شێعر و چیرۆکی حەسەن ڕەوش (پارێزەر)

Description
بۆ په یوەندی له گەڵ به ڕێوەبه ر

@hassan_ravesh2

پەیج لە ئینستاگڕام👇👇

https://instagram.com/hassan_ravesh?igshid=rer4fo7ge6k6
We recommend to visit

کانال فیلم

Last updated 1 year, 4 months ago

‌( اَلـفـبای تِکنولژے وَ ترفَنـد ) ‌

‌آمـوزش ، تـرفـند ، ابـزار‌ ‌‌ ‌

‌‌??? : @mobsec_ads

??? : @sudosup_bot

Last updated 3 months, 1 week ago

1 month, 3 weeks ago

بەناوی خوا

ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم، خەڵکی هونەردۆست و هۆگری زمان و وێژە، خوشکان و برایانی بەڕێزم.
خزمەتکردن بە گەل، کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، قوماشێک نییە بە باڵای هەمووکەسێک بدروێت.
بەدڵنیاییەوە هەرتاکێکیش ناتوانێت ئەو شانازییە بە قسمەت خۆی بکات.
من هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنم بۆ ئەنجومەنەکان و دانانی بناخەی ئەنجومەنی سەردەم و هاوڕێیەتی لەگەڵ دۆستانی ئەو ماڵە وێژەییە، قوبەی شانازی خزمەتم لە برۆک درا و بوومە خزمەتکارێکی ڕاستەقینە بۆ ماڵی فەرهەنگ، وێژە و هونەری کوردی و نەمتوانی بۆ چرکەساتێکیش شان لەبەر ئەرک و بەرپرسیارییەتی داخەم و مەیدانی ئەو خزمەتە گرینگەم چۆڵ نەکرد، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ شانم لە خزمەت خۆشتر دەبوون و هەنگاوم قایمتر.
دیارە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، پشتم لە کۆمەڵێک لە خۆشییەکانی ژیانی خۆم
کرد و ڕووی بەختەوەری کۆمەڵگە و ئامانجەکانی وێژەیی و فەرهەنگی ئەنجومەن و هاوڕێکانم بەلاوە گرینگتر بوو.
ئەگەر ئاوڕێک وەمێژوو و پێشینەی خۆمان بدەینەوە و جوان بیخوێنینەوە، هەموو ئەو کەسانەی خزمەتکاری ڕاستەقینەی خەڵک بوون، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی دەیان و سەدان ساڵ لە کۆچی دواییان، ناویان لە دڵی خەڵکدا ناسڕێتەوە.
من وەک خۆم ئەو شتەم هەر بەو خزمەتە کەمەی خۆم هەست پێ کرد؛ دیتم لە خولی سێیەمیش چەندە قەرزاری لوتفی بێبڕانەوەی ئەندامان بووم و چۆنیان پشتیوانی لێ کردم.
ئەو کەسەی بیهەوێت تێ بگات ئەوەندەی بەسە؛ منیش تێ گەیشتم و زانیم ڕێگەی خزمەت بە کام ڕێڕەوە دایە.
ئێستاش کە بەهۆی ڕەوتی ژیانی ئاسایی خۆم و ڕاپەڕاندنی هێندێک ئەرک و بەرپرسیارەتی، هەروەها نووسین و خوێندن، ناتوانم وەکوو جاران بە بەردەوامی لە خزمەتتاندابم، داوای لێبوورینم هەیە.
ئازیزانم لەو خولەدا، کۆمەڵێک لە دۆستان و مشوورخۆرانی ئەنجومەن قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیوە و گومانی تێدا نییە، ئەگەر پاڵپشتی و هاوکاری بکرێن، بەدڵێکی لیپاولیپی خزمەتەوە بڕیاریان دابێت، بەشێک لە خۆشییەکانی ژیانی خۆیان وەلا بنێن و ئێمەش پاڵپشتییان بین، دەتوانن زۆر چاکتر لە جاران هەنگاو بنێن و ئەنجومەن بگەیێننە لوتکە.
منیش لەو خولەدا بەپێی توانا و بۆکرانم، لەخزمەت دۆستانی بەڕێوەبەر و تێکڕای خوشکان و برایانی ئەنجومەندام و پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی کارگێڕیی ئەنجومەن دەکەم.
هیوادارم لەو خولەشدا ئەنجومەنەکەمان حەماسەخوڵقێنی ماڵی وێژە و هونەری کوردی بێت و ڕەوتی چالاکییەکان بەرەو لوتکەی شانازی و خزمەتی زیاتر بڕۆن.
ئێستاش دوای تواوبوونی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانم بە پێویستی دەزانم ئەو چەند دێڕەی خوارەوە، وەکوو ڕێز و ئەمەگ و وەفا، ئاراستەی ئازیزانم بکەم.
ڕەنگە ئەگەر ناو بهێنم هێندێک کەسایەتیم لەبیر بچنەوە و قەرزاری کەسانێک ببم، بۆیە ناو ناهێنم و لە ڕێگەی ئەو نامەیەوە، سوپاسی بێبڕانەوەی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ماوەی بەرپرسیارەتیم لە ئەنجومەن، پاڵپشتم بوون، هاوکارم بوون، هاندەرم بوون، ورە و هێز و توانایان پێ بەخشیم و بۆ ساتێکیش بەجێیان نەهێشتم، سوپاس بۆ ئەوانەی وەکوو خۆم، بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک لەو ئەنجومەنەدا خزمەتیان کرد و چاوەڕوانی تەنانەت دەستخۆشییەکیشیان لە هیچکەسێک نەبوو.
وەکوو چەند ڕستەی کۆتاییی دڵنووسەکەشم ڕایدەگەیێنم: هەوڵم دا، خۆم ماندوو کرد، ویژدانم نەخستە ژێر پێ، لە کات و سات و ماڵی خۆم بەخشی، ویستم خزمەت بکەم، ڕەنگە توانای مرۆڤیش تا ڕادەیەک بێت، هەرچەند من پێوایە مرۆڤ زیاتر دەتوانێت ئەرک ڕاپەڕێنێت، هەموو ئەو کردە و هەنگاوانەم بە مەبەستی خزمەت بووە، هیوادارم تەنیا وەکوو (دیاری شوان) لێم قەبووڵ بفەرموون.
لە بەرانبەریشدا، هیچکەسێک و هیچ لایەنێک بە قەرزاری خۆم نازانم و هەرچییەک کرابێت، قوبەیەکی شانازییە لەسەر شانم و ئەوەشی کە نەمتوانیبێت بە هۆکارگەلی جیاواز بیکەم، داوای لێبوورینم هەیە.
سوپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەم، بە نامە، تەلەفۆن و ڕوواوڕوو دەستخۆشییان لێ کردووم و پیرۆزباییان لە دەستەی کارگێڕی خولی سێیەم کردووە.

حەسەن ڕەوش(پارێزەر)
۵ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳ی هەتاوی
🌺🌺👇👇👇👇
@hassan_ravesh

1 month, 3 weeks ago

هاتیە خەونم دوێ شەوێ باشە چ کارێکت هەبوو؟
سەیرە زانیت لای منیش قەول و قەرارێکت هەبوو!

ڕەنگە ڕێگەت گوم بووە نیوەشەێ، وەنیە گوڵم؟
یا لەگەڵ کۆرپەی دڵم لابار و بارێکت هەبوو

خۆشەویستیشت دەزانی؟ سەیرە لام ئەی بێوەفا!
پاشی دەربازی تەمەن زانیت کە یارێکت هەبوو

کاتێ داتخست ئەو سەرەت من هەر بەحاڵ بیستم سڵاو
هەست و خوستت لێ بڕا ڕووی شەرمەسارێکت هەبوو

دەمهەویست یەک شت بڵێم، وا بۆغزی گریان ڕێی نەدام
نام نەگوت چونکە لەمێژ بوو ئاسەوارێکت هەبوو

کاتی ڕۆین دڵبەخەم بووی، واق وڕمای ڕوو لە من
ڕەنگە لەو دێوانەیەت چەند ئینتیزارێکت هەبوو

بەو بەیانەی بۆنی گوڵ، گشت ماڵەکەی داگرتبووم
هەرچی بوو خەونە بەڵام، کورتەوتارێکت هەبوو!

ئەشق واتا بێ گلە دەم دابخەی مات و خەمۆش
دڵ بە کاتێ خۆش بکەی، ژوان و قەرارێک هەبوو

شاعیر: شەهریار
وەرگێڕان: حەسەن ڕەوش (پارێزەر)

✍️✍️✍️👇👇👇
@hassan_ravesh

1 month, 4 weeks ago

زمانی زگماکی پێکهاتەیەکە لە فەرهەنگ، وێژە، هونەر، کەلتوور، خوو و خدە، ڕەوشت و ئەخلاق، مێژوو، جوغڕافیا، سرووشت و ... .
لەگەڵ نەمان و فەوتانی زمانی زگماکی هەموو ئەو شتانە دەفەوتێن و شوناس لەدەست دەچێت.
زمانی زگماکی بۆ هەر تاکێک هەڵگر و ئاوێتەی سۆز و وفا، ڕەوشت و ئەخلاق، ئەشق و خۆشەویستی و ... یە و کاتێک کۆرپە لە دایک دەبێت، دەگەڵ شیری دایک دەڕژێتە ناخیەوە.
مرۆڤ دەتوانێت بە سەدان زمان بدوێت و فێریان ببێت و سەدان زانیاری و زانستیان پێ وەربگرێت.
بەڵام ئەوەی بە زمانی زگماکی دەکرێت، بەزمانی بێگانە ناکرێت.
زمانی دایک زمانی پەیوەندی ناخ و دەروونەکانە، زمانی سۆزداری و ئەشقە، زمانی دڵە، زمانی زێدی باوانە، زمانی فەرهەنگی جوغڕافیایەکی جیاوازە، زمانی سرووشتێکی خۆڕسکە و ... .
چاک لەبیرمە بە منداڵی، وەک ئێستا دکتۆر و عیلاج دەرمان نەبوون، لە گوندەکانیش تەنیا کەسانێک هەبوون، خەڵک سەردانیان دەکردن و کەمتر نەخۆش بۆ چارەسەری دەبردرایە نەخۆشخانە و سەنتەری شارەکان، مەگەر دۆخی تەندروستی کەسەکە زۆر ناجێگیر بووبایە.
من ئەگەر نەخۆش دەکەوتم، هیچ هیوایەکم بە دکتۆر و عیلاج نەدەما، بەڵام سەیر بوو کاتێک دایکم دەهاتە پەنام و دەستی دەخستە سەر ناوچاوانم و بەو زمانەی کە ئاوێتەی سۆز و خۆشەویستیی دایکانە بوو و دەیگوت: ڕۆڵە گیان هیچ نییە هەر زوو چاک دەبیت!
نازانم ئەو قسەی دایکم بۆ هێندە کاری تێ دەکردم و زوو هەڵدەستامەوە سەر پێ و چاک دەبوومەوە.
ئەو قسەی دایکم کاری سەدان دکتۆر و عیلاج و دەوای بۆ دەکردم.
زمانی زگماکی بۆ من دروست وەک کاریگەریی قسەی دایکمە بۆ نەخۆشییەکەم.
بێ زێدەڕۆیی زمانی کوردیش سەت هێندە کاریگەری لەسەر ناخ و دەروونم دادەنێت و لەگەڵ خوێن و ئێسقانم تێکەڵاوە.
هەرچەند زانینی زمانی تر جگە لە زمانی زگماکی، بۆ فێربوونی زانست، پەیوەندی فەرهەنگی لەگەڵ گەلان و ئاشنابوون لەگەڵ جیهان و کۆمەڵگە جیاوازەکان و ... زۆر پێویستە، بەڵام هیچ زمانێک ناتوانێت جێگەی زمانی زگماکی بۆ من بگرێتەوە و زمانی کوردیم خۆش دەوێت.

ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی لە تێکڕای مامۆستایانی زمانی کوردی، فێرخوازان و هەموو هۆگرانی زمان و وێژەی کوردی پیرۆز بێت.

حەسەن ڕەوش (پارێزەر)
٢ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳ی هەتاوی

@hassan_ravesh

3 months, 4 weeks ago
مامۆستا فەتاحی ئەمیری کۆچی دواییی کرد، …

مامۆستا فەتاحی ئەمیری کۆچی دواییی کرد، سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و تێکڕای هۆگرانی زمان و وێژەی کوردی دەکەم.

بەرهەمەچاپکراوەکانی فەتاح ئەمیری:

  1. هاوارەبەرە (ڕۆمان) ١٩٩٠
  2. میرزا (ڕۆمان) ١٩٩٣
  3. زیندەخەو (ڕۆمان) ٢٠٠٣
  4. گێژەڵووکە
  5. خەم و خەیاڵ

@hassan_ravesh

4 months ago

**گۆڤاری ژمارە ٥٥:
لە داوێنی ئاربەبا

بەفرانباری ۲۷۲٤
(۱٤۰۳ی هەتاوی)

سەرنووسەر:** #ک_د_ئازاد

4 months, 2 weeks ago

بەناوی خوا

ڕێکەوتی ۱۶ی سەرماوەز، لە شاری بانە و بە دەستپێشخەری و هەوڵی ئەندامانی ڕێکخراوەی پاژین، بۆ شەشەمین ساڵ هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە چوو.
هەڵمەتی ئەوساڵی زاگرۆسانە لە بانە، لەچاو ساڵانی پێشوو، جیاوازییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو.
من لەسەر بانگهێشتی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە(پاژین) ئەوساڵیش بەپێشکێشکردنی وتارێکی تایبەت بەشدار بووم.
دیارە تەوەری وتارەکەی من زیاتر ئاماژەیەک بە دەرەنجامەکانی هەڵمەتی زاگرۆسانە بوو.
ئەو هەڵمەتەی پێشتر زیاتر گرینگی بە بابەتەفەرهەنگییەکانی دەدراو و ڕەنگە کاریگەری لەسەر بردنەسەری ئاستیی وشیاریی خەڵک زۆر بووە.
من پێم وایە ئەگەر بمانهەوێ تەنیا دەرەنجامی بابەتیی فەرهەنگی و وشیارکردنەوەی خەڵکمان لەبەر چاو بێت، ناتوانین ئەو ئەو دارستانانەی هەشمانن بیپارێزین، چونکە بەر بە خواست و زێدەخوازی خەڵک و کاولکاریی بەردەوامی دارستانەکان ناگیرت.
بۆیە پێویستە ڕووبەرەکان زیاد بکرێنەوە تاکوو بڵێین ئەوەی هەمانە دەیپارێزین.
بەداخەوە لەساڵانی پێشوو، لایەنی زانستیی کارەکە زۆر وەبەر چاو نەگیراوە و ئەوەی کە من وەک خۆم چاوم تێوەبڕیوە، واتا شینبوونەوەی نەمام و تۆوە خۆڕسکەکان لاواز بووە.
بە ڕای من ئەگەر هەڵمەتەکە تەنیا"بەڕوو شاردنەوە"بێت، ڕەنجێکی بەفیڕووچوویە!
بەڵام ئەوساڵ گۆڕانێکی سەرەکی بەسەر چالاکییەکاندا هاتووە و ئەو چاوەڕوانییەی من، چۆنییەتی چاندن و تێخستنە و لە وتارەکەشدا زیاتر گرینگیم پێ دا، تا ڕادەیەکی زۆر لەچاو ساڵان وەبەرچاو گیرابوو.
هەر لەو شوێنەش چۆنییەتی چاندنی تۆو و تێخستنی نەمامەکانم بۆ بەشداربوان شی کردەوە، هیوادارم بە گوێیی دڵ لەگەڵم بوو بن.
لێرە ئەوەی پێویستە دوای چەقاندنی نەمامەکان و چاندنی تۆوەکان بکرێت(پاراستنی دوای تێخستن)، زۆر گرینگترە.
یەکێک لە مەترسیدارترین پیشەکانی دانیشتوانی زاگرۆس کە بەداخەوە ئێستاش بە شێوەی نەریتی و کۆن دەکرێت و بەڕۆژ نەکراوەتەوە ئاژەڵداریە(بەتایبەت ڕاگرتنی بزنی ڕەشۆکی).
من ناڵێم پێویستمان بە گۆشت و شیرەمەنی نابێت، بەڵام پێم وایە ئەو جۆرە ئاژەڵدارییە زۆر و بۆرە و داهاتی نییە! جگە لەو بابەتەش ژینگەکەمان وێران دەکات.
لە ئێستادا بە هەبوونی چەندین تۆرەمەی باش لە ڕووی ئابووری وەکوو: (سانن، ئاڵپا، موورسیا و ...) کە هەر جۆرەیان زیاتر لە پێنج کیلۆ شیریان تێ دەبێت، هەروەها جۆرەکانی گۆشتی بۆ داشتە و ڕاگرتن یەکجار زۆرن(نێرییەکان نێزیک ۱۵۰کیلۆ کێشیانە)، حەیفە بزنی ڕەشۆکی بۆ ۲۵۰ گڕەم شیر و ۱۵کیلۆ گۆشت ڕابگیرێت!
هیوادارم ئەندامانی پاژین و دڵسۆزانی ژینگەی نیشتمان بتوانن ڕووبەری تێخراوی ئەوساڵ، لە پێخوستی مەڕوماڵات و ددانە تیژەکانی بزن بپارێزن و ڕەنج بەخەسار نەبن.
شایەنی باسە هەڵمەتی زاگرۆسانەی بانە بە بەشداری نێزیک ۴۰۰ کەس و لە چوارچێوەی چەندین گرووپی شاخەوانی، ڕێکخراوەی مەدەنی، خەڵکی خۆبەخش و بە هاوکاری ئیدارەی سەرچاوەسروشتییەکانی بانە بەڕێوە چوو.
لە کۆتاییدا سوپاسی تێکڕایی ئەندامانی پاژین و تێکڕایی بەشداربوانی هەڵمەتی زاگرۆسانەی بانە دەکەم.

حەسەن ڕەوش(پارێزەر)
١٧ی سەرماوەزی ۱۴۰۳ی هەتاوی

??????
@hassan_ravesh

7 months, 1 week ago

سەودای "ڕووەک" لەگەڵ زەوی

حەسەن ڕەوش(پارێزەر)

???????
@hassan_ravesh

9 months ago

گۆڤاری ژمارە ٥۰:
لە داوێنی ئاربەبا

گەلاوێژی ۲۷۲٤
(۱٤۰۳ی هەتاوی)

سەرنووسەر:  #ک_د_ئازاد

9 months ago

بەناوی خوا

تا دەکەومە کاتی ڕۆحپچڕانی خۆم
ئەودەمەی قژڕن دەبن خوشکانی خۆم

خزمەتم هەردەم لەلا شانازییە
چڕ دەکەم هەوڵم دەدەم پەیمانی خۆم

(پارێزەر)

مانگی بەفرانباری ۱۴۰۱ی هەتاوی بوو، لەسەر خواست و داوای کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەمیی سەردەشت، ناوی خۆم بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەن تۆمار کرد و دەنگی متمانەم لەلایەن زۆرینەی ئەندامان پێ درا.
دواتر دیسان دەستەی کارگێڕی، دەنگی متمانەی بەرپرسیارەتی ئەنجومەنیان پێ دام و بوومە بە بەرپرسیی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم.
هەرچەند لە خولی پێشتریشدا ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی بووم(مونشی و ڕاوێژکار)، بەڵام ئەو جارەی ئەرکێکی زیاتر و بەرپرسیارەتییەکی قوڕسترم قەبووڵ کرد.
ئێستا یەکساڵ و نیو لە تەمەنی ئەنجومەن لەو خولەدا تێپەڕیوە و تەنیا ۶ مانگی ماوە.
بەداخەوە دووکەس لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بەهۆکاری کاروباری خۆیان، هەر لەسەرەتا و دەستپێکی ئەو خولە، نەیانتوانی هاوڕێمان بن، بۆیە تێکڕای ئەرکەکانی دەستەی کارگێڕی کەوتنە سەر شانی ۳کەس لە ئەندامان و(حەسەن ڕەوش، مەحەممەد عەلیزادە، نیشتمان ڕەسووڵی)تاکوو ئێستاش ئەو ۳کەسە بەبێ هیچ کێشە و خۆبواردنێک خەریکی چالاکی و خزمەتن.
بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا ئەنجومەن توانیویەتی زیاتر لە ۱۰۰ئەندامی چالاک لە بوارەکانی ئەدەبی و هونەری، بە بیر و ڕای جیاوازەوە، لەدەوری یەکتر کۆ بکاتەوە.
دانانی چەندین پۆلی فێرکاریی: ڕێنووسیی کوردی، ڕێزمانیی کوردی، یاساکانیی شێعر، ڕەوانبێژی و فەننیی بەیان، لە شارەکانی: سەردەشت، ڕەبەت و نەڵاس، هەروەها لە گوندەکانی: بێوران و زووران بەشێکی چالاکییەکانن.
جگە لە وەش، دەیان دانیشتنی حەوتووانە، ڕێزگرتن و بەسەرکردنەوەی کەسایەتییەکانی ئەدەبی و هونەری ناوچە، کۆڕ و کۆڕیادی گەورەی وەکوو: پەردەلادانی کتێب، ۷ی پووشپەڕ و ...  تەنیا بەشێک لە هەوڵەکانی ئەنجومەن بوون.
بەڕاستی ڕۆڵی مامۆستایانیی ئەنجومەن، خەڵکی ڕۆشنبیر بە پاڵپشتیی ماڵی و تێکڕایی ئەندامانی ناو بازنەی ئەنجومەن نکووڵی لێ ناکرێت.
نامهەوێ لێرە باسی چالاکی و ئەو هەموو هەوڵانە بکەم کە ئەنجومەن لەو ماوە کورتەدا جێبەجێی کردوون و هەموویان بە بەڵگە تۆمار کراون و لە ئاڕشیوی ئەنجومەندان هەن.
با ئەوەم لە بیر نەچێت کە هەوڵی تێکڕایی ئەندامانی دەستەیی کارگێڕی و مامۆستایانی ئەو ئەنجومەنە بێبەرانبەر و خۆبەخشانە بووە.
دوای ئەو چەلاکییە ۳ساڵ و نیوەم لەو ئەنجومەنەدا، ڕۆژی ۲۷ی پووشپەڕی ۱۴۰۳ی هەتاوی، لە گەشتێکی فەرهەنگی و ئەدەبی بۆ ناوچەی گەشتیاری بێوران (دووکانان)، ئەندامانی ئەمەگناس و بەوەفای ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم، واژۆی لوتفی بێبڕانەوەیان لەپشتی ڕێزنامەی هەوڵەکانم دا و پێشکێشیان کردم.
هەرچەند ئەنجومەن کەبابخانە نییە، چەندی بدەی ئەوەندەی بخۆی! بەڵکوو پێویستە کات و ماڵی خۆتی بۆ تەرخان بکەی بەبێ ئەوەی هیچ بەرانبەرێک وەربگری.
بەڵام ڕێزنامەی ئەندامانی ئەنجومەن، گەورەیی و دڵخۆشی پێ بەخشیم، ماندوویی ۳ساڵ و نیوەی حەساندمەوە و گوڕ و تینێکی دووبارەی پێداوەوە، تاکوو خزمەتکارێکی باشتری ماڵی ئەدەبیی کوردی و هۆگرانی زمان و وێژە بم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی بێبڕانەوەی خۆم، ئاراستەی تێکڕایی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و هەموو خوشکان و برایانی ئەندامی ناو بازنەی ئەنجومەن بکەم کە خێوەتی دلۆڤانی و خۆشەویستییان بۆ هەڵدام.

حەسەن ڕەوش(پارێزەر)
۳۰ی پووشپەڕی ۱۴۰۳ی هەتاوی

????
@hassan_ravesh

9 months, 2 weeks ago

بەناوی خوا

۳۷ ساڵ بەسەر کارساتی کیمیابارانی شاری سەردەشتدا تێپەڕیوە.
سەددام تەنیا بە یەک ئاماژە دانیشتوانیی سەردەشتی دەست لەملانی مەرگ و نەدامەتی و قوڕپێوان کرد و بەسەر خۆشییەکانی خەڵکدا، ڕشایەوە.
سەردەشت بوو بە یەکەم شاری کیمیایی لێدراو، بەڵام دوایین شار نەبوو، تاوانی گەورەتر لە هەڵەبجە دووپات کرایەوە.
بەدڵنیاییەوە، سەردەمێکە باسڕەی ڕق و کینەی دەمی گەلحۆیان، بزەی ئاشتیخوازی سەر لێوی ئێمە ڕەپێچەک دەدات، سیوڕکی تەشقەڵە سینگی فراوانمان دەسمێت، بەڵام، سەردەمی شەلم کوێرم کەس نابوێرم بەسەرچووە!
ژیان بۆ زۆردار هەر سەرێکە، ئەوانەی شەق لە زەوی و ئاسمان هەڵدەدەن، ڕۆژێک دێت ماینی غرووریان وەفاڵ بێت و کەرەخۆڕاێی سواریان ببن.
ئەوانەی شیری خوێناوی تاوانیان بە کالانی میهرەبانی خەڵکی سەردەشت سڕیەوە، تۆزی بێنرخیان بەسەر و پۆتەڵاکی خۆیاندا کرد و بووکی کەسایەتییان لەبەر چاوی هەموو مرۆڤایەتی بەشوو درا، ئنجا کۆتاجێژوانیان کەوتە ژێر پەتی سێدارە و بەرەو گۆڕ شۆڕ بوونەوە.
بەڕێزانم! دەنگی هاوار و داوای هەژار دڵخۆشکەرە، ئاوازێکی بەسۆزە بۆ یەکسانی و مرۆڤایەتی، زایەڵەی ئەو هاوارە گرێکوێرەی گەلێک لە کێشەکانی وڵات و تەنانەت هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی دەکاتەوە، دەنگی هەژار ڕەنگی ژیانی لێ دەکەوێتەوە و ئێستا ژیان لەو ناوچەیە بەهەموو ڕەنگەکانییەوە بەردەوامە.
بەدڵنیاییەوە، هەتا ڕۆژان ڕۆژیان بەدوو دابن، چەرخی زەمەن لە سووڕی وەرسووڕان ناکەوێ و گۆڕان لە ئارادایە.
بێگومان خەڵکی سەردەشت بوون بە سەربازی کاتی تەنگانە و قارەمانی ئەوڕۆ و هەردەم هۆرە و سروودی خۆڕاگری دەچڕن.
بەو هیوایەی پاپۆڕی کامەرانی و بەختەوەری، نەک تەنیا هی خەڵکی سەردەشت، بەڵکوو هیچ مرۆڤێک لە چوارقوڕنەی گۆی زەوی نوقم نەبێت، خەڵکی کیمیاییکراوی سەردەشتیش، کۆشکی شادمانی بنیات بنێن و ئەو شارە ببێتە شاری خەون و هەوارگەی بەختیاری و بۆ تاهەتایی بازی کامەرانی لە ئاسمانی شار و وڵاتمان بخولێتەوە.
ئێمە وەک ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم، دڵمان بۆ حەق دەکورکێ و پێمانوایە ئەدیب ئەندازیاری دەروونیی مرۆڤایەتییە، ئەدیب سوپای دووەمە، ئەدەب نەخشە و پلانی گۆڕانی ژیان و گۆڕینی زرووفەکانە، ئەدەب ئارامکەرەوە و عیلاجی کۆمەڵگەی ناساز و دڵمەندە.
لەکۆتاییدا، ڕایدەگەیێنین ئێمە ئەو کۆڕەمان بە مەبەستی ئەو چەند خاڵەی خوارەوە پێکهێناوە:
١. کۆڕەکەمان دەکەینە دیاری و نمەبارانێکی وەفا و ئەمەگناسی بۆ شەهیدان، زامداران و بەرکەوتووانی سەردەشت و بەدڵنیاییەوە بۆ ئەو هەوڵەشمان، هیچ بەرکەوتوو و زامدارێک و هیچ بنەماڵەیەکی ئەو شارە بەقەرزاری خۆمان نازانین.
۲. کۆڕەکەمان پەیامێک بێت بۆ بەرگری لە لە چەکی کۆمەڵکوژ و بێزارییەک لە شەڕ
۳. هەڵێنانەوەی هەنگاو بۆ ئاشتەوایی و یەکسانی لە هەموو جیهان
۴. ولانانی شەڕ و شەڕخوازی و فەوتاندنی تۆوی قین و کین.
ئێمە وەک و ڕێکخراوەیەکی وێژەیی و هونەری فەرمی لە سەردەشت، . پێمانوایە جیا لە وەڕێ خستنی کۆڕ و کۆبوونەوە، زامداران، بەرکەوتووان و بەگشتی دانیشتووانی سەردەشت پێویستیان بە ئاوڕوێدانەوە و خزمەتگوزاری زیاتر هەیە و دەبێ لەلایەن بەرپرسانی شار و ناوەندەپەیوەندیدارەکان زیاتر گرینگیان پێ بدرێت.

حەسەن ڕەوش(پارێزەر)
بەرپرسیی ئەنجومەنی ئەدەبیی سەردەم(سەردەشت)
کۆڕیادی ۷ی پووشپەڕی ۱۴۰۳ی هەتاوی

??????
@hassan_avesh

We recommend to visit

کانال فیلم

Last updated 1 year, 4 months ago

‌( اَلـفـبای تِکنولژے وَ ترفَنـد ) ‌

‌آمـوزش ، تـرفـند ، ابـزار‌ ‌‌ ‌

‌‌??? : @mobsec_ads

??? : @sudosup_bot

Last updated 3 months, 1 week ago