکانڕا
من وێڕای ئاوێنەیەک
تێر تێر دەحیلکێنم
دەنا ئەوەتا بە دەم
باوە هەناسەم رێبوارێکە
له ڕەوەزەکانی ئاڕبابا
گەڵا گەڵا دادەبارێ
له غەڵفی دار توویەکدا و
دەبمە بەسەرهاتی لاسێک
با خاڵە نایەر هەموو هەینییان
بۆ خانزادێک بمکات بە بەیت و
هیچ دارێک شک نەبەم
و هەریاد وەرزەکانی شنۆ
دەگەڵ باڵندە کۆچەرییەکانی
بەنداوی چەپەراوێ بسەبرێ
گومان مەکەن له بەسەرهاتی گەڵا
کە ڕەزێک چاوی دە پایز دەبڕی
خۆشنووسێکم دەخوێندەوە
پیتەکانی خولیای ئارکاییکیان دەنووسێوە
خەیاڵی دەستنووسەکانی هەموو میرنشینێک
دامدەگرێ و چەندە غەریبە ئەو سوارەی
لە کاولەکانی مێژووڕا هەناسەسارد
بسکی کچێک له نەبوووە ڕایدەکێشێ
ناونیشانی ئاوارەییم پەڵە هەورێکە
کە باران بن دەمناسنەوە
هەڵبەت ئەگە سنوورێک
پارچە نەکا لەشی ئاسمانی باڵندە
بۆ یەک ساڵەیی هەریادی خۆشەویستم
له ئاسۆیەکی دوورەدەستەوە چاو له باڵای ڕەزبەر دەکەم. لک و پۆی پایزێک به دەمارەکانی باغدا شۆڕ بۆتەوە. ئاپۆرای جێژوانێک له هەور پڕ به باوەشی ئاسمان خرۆشاوە. پایز له ڕەزبەردا بسکی شۆڕەبییەک بەرامبەر ئاوێنەی ڕووبار دەهۆنێتەوە، هەنارێک پێدەکەنێ و لە سیلەی چاوی پەنجەرە بۆ کۆڵان دەڕوانێ.
کە ڕەزبەر هات شنۆ مزر دەبێ له سێو، کە ڕەزبەر هات گێوژ میوانی جێژوانی بارانە و کرۆسک تەنیایی دار دەوەرێنێ. توولەی ڕەزێک سینگی چیا دەخاتە چنگی و مەستانە بەستەی هەتاو دەیلەرێنێ. له سەر ئارامی کانی، گەڵا تا روحی نەرمە شەپۆلێک پشوو دەدات و نەرمەنەرمە بۆ رووبار گوێ هەڵدەخا.
له ڕەزبەری ساڵێکی مەیلە و بارانیدا، له نێو هەناسەی پایزێک تا بڵێی ڕازاوە، بە دەم باوێشکی بەیانییەک پڕ له سێو، دەنگێک ئاوەدانی بێدەنگی دەشکێنێ؛ سنووری تاریکی له یەکەم ڕووناکی نیگای چاوەکانتدا دەبەزێ و خۆر له سەفەری ڕۆژهەڵاتەوە کەلی چیا دەبڕێ و بە سەر ترووسکەی هەموو ئەستێرەیەکدا زاڵ دەبێ. باران هێشتاش دەستەملانی هەوره و تۆ لە هەناوی دیداری باران و خاکدا چاو هەڵدێنی و به پشکوتنی هەڵاڵە پێدەکەنی.
کە تۆ چاوت پشکوت، سێو قاقای کێشا، بێ، عەتری بە کراسی باغچەدا باراند، شۆڕە بی دەسرەی چۆپی له رەشبەڵەکی دارستاندا دەسووڕاند. کە تۆ خەندەت له پەنجەرەی شاردا میوان کرد شەو ڕاکشا، ئەژنۆی تاریکی شل بوو و هەر ئەستێرە بوون پۆل پۆل جێژوانی خەویان له چاو دەتاراند.
ساڵ سێزدە هەنگاو له رەزبەری ئەو پایزە دوور دەبۆوە، تۆ بزەی بوونت سێزدە هەنگاو له باوەشما دەشەکێتەوە، وڵاتێک ڕۆ دەنێی له ڕەنگی نیشتمان و قیداسەتێک له خۆشەویستیت سروودی هەموو بەربەیانێک دەنەخشێنێ. تۆ له باوەشی ڕەزبەرێکی پیرۆزدا چاوت بە قەڵافەتی باران ڕوون بۆوە.
من له تۆدا دەبمە پاپۆڕێک، گەشتێک به زەریاکاندا دەکەم؛ له بەندەری نیگاتدا لەنگەر دەگرم و له کەناری باوەشت دەگیرسێمەوە. بەڵێن بێ تا کۆتایی سەفەری ئەو زەریایانە هەموو ساڵێک له کاتژمێری ڕەزبەردا بە دابی نەورۆز دێمەوە و لک و پۆی گشت دارەکانی ئەو شاره بە گڕۆپی ئاگر دەڕازێنمەوە.
❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
.
.
تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H
Last updated 1 month, 2 weeks ago