شوناس

Description
ژووری "شوناس" لە لایەن "موحسین جەڵدیانی"یەوە داندراوە. لەو ژوورەدا بابەتی مێژوویی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و... بڵاو دەبێتەوە.
We recommend to visit

Last updated hace 1 año, 2 meses

وانهُ لجهادٍ نصراً او إستشهاد✌️

Last updated hace 1 año, 3 meses


‌بزرگ ترین‌ چنل کارتووووون و انیمهه 😍
هر کارتونی بخوای اینجا دارهههه :)))))
‌‌
راه ارتباطی ما: @WatchCarton_bot

Last updated hace 3 semanas, 3 días

1 month, 2 weeks ago

هەوڵ بۆ یارمەتی‌دان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوو
دا

: موحسین جەڵدیانی

بەشی دوو

لەو قسانەدا بووین زەنگی  تەلەفۆنمان بیست. کاک مەحموود چووە لای تەلەفۆنەکە.
-  فەرموو
-  ....
-  چۆنی کاکە، جەنابت چی فەرشادی؟
-   .....
- کاکە چی بکەین؟
-   ....
- چی، کاک عەباس؟!
-   ....
- شوکور بۆ خودا ئەوە کەسێک پەیدا بوو.

-   ....
- چاوەڕوانی ئێوەم.
-         ...
- ماڵاوا.

بیستووکەکەی داناوە گوتی:
- کاکە دەرگامان بۆ کراوە
-  چۆن؟
- ئەو کاک عەباسەی لە ئاوایی جۆشکاری هەیە، ئەیناسی؟
- بەڵێ چەند جارم دیتووە. جارێك سەرەخۆشی قەومێکیان بوو لەگەڵ کاک ڕەحمان چوومەتە ماڵیان.

بەڵێنی بە باوکی فەرشاد داوە زنجیر لە تەگەرەکانی پاتڕۆڵەکەی بدات و بێت فەرشادی بۆ ئیرانشا ببا. ئەو کەسەی قسەشم تەکیا ئەکرد ئامۆزای باوکی فەرشادە. ماڵی لێرەیە، ئەوە ئەو بوو ئەو قسانەی ئەکرد. بڕیارە تا نیو سەعاتی تر لێرە بن.
-  هەواڵێکی خۆش بوو.
هەر دووکمان بە پێوە ڕاوەستابووین کاک مەحموود گوتی:
- کاکە خۆشم تەکیانا ئەچم. هەر وا دروست‌ترە ناوێ لێرەوە هەر وا وێڵیان بکەین.
- دەڵێی کاک مەحموود ئێوە لە لای قوتابی‌یەکان بمێنەوە من لەگەڵیان دەچم.
- نا کاکە گیان قەزات لە من، هەر ئەوەی کە ئێوە لێرە ئاگاتان لە قوتابییەکان ئەبێ بۆ ئێمە تەواوە.
منداڵێک لە دەرگای دا و دەرگای کردەوە. گوتی:
-  ئاغا فەرشاد فرە ناڕەحەتە. چەتان کرد؟
-  نیگەران مەبن فەرشاد بۆ لای دکتور ئەبەین. ئێوە لە خەوگەکانتان بن و شلووغی مەکەن با ئێمە بزانین چی ئەکەین.
قوتابییەکەی ڕۆیشت.
کاک مەحموود بیستووکی تەلەفۆنەکەی هەڵگرتەوە و گوتی: "زەنگ بۆ کاک ئومید لێدەدەم و هەواڵەکەی پێ ئەڵێم.
 زەنگی بۆ لێدا ئەویش گوتبووی ئیدارە ئاگادار دەکەمەوە ئامبۆڵانسەکە بۆ دووڕێیان بنێرن. کاک مەحموود خەریکی خۆ ئامادە کردن بوو منیش چوومە خەوگەی فەرشاد، بە هەر جۆرێک بوو جل‌‌وبەرگی گەرممان لەبەر کرد و لەگەڵ دوو قوتابی دیکە فەرشادمان خستە ناو پەتوویەک و لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستی‌مان هێنا، لەو بەینەدا فەرشاد بەردەوام دەیناڵاند.
لە پەنجەرەی سەرپەرەستییەوە چاوم لە ئاوایی کرد، باڕنی دەکرد، ئاوایی جوان دیار نەبوو، تیشکی پاتڕۆڵەکەی کاک عەباس وەدیار کەوت بۆ لای قوتابخانەی ئێمە دەهات. کاک مەحموود گوتی:
- با مەحتەل نەبین، فەرشاد ببەینە نهومی یەکەم....
فرشادیان خستە ناو پەتوو لەگەڵ قوتابییەکان بردمانە خوار، قەومەکەی فەرشادیش هات. لەگەڵ کاک مەحموود هەڵیان گرتوو لەگەڵ خۆیان بۆ ناو پاتڕۆڵەکەیان برد.
لەبەر دەرگای حەوشە چاوم لێ کرد پاتڕۆڵی کاک عەباس سووڕاوە سەر جادەی گۆڕباوائەلی دووڕێیان.... لەبەر چاوم بزر بوون دەرگاکانمان داخست و لەگەڵ قوتابییەکان هاتینەوە ژوور.
لەو ماوەیەدا بەردەوام لەگەڵ کاک مەحموود بە تەلەفۆن قسەم دەکرد. کاک عەباس بۆ ئێمە ببوو بە فریشتە، فەرشادیان بە زەحمەتێکی زۆر گەیاندبوو بە دووڕێیانی تیکاب لەوێ فەرشاد و ئامۆزای باوکی بە ئامبولانسەکە چووبوونە نەخۆشخانەی سەقز و کاک عەباس و کاک مەحموودیش گەڕابوونەوە. زیاتر لە دوو سەعاتی کێشا هەتا کاک مەحموود هاتەوە لای ئێمە... ئاگام لێ‌بوو کاک مەحموود تا بەیانی خەوێکی وای نەبوو بەردەوام لەگەڵ باوک و ئامۆزاکەی باوکی فەرشاد لە پێوەندی دابوو.
ڕۆژی دواتر هەوا خۆشی کرد و جادەکان خاوێن کرانەوە و فەرشادیش بۆ نیوەڕۆ بە سڵامەتی بۆ قوتابخانە گەڕاوە....
کاک ئومێد لە یەکەک لە ڕێ‌وڕەسمەکانی قوتابخانەدا بۆ ڕێزلێنان لەزەحمەت و ماندووبوونەکانی کاک عەباس، دیاری و لەوحێکی ڕێزلێنانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی قوتابخانە و بنەماڵەی فەرشاد، پێشکەش کرد...
+
لەوەیە هەست بەوە بکرێ، ڕووداوێکی ئاسایی کراوە بە چیرۆک، بەڵام کە له چیرۆکەکە ورد دەبینەوە، دەبینین سێ کەسایەتی ناو چیرۆکەکە خۆنەویستانە ئامادە بوون لە یەکەک لە شەوەزەنگەکانی ساردی زستان‌دا و لە سەرما و بەستەڵەکی ٢٠ پلەی ژێر سیفر و لەناو بەفر و باڕنی ناوچەی بان‌هەوەتوو -کە بەرزایی‌یەکە  ٢٢٠٠ میترە- لە پێناو پاراستنی گیانی قوتابییەک گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەو سێ کەسە:
١- مامۆستای قوتابخانە کاک مەحموودی ئەحمەدپوور (ئێستا لە سەقز مامۆستای خانەنشینە).
٢- کاک عەباسی جۆشکای ئاوایی گۆڕباوائەلی.
٣- ئامۆزای باوکی فەرشاد.
بوون و ناو و یادیان لە زەینم‌دا هەر زیندووە.

https://t.me/muhsinceldiyani

**

1 month, 2 weeks ago

هەوڵ بۆ یارمەتی‌دان بە فەرشاد لەناو
بەفر و باڕنی هەوەتوودا

: موحسین جەڵدیانی

بەشی یەک

لە کتێبخانەی قوتابخانە لەگەڵ چەند قوتابییەک ڕاوەستابووم باسی نرخ و بایەخی خوێندنەوەمان دەکرد. قوتابییەک بە پەلە هاتە ژوور و گوتی: "ئاغا، ئاغا فەرشاد کوێر بووە."
پێم وابوو شوخی‌ دەکا، پێم گوت:
- شۆخی دەکەی؟
- ئاغا بەخوا بە ڕاستمە فەرشاد کوێر بووە.
کە زانیم بەجیددی قسە دەکا، گوتم:
- ئێستا فەرشاد لە کوێیە؟
- ئاغا ئەوە لە خەوگەکەی خۆیەتی. ئاغای ئەحمەدپووریش لە لای ئەوە.
خێرا چوومە خەوتنگەی فەرشاد، چەند قوتابییەک لە دەوری قەرەوێڵەی فەڕشاد کۆ ببوونەوە، مامۆستا ئەحمەدپووریش لە لای فەرشاد دانیشتبوو، فەرشاد ڕاکشابوو بەڵام بەردەوام ئەم‌بەر ئەوبەری دەکرد و دەستەکانی بە سەریەوە گرتبوو هاواری دەکرد و دەی‌ناڵاند دەیگوت: "ئەی سەرم تەقی، ئەی سەرم..."
کاک مەحموود پەشۆکابوو، چاوی لە من کرد و گوتی:
- بەخوا نازانم ئەو مناڵانە بۆ وا ئەکەن.
- چ بووە کاک مەحموود؟
- کاکە لێرە شۆخییان کردووە سەری فەرشاد لە قەرەوێڵەکە کەوتووە، جا نازانم سەر وێکەوتنەکەی لە چ ئاستێک و چۆن بووە. ئەڵێ: "هیچ کەس و هیچ شوێنیک نابینم و بەر چاوم تاریکە."
- کاک مەحموود بە کەپۆی‌دا خوێنرێژی نەکردووە؟
- ئەڵێ نا.
- ئەی نەڕشاوەتەوە؟
- نا.
- با لەگەڵ خۆمان بۆ سەرپەرەستی ببەین.
بە فەرشادم گوت: "دەتوانی لەگەڵ ئێمە بۆ سەرپەرەستی بێی؟" هەر دەیناڵاند. دەمویست بەرزی بکەمەوە دیسان ناڵاندی و هاواری کرد. کاک مەحموود بە قوتابییەکانی گوت: "بڵاوەی بکەن و بۆ خەوگەکانی خۆتان بچنەوە." بە یەکەک لە هاوژوورەکییەکانی گوت: "بە تەنیا بەجێی نەیەڵی با بزانین چیمان بۆ ئەکرێ."

بەیەکەوە چووینەوە ژووری سەرپەرەستی. من لەسەر قەرەوێڵەکەی خۆم دانیشتم. کاک مەحموودیش چووە لای تەلەفۆنەکەی. پێم گوت:
- چ دەکەی؟
- خۆشم نازانم، چی بکەین؟
- بەفڕ و باڕنە چمان بۆ ناکرێ. بەداخەوە نەخۆشخانەی ئاوایی هێشتا دەست‌بەکار نەبووە، ڕێگا و بانیش گیراون.
- ئەی چی بکەین؟
- پێم وایە سەرەتا کاک ئومێد وەک بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاگادار بکەیەوە، پاشان بۆ باوکی فەرشادیش زەنگ لێ‌بدە با ئەویش ئاگاداری ئەو دۆخە بێ کە ئێمە تێی‌داین لەوەیە بتوانێ بە جۆرێك یارمەتیمان بدات.
کاک مەحموود زەنگی بۆ کاک ئومێد لێ‌دا. ئەویش مابووەوە چۆن یارمەتی ئێمە بدات. چەند دەقە پاش ئەوەی بیستۆکی تەلەفۆنەکەی دانابووەوە کاک ئومێد زەنگی لێداوە پێی گوت: "ئیدارە ئاگادار ئەکەمەوە بەشکەم ئەوان بتوانن کارێکمان بۆ بکەن." کاک مەحموود زەنگی بۆ باوکی فەرشادیش لێدا. لە ئاوایی کەرەفتوو بوو. باوکی بە کاک مەحموودی گوت: "تەواوی ڕێگا و بانی ئاوایی گیراون هێچ ماشێنێک دەرناچێت و ناتوانم بۆ قوتابخانە بێم." هەندەی پێ نەچوو باوکی فرشاد زەنگی لێداوە بە کاک مەحموودی گوت: "ئامۆزایەکم ماڵی لە گورباوائەلی‌یە بە ئەو ئەیژم بێتە لاتان و یارمەتی‌تان بدات."
دانیشتبووین چاوەنواری ئەوە بووین کاک ئومێد زەنگمان بۆ لێ‌بداتەوە، زەنگی لێدا.
   - سڵاو کاک ئومید.
-  ....
- کوا ئێمە دەتوانین تا دووڕێیانی بهێنین.
-  ....
-  لە ئەوا کاتێک‌دا ئیدارەی پەروەردە خۆی ئەبێ یارمەتی ئێمە بدات.
-  ....
- خوا شوکر کاک موحسین لێرەیە دەنا بەخوا هیچ کارێکم بۆ نەئەکرا.
-  ....
-  دەی باشە بزانم چمان پێ ئەکرێ.
-  ....

بیستووکەکەی دانا و ڕووی لە من کرد گوتی:
- ئەڵێ ئیدارە پێیان وتووە لە ئێرانشاوە ئامبۆلاس تا دووڕێیانی تیکاب دێ و ئێوەش بەهەر جۆرێکی بۆتان بکرێ بیگەیەننە دووڕێیان...
- ئەوە چ قسەیەکە. بە چ وەسیلەیەک فەرشاد بگەیێنینە دووڕێیان، ڕێگا هەموو گیراون کڕێوە و باڕنە.
- بەڕاست کاک موحسین نازانم چی بکەم... سەیر گیرمان خواردووە... ئەو کوڕە خۆی پێ ڕاناگیرێ ئەترسم تووشی خوێنڕێژی مەغزی بێت.
- پێم وانییە کاک مەحموود ئەگە وابا لووتی خوێنی لێ دەهات نیگەران مەبە....
- باشە، پێم ناڵێێ بۆ چاوی نابینێ؟
- نازانم ئەو مەسەلەیە منیشی نیگەران کردووە.
*

https://t.me/muhsinceldiyani

2 months, 2 weeks ago

ناوی کتێب: میرزا
بابەت: ڕۆمان
نووسەر: فەتاح ئەمیری
چاپ: سەلاحەددین_ئەییووبی
شوێن: ورمێ
ساڵی بڵاوبوونەوە: ١٣٧٢

2 months, 3 weeks ago
**گرینگایەتی خوێندنەوەی مێژووی هۆز و بەرە …

گرینگایەتی خوێندنەوەی مێژووی هۆز و بەرە کوردییەکان

: موحسین جەڵدیانی

لەوەیە ئەو پرسیارە لای هەندێك لە خوێنەرانی ژووری شوناس دروست ببێ کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر باسێكی تایبەتی وەک مێژووی بڵباس بابەت بڵاو دەکرێتەوە؟ 
بەر لەوەی وڵامی پرسیاری ئەو ئازیزانە بدەمەوە بە پێویستی دەزانم باس لەو قۆناخەی ژیانی خۆم بکەم کە وەک قوتابی لە قوتابخانەکانی ناوەندی و دواناوەندی شارەکەم وانەم دەخوێند. ئەو سەردەمی بیرم لەوە دەکردەوە بۆ ئەو کتێبە مێژوویی‌یانەی لە قوتابخانەکان پێمان دەڵێنەوە نێوەرۆکی باسەکانیان هەر پێوەندی بە بەسەرهاتی ژیانی پاشاکانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئیقلیمی و جیهانییەوە هەیە؟ بۆ مێژووی هەرێمەکانی ئێمەی تێدا نییە؟  لە بەدەگمەن لاپەڕەیەک‌دا نەبا، ئەویش ئەگەر باس کرابا، زۆر بەڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی نەتەوە و باب‌وکاڵی ئێمە درابووەوە. یانی بە درێژایی ئەو سەدان و بگرە هەزاران ساڵە ئێمە بێ مێژوو بووین؟ بە واتایەکی دیکە ئێمە وەک کارگ لەو وڵاتە هەڵتۆقیبووین؟!
ساڵانی دواتر بەدەر لە کتێبە مێژوویی‌یەکانی قوتابخانەکان، کۆمەڵە کتێبێکی مێژووییم وەدەست کەوتن و توانیم تا ڕادەیەک بەهۆی ئەوانەوە ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەم ببمەوە. لەو ساڵانەی دواییش‌دا کۆمەڵەکتێبێکی دیکەم دەست کەوتوون کە پێوەندییان بە بەڵگە مێژووییەکانی وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و عوسمانییەوە هەیە. ئەو کۆمەڵە بەڵگەیە دەوری تیشک لەناو تاریکایی و شەوەزەنگ‌دا دەگێڕن و ئێمەومانان بە یارمەتی ئەو سەرچاوانە تا ڕادەیەک دەتوانین بچینە ناو داڵانە تاریکەکانی مێژوو و مێژووی نەتەوەکەمانی پێ بخوێنینەوە، تا دواجار بزانین لە ڕەوتی مێژوودا چمان بەسەر هاتووە. تەنانەت دەتوانین زۆرێک لە گرێ‌کوێرەکانی مێژووی نەتەوەکەمان بەو بەڵگانە بکەینەوە و بۆمان ڕوون بێتەوە کوردەکان بۆ مانەویان لە ڕەوتی مێژوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ یەک کردووە و هەروەها هەڵس‌وکەوتیان لەگەڵ گەلانی درواسێ و نەیارەکانیان چۆن بووە و بە پێچەوانەشەوە دەسەڵاتدارانی دەروجیران، چۆنیان لە کورد ڕوانیوە و چیان بەسەر ئێمەی کورد هێناوە.

ئێستا کە خەریکم بە شێوەی ڕاگوزاری ئاوڕ لە مێژووی هۆزی بلباس دەدەمەوە بەو واتایە نییە کە لە هەوڵی ئەوە دام بە شان و باڵی سیستەمی فێئۆداڵی هەڵ‌بڵێم. بەڵکوو لەو نووسینانەدا هەوڵ دەدەم ئەو کەسانەی بە شێوەی پرۆفێشناڵ لەبەر نەبوونی کات، یان بە هەر هۆیەکی دیکە ناتوانن ئاوڕ لە مێژوویی خۆجێیی نەتەوەکەمان بدەنەوە بە یارمەتی ئەو بابەتانەی لە کەناڵی تێلێگرامی شوناس‌دا بڵاویان دەکەمەوە تا ڕادەیەک ئاگاداری بەسەرهاتی باب‌وکاڵی خۆیان بکەمەوە و بزانن ئەوان چۆنیان ژیان کردووە و چ خزمەتێکیان  بە خەڵكەکەی خۆیان کردووە هەروەها کامانەیان بە پێچەوانەوە مامەڵەی دروستیان لەگەڵ نەتەوە و تاکی کورد نەکردووە.
هەموو ئەو کەسانەی لەو لاپەڕانەدا باسیان لێوە دەکەین ماڵاوایی‌یان لە ژیان کردووە بەڵام لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان هاتووە. باس لە هەندێک لەو سەرۆک هۆزانە کراوە کە لە پێناو بەختەوەری خەڵکەکەیان گیانیان بەخت کردووە. هەشبوون کەسانێک کە نە تەنیا خزمەتیان نەکردووە بەڵکوو ئاستی کەسایەتی خۆیان ئەوەندە دابەزاندووە کە ئامادە بوون بۆ نەیارانی گەلەکەیان سیخوڕی بکەن و برا و ئامۆزا و...یان بەکوشت بدەن. ئەو جۆرە کەسانە بۆ بەرژەوەندی کاتی خۆیان هۆز و نەتەوەکەیان فرۆشتووە. بەسەرهاتی لێوڕێژ لە خیانەت و غەدر و بێ ڕوحمی  ئەو کەسانە لەمێژوودا بەڕوونی باس کراوە. 

پێم وایە تاکی کورد پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوویی هۆز و عەشیرەتە کوردەکان هەیە. بۆ ئەوەی هەم بزانین ئەوان چیان کردووە کە ئێمە لەحاند نەتەوەکانی دەروجیرانمان لە جێگایەک وێستاوین کە نەدەبا ئێستا لێی باین و هەم خۆمان بڕیاری دروست لە پێچە هەستیارەکانی مێژوویی نەتەوەکەمان و ئەو ڕووداوانە بدەین کە بۆی هەیە کردەی ئێمەش شوێندانەر بێ  و هەڵەی هەندێک لە پێشینیانمان دووپات نەکەینەوە.

پێم خۆش دەبێ هاوڕێیەتیم بکەن تا بەشێک لەو بەسەرهاتە مێژوویی‌یانە، کە بەشێوەی زنجیرەباس لەو ژوورەدا بڵاو دەبنەوە، بخوێنینەوە.

https://t.me/muhsinceldiyani

3 months ago
مێژووی بلباس

مێژووی بلباس

بلباسەکان لە سەردەمی مەزنایەتی قەرەنی‌ئاغای یەکەمی مامەش‌دا (بەشی یەک)

: موحسین جەڵدیانی

ماوەیەک دوای کوژرانی کاک "بایز"ی مەزنی بلباس لە شەڕی گەڵی‌خرووشووی "شنۆ" لەگەڵ ئەفشارەکانی ورمێ‌دا، "قەرەنی‌ئاغا"ی مامەش بوو بە سەرۆکی بەرەی بلباس. لەسەردەمی مەزنایەتی ناوبراودا پێوەندییەکی قووڵ لەناو ئەو و سەرکردەی ئەفشارەکانی ورمێ دروست بوو، بەجۆرێک کە شان‌بەشانی تورکە ئەفشارەکان، بەشداری لە زۆرێک لە شەڕەکان‌دا کردووە. تەنانەت ئاستی پێوەندی "قەرەنی‌ئاغا" و سەرکردەی ئەفشارەکان گەیشتوو بە ئاستێک کە خزمایەتی‌یان لەناودا دروست بوو و "قەرەنی‌ئاغا" کچێکی خۆی بەناوی گوڵێ‌خان دا بە "محەممەدقولی‌خانی ئەفشار".
بەپێوست دەزانم بۆ ئەوەی لەو بڕگە مێژوویی‌یەدا تا ڕادەیەک ئاگاداری دۆخی سیاسی و نیزامی ئەفشارەکانی ورمێ ببینەوە، سووکە ئاوڕێک لە بەسەرهاتی ئەفشارەکان و پێوەندییان لەگەڵ هۆزە کوردەکانی هەرێمی ورمێ بدەینەوە.

لە ساڵانی کۆتایی‌ دەسەڵاتی سەفەوییەکان، لەبەر ئەوەی پاشاکانیان بەباشی نەیاندەتوانی وڵات بەڕێوە ببەن، دەسەڵاتدارانی خۆجێییش تووشی ئاستەنگ و کێشە ببوونەوە، وەک میناک ئەفشارەکانی ورمێ لە ئاستی پێویست‌دا دەسەڵاتیان بەسەر هەرێمەکەدا نەمابوو. بەڵام لەسەردەمی نادرشای ئەفشاردا بۆ جارێكی دیکە توانیان دەوری کاریگەریان لەسەر هەرێمەکە هەبێ. لە دوای ئەوەی کەریم‌خانی زەند بە دەسەڵات گەیشت هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکەی پێ ئەسپاردبوونەوە بەڵام لەبەر ئەوەی لێیان بە گومان بوو، چەند سەرکردەیەکی ئەفشاری وەک بارمتە لەگەڵ خۆی بۆ شیراز برد و لەوێ لەژێر چاوەدێری ڕاگرتن.

دەسەڵاتدارانی زەند ساڵی ١٧٧٢ زایینی ئیمام‌قوڵی‌خانی کوڕی ڕەزاقوڵی‌خان -کە ئەو کاتی تەمەنی ١٤ ساڵان بوو- لە شیرازەوە دەنێرنەوە ورمێ و دەسەڵاتی هەرێمی ورمێ‌ی پێ‌دەسپێرن. لە کاتی گەیشتنی ئیمام‌قوڵی‌خان بۆ ورمێ هۆزەکانی زەرزا، موکری، بەرەی بلباس و...هتد پێشوازی و پشتیوانی لێ دەکەن. ئیمام‌قوڵی‌خان بۆ ماوەی دوازدە ساڵان دەسەڵاتی هەرێمی ورمێ‌ی بە دەستەوە بووە.

ئیمام‌قوڵی‌خان لە ماوەی دەسەڵاتدارییەکەی هەوڵی دا یەکگرتوویی لەناو ئەفشارەکان و هۆزە کوردەکانی هەرێمی ورمێ پێک بێنێ. مەبەستی سەرەکیشی لەو کارە ئەوە بوو، هۆزە کوردەکانی زەرزا، موکری، بەرەی بلباس، شکاک و ... بێنێتە ژێڕ ڕکێفی دەسەڵاتی خۆی و لە ڕووداوەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارییەکەی‌دا سوودیان لێ‌ وەرگرێ. وەک میناک دەکرێ ئاماژە بەو ڕووداوانەی خوارەوە بکەین.

- ساڵی ١٧٨٠ (ز) نەزەرعەلی‌خانی شاهسەوەن حاکمی ئەردەبێل هێرشی کردەوەتە سەر  تەورێز و نەجەف‌قوڵی‌خانی حاکمی تەورێزی شکست داوە، لە دوای ئەو شکستە نەجەف‌‌قوڵی‌خان ڕای کردووەتە لای برازاکەی لە باژێری خۆی. نەجەف‌قوڵی‌خان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە دەسەڵات بگاتەوە داوای لە ئیمام‌قوڵی‌خان کردووە دەهانایانەوە بچێت. ئیمام‌قوڵی‌خانیش بە یارمەتی بەرەی بلباس و موکرییەکانی دەڤەری موکریان و...هتد پەیوەست بە لشکری دومبولی‌یەکان بووە و لە نزیک تەورێز هێرش دەکەنە سەر سوپای نەزەرعەلی‌خان، لە شەڕێك‌دا کە لە دەرەوەی تەورێز کرا، سوپای نەزەرعەلی‌خان‌یان شکست دا و نەزەرعەلی‌خان ناچار بوو ڕا بکات. لە دوای شەڕەکە هێزەکانی بلباس، موکری و ئەفشار بۆ شوێنی ژیانی خۆیان گەڕانەوە.
- ساڵی ١٧٨١ (ز) حاکمی شیروان و قەرەباخ هەڵدەکوتێتە سەر باژێری خۆی و یەکەک لە قەڵاکانی شار داگیر دەکات. ئەحمەدخانی دونبولی داوای هاوکاری لە ئیمام‌قوڵی‌خان دەکات ئەویش جارێکی دیکە بە یارمەتی هێزە پشتیوانە کوردەکانی لە شاری خۆی هێرش دەکەنە سەر سوپای جەوانشێر حاکمی شیروان و قەرەباخ. لەو شەڕەدا بابانی کوڕی قەرەنی‌ئاغای مامەش بە نوێنەرایەتی بەرەی بلباس، شێخ‌عەلی‌خانی موکری، میرزاغا سەرۆکی هۆزی شکاک و جەعفەرسولتانی زەرزا حاکمی شاری شنۆ یارمەتی ئیمام‌قوڵی‌خان‌یان داوە. شەڕەکە بە شکستی جەوانشێر حاکمی شیروان و قەرەباخ کۆتایی پێ هاتووە…

ماویەتی

https://t.me/muhsinceldiyani

4 months, 2 weeks ago

مێژووی بلباس

کۆکوژی هۆزی مەنگوڕ لە مەرا‌غە

: موحسین جەڵدیانی

لە لاپەڕەکانی مێژوودا باس‌ لە  هەندێک ڕووداو کراوە کە جێگای تێڕامان و تێفکرینن. مێژوو پێمان دەڵێ زۆرجار مرۆڤەکان بەناوی برایەتی و دۆستایەتی خەیانەت بە یەکتر دەکەن و کارەساتی جەرگبڕ دەخوڵقێنن. یەکەک لەو  ڕووداوانە کۆکوژی هێزی سوارەی مەنگوڕ لە شاری مەراغەیە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداری زەندییەکان، حاجی محەممەدعەلی‌ موقەددەم لە دەڤەری مەراغە دەسەڵاتداری دەکرد. ناوبراو ئامادە نەبوو بچێتە ژیر فەرمانی نەجەف‌قولی‌خانی بەگلەربەگی تەورێز. دواجار نەجەف‌قولی خان ساڵی ١١٩٠ (ک.م) هەڵی‌کوتا سەر مەراغە و لە شوێنێک بەناوی دێهخوارقان شەڕ لە نێوان هێزی نەجەف‌قولی‌خان و هێزی حاجی محەممەدی موقەددەم ڕووی دا. لە شەڕەکە حاجی محەممەدخان بە دیل گیرا و نەجەف‌قولی‌خان دەستووری  کوشتنی دا. دواتر لەبەر ئەوەی هێزی نەجەف‌قولی‌خان نەیتوانی شاری مەراغە داگیر بکات. ڕازی بوو ئەحمەدخانی کوڕی حاجی محەممەدی موقەددەم ببێ بە جێگرەوەی باوکی.

هەر لەو سەردەمەش‌دا کۆنفێدراسیۆنی بڵباسەکان لە باشووری گۆلی ورمێ دەوری چالاکیان هەبووە. بە هەندێک هۆ دەسەڵاتدارانی ورمێ، مەراغە و تەوڕێز بەهێزبوونی بڵباسەکان-بەتایبەت هۆزی مەنگوڕیان- وەک هەڕەشە بۆ دەسەڵاتەکەیان دەزانی. چون لە لایەک بڵباسەکان ئامادە نەبوون باج بە دەسەڵاتدارانی حکوومی بدەن، لە لایەکی دیکەش جاروبار هۆزی مەنگوڕ هەڵیان‌ دەکوتا سەر ئاوایی‌یەکانی دەڤەری مەراغە، هەروەها مەحموودپاشای بابانیش پشتیوانی لە باپیرئاغای مەنگوڕ دەکرد. هەمووی ئەوانە ببوونە هۆی ئەوەی ئیمام‌قولی‌خانی ئەفشار داوا لە ئەحمەدبەگی موقەددەم بکات بە فێڵ باپیرئاغای مەنگوڕ سەرکوت بکات.

ئەحمەدبەگی موقەددەم نامەیەک بۆ باپیرئاغای مەنگوڕ دەنووسێ. لە نامەکەدا باسی لەوە کردبوو کە دەیهەوێ تۆڵەی باوکی لە نەجەف‌قولی‌خان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ دەست بەسەر تەورێز دابگڕێ پێویستی بە یارمەتی ئەو و هۆزەکەی هەیە و بەڵێنیشی پێ‌دەدات لە دوای ئەوەی دەستیان بەسەر تەورێز داگرت، لەو غەنیمەتەی دەستان دەکەوێ، ئەو و هۆزەکەی بێبەش نەکات. باپیرئاغا فریوی ئەحمەدبەگی موقەددەمی خوارد و بەخۆی و بە ٥٠٠ سواری مەنگوڕ چووە مەراغە.
ئەحمەد‌بەگ لە پێشترەوە پیلانی لەناوبردنی هێزی مەنگوڕی داڕشتبوو. هەر کە سوارەی مەنگوڕ دەگەنە دەروازەی مەراغە بەرەوپیری باپیرئاغای دەچن و بەڕێز و حوڕمەتەوە لەگەڵ خۆیان دە‌یانبەنە ناو شاری مەراغە. ئەحمەدبەگ شەو دەستوور دەدا هەر ماڵە و چوار پێنج کەس لە هێزی مەنگوڕ بۆ ماڵی خۆیان ببەنەوە. لە شەوەزەنگ‌دا لەو کاتەی هەموو خەڵک لە غوڕابی خەودا بوون بە تەقەیەک خانەخوێیەکان ئاگادار کرانەوە پیلانەکەیان جێ‌بەجێ بکەن. لە کاتێک‌دا میوانەکان نوستبوون بەو تفەنگانەی هەیان‌ بووە، بێ بەزەییانە باپیرئاغا و باقی  مەنگوڕەکان دەکوژن. ڕۆژی دواتر سەری بڕاوی پاپیرئاغا لە شاری مەڕاغە هەڵداوەسن.

????

https://t.me/muhsinceldiyani

5 months, 4 weeks ago
6 months ago

کەی و چۆن ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کرد؟

6 months ago
We recommend to visit

Last updated hace 1 año, 2 meses

وانهُ لجهادٍ نصراً او إستشهاد✌️

Last updated hace 1 año, 3 meses


‌بزرگ ترین‌ چنل کارتووووون و انیمهه 😍
هر کارتونی بخوای اینجا دارهههه :)))))
‌‌
راه ارتباطی ما: @WatchCarton_bot

Last updated hace 3 semanas, 3 días