?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months, 1 week ago
بۆ دایکم و دایکانی نیشتمان
دایە دووندی دڵۆڤــانی، ئەی سەرکردەی دلئاوایی
چاوەکانت دەشوبهێنم بە گۆی زەوی
بە بارستایی چاوەڕوانی
قەڵافەتت دەستەچیلەی بەژنی ژیان.....
دایە تۆ داڕێژگەی بەتامترین ئەوینێ بووی مرۆڤ چێشتی
چرکە چرکەی ئاوزینگێکی بێ مردن بووی
بزەی کاڵی ناشارەزای نەدیتراوی
نرکەی دڵی نیوەشەوی نژد و ژانی
نساری سەر سەری ساڵانێکی پڕ لە سوورەتاوی
دایە لە زۆزان و زووقم و زۆنگ و زەهری زەمان ئامێزی ئاوەدانت کە زێدی زیندگانیە زەوت دەبم
لە سەر کۆشی کامەرانیت
کە قەڕەوێڵەی قوورسترین خەوی خاترجەمیە
ماچ دەکەم
ئەی ئەهوەنی ئارانی ڕۆح زاینگەی بەرزترین ئاواتەکان......
هۆ دایە گیان دە بمبەوه بۆ سەردەمی گرووگاڵیم بۆ ئەوپەڕی گەرمەلەی مناڵیم
بمبەستەوە بە دەسرازەی دایکانەوە گرێم بدە گەورە نەبم جگە لەتۆ نەناسم من لەو جیهانە کەسێک تر.......
تۆ دەزانی کە گاگۆڵکە لەم جیهانە جەزرەبەی جەرگ و سووتانە هەم سێدارەو هەم سندانە
هەڵمگرە لە کەژاوەی کۆڵی ماندووت وەڕەز نابم دەبمە کۆچەر لە سەر شانت
لە گەڵ کاروانی تاسەوە هەر لە کازیوەی تارا هەڵدانت تا کۆچی هەتاوی ئاواتەکانت کپ کپ دەبم کەزیەکانت هەر بۆن دەکەم تا دارە داری دارەدەستی دەوری پیریت
دایە دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ناوەخۆت
دونیام ناوێ نێوکم مەبڕن با دانەبڕێم لە بۆنی ژین با ڕانەیەم لەگەڵ دووپاتەکانی بێ هەست و تین
دایە پەنجەکانت دەساری برکی هەناون
چاوی کزت دیرۆکی دەرد و دڕک و داڵن
بیروەری دۆخی داخی بەرەژانن
ناڵە و نزگی نەبینراوت لە ڕوومەتی داڕماوت هاوار دەکا
نزا و نەزری دوای ئازارت
فرمێسکی گەرمی هاوڕازت
هەزار ڕازی نەبیسراوت
تاپۆی شێعرم پووچەڵ دەکا و
چارەنووسی پێنووسی سڵ لە سێدارەی
سەرگوزەشتەی سوێری ڕوومەتی سوورت سەر دادەنوێنێ
هەی من بمرم بۆ هەزار خۆزگەی نەکوتراوت...
شەیدا مەحموودی شنۆ
**بشنویم.....
✨از غم عشقت، "دل شیدا" شکست✨
✨شیشه ی می در "شب یلدا" شکست✨
🔸 #شهرام_ناظری ┈••✾•🍂🌸🍂•✾••┈** @hanasyaven
لە ئاخێزگەی ئەوینمدا عەقیقی گەردەنی شێعری
هەموو ڕۆژی هەواڵی خۆت بە خەونی جادە دەسپێری
لەیادمدا دنەی دەردی لەدەردمدا شنەی ڕۆحی
دە نەمزانی شەڕەنگێزی وەیا ئاشووبی یا خێری
نەوای نەرمی نەهانی هەی نەهێنێکی نەگونجاوی
هەوێنی هەون و هەژمەتمی، لە خەونمدا نە شەوبێری
لە وەرزی هزری ئەندێشەی بەهارم پاییزت دادا
دەری سارام لەسەر پشتە ئەگەر ئەوجارە ئاودێری
بەڵێن بێ لەیلی بێ مەیلیم بەمەیلی گڵ دەکەم سەرپۆش
ئەتۆ مەجنونی جەبرێکی لەجەرگەی جەرگە جوامێری
پاییزەپەخشان
تۆ لە زکری ئەم دارستانە زێڕینە قژ هەڵۆەریۆە چت زانیوە
وەرە با لە ژێر سەمای زریوەڕێژی ئاسمانی پاییز
دەروێش ئاسا مەستانە شۆڕشێک هەڵایسێنین بەتینی ئەوین
مەلیچکەی دەستی زەوی مەگرە، ئێستا سەرقاڵی داڕنینی قاپۆڕی شەکەتیە
وەرە و پێکەنینێک ڕاوەشێنەو باوەشێنی ئەم ئاگرە بکا
ئەم نسارەی لە هەواری هەڵبەستی هەتاوی هاویندا سەرت وێدەکرد لە هەڵفڕینەو ڕۆحی زووخم گرتووی بە سۆندی سووتانەوە لە شەقامی بۆخاوی چاوەکانمدا پیاسە دەکا و کەزی شلک و کەسکی کەژینی ژینی بە تاڵان برد
وەرە بلاوێنەوە کاتژمێرە خەواڵۆکەم ئەو بە کاتی خەو کۆک کراوە و من بە کاتی پێوانی کاوان
چ وەسوەسەێک لە پێڵاوەکانی نیشتوە نۆرەی بزووتنەی من نادا؟
من لەخورێنی دەچمە شەڕی شەقامەکان و هەر کە هاتی قوومێ ئارەزوو ئەنۆشم و تۆش لاشەی شەرمی ئەو شەڕابەت کۆ بکەوە با مەستی لە بڕەو نەخا و سنووری نێوانمان نەشکێ
لەو دیاردە دوورەدەستە دوێنێ لاپەڕێکی ڕێ لێگووم بوو لە لاپاجەی پەیجێکی نەهێنی هانای بۆ هێنابووم
دەیکووت هاواڵەکانی لە ژێر دەستاڕی چەکمەکاندا هەڵوەریون و هێنامەوە سەر چڵەپۆپەی بەرزترین
بەهار و هەرچی زەردی بوو لێم داڕنی
وەرە بنواڕە ڕاپەڕینی ئەم ڕۆژ ژمێرە چ مێرانە نەوەد نامەی نەنووسراو دەنێرێ و نەهێنی نەکووتراوەکان
چاپ دەکا و چیرۆکی چارەنووسی چەتە چەلاخەکان دەنووسێتەوە
نا ئەو نامەحڕەمە نامۆ نیە و هەموو ساڵێ قەڵەمەکان مارە دەکا و مێژوی مردن بە مەرەکەبی مەراق تۆمار دەکا و منیش بە قۆشەنی
قۆشمەی وشەی شێتەوە هەر وا دێم و دێم تا دەگەمەوە ئەو هەڵبەستەی لە مستیدا بەستوویەتەوە
شەیدا مەحموودی شنۆ
لە وەسفی خۆشەویستی خوا
موحەمدی مووستەفا (ص) بە بۆنەی جێژنی مەولوود
شکۆی شانت ڕستە و پەخشان بە هێز دەکەن وەگڕ دەخەن هەستێکی پاک
قەڵەم وەک ئەسپێکی چالاک دەپێوێ خەتی لاپەڕ
گەرچی منی ڕووتەڵ بوومە ڕاوگەی ڕاوی شەیتان
بی هەدادان هەڵمەت دەبەم بۆ پەنایەک وەکوو سەنگەر لە بۆ ئینسان
وەک هەژاری بێ دەرەتان وەک هەتیوی بن نساران
دەستی شەرمساری بە داوێنی ڕوحم و بەزەیی تۆ وە دەگرم و
دەگریم تا کوو بالۆرەی نزام ڕۆچکی ڕەشم بتەنێ و
هەنسکم تێکەڵ بە ئەسرین
پەنگاوی بڕژێتە ژێر پێت و
تۆش پەنام بدەی
منیش پەیمان نەشکێنم و
ڕکێفی نەفسی ڕەوەکم بە سکڵی سووری تۆبە بسوتێنم و
گریمانەی دڵی گڕەزۆکم چەشنی گرکان گڕ بگرێ و
هەرچی تامی تاڵی تاوانە لە هەناوم بتارێ و
ترووسکەی سووکنایی لە سەر ساباتی کوێستانی دڵم سەقام بگرێ و
ڕیشەی ئیمان لە دڵم بهاڵێ و چرۆ بدا و
هەڵچێ بە سەر چوار دانگی باوەڕم و
چێژی چاوەڕوانی لە چاوانم بچێنێ و
هەرچی ڕووگە و ڕچە و رەوشتە ڕەها بکەم و
سەرم بخەمە سەر سوژدەی ئەوین و سوێگەی ساماڵی سۆزم، سۆفی ئاسا لە سۆنگەی سەنا خوانیت، بێنمە گۆڕەپانی کێبڕکێ و
چەلاخی وشەم بە قامچی قۆچاغی ئەنگووستی ئاڵ و واڵ ئۆخژن بگرێ و
بە ئاونگی نێوت بخەملێ و
دیمانەی دیمەنی دڵڕفێنی دڵنیاییم لە سەرووی هەموو سنوورەکان بێ و
ژوانگەی هەتاییم لە دووندی دڵۆڤانی تۆ دا ڕابرێ،
ئەو کاتەیە کانی هیوام لە سەر کەژی کامەڕانی دەژێتەوە
هاوکات دەبمە هەوێنی هێمنی هەورەکان و ڕۆندکی گشتیان دەکەم بە کەلەستوون و لە چوار حەدی وڵاتی دڵ ئاوەڵایان دەیڕەنگێنم و گۆیەکانم کپ دەکەم لە ولینگەی دەنگۆکی دەهۆڵی دەرەبەگ و
هێندە به هەیبەت و هەڵکەوتەییت هەڵ بڵێم و هاوار بکەم تا گشت مێشک هوڕان هوشیار بنەوە و قەبارەی قۆمرغانەی قەرەباڵغی قەرەوڵ قەڵاچۆ بێ و بەیداخی باوەڕمەندی و بەختەوەری بە بارستایی و بڵیندایی ناوت بڕازێنمەوە و شەڕانخێو لە شەوگاری شەوینی شەڕەف شۆڕە سوارێکی شوێن کەوتووی ئامانجت بم و
ئاواتم ئاوێتەی ئەوینی ئایەتی ئیلاهی بکەم و ئاوێزانی ئامێزی ئاشنای اللە بم.
شەیدا مەحموودی (شنۆ) 97 /7/ 15
ساڵوەگەڕی لە دایک بوونی سەروەری مرۆڤایەتی لە گشت لایەکتان پیرۆز🌹
ئەم ئێوارە وریاتر بووم
پۆلۆ سوورەی هەتاوم خوێندەوە
شەکەتی کێوەکانم کێشانەوە
کەمێ هێدی هەورەکانم نووسینەوە لە نووسینگەی خەیاڵمدا
خێڵی باڵندەکانی بەرەو کۆچ
لەسەر سیمەکانی ڕەشی ڕێگا
بە ئەژنۆی شل دەیانڕوانیە
سەمای بارانێکانی نێو گەنمەجاڕ و جارجار
گاڵتەیان به کڵاوە لارەی داوەڵە دڵپڕەکە دەکرد
چەندە خاوە ئەو دەمژمێرە وا دەزانێ هەر بەهاران خەیاڵ دادەبارێ و هەر پاییزان بۆکڕووزی خەم دێ
وا دەزانێ وێستگەی خەوی بێ هانەسە لێرە دوورە!
ئەو غەریبخانەی
چاوەکانت دەتەکێنێ
ئازارەکانت هەرەس دەکا
سووک دەکا خەزێنەی ئەندێشە و
بەشێک لە ڕەهایی بە سانایی لە خوا دەسێنێ
شەیدا مەحموودی شنۆ
Telegram
attach 📎
پەخشان
هەموو مێژووم لە بەژنی ژانێک هەڵچنیوە
چڵ چڵ بە ژن بوونمەوە خەونی شانۆیەکم بینیوە
من خوڵقاوێکی نەفرەتی بووم
یاغیتر لە مرۆڤ یا نا مرۆڤتر لە یاغی
لە نێوەقەدی بڕیاری بن سێبەردا بوومە تابڵۆ و لە سێنی سینمای جیهاندا شانۆگەری گەردوون، ون بووم من کێم؟ لە کوێم؟
پڕم لە بەتاڵی و بەتاڵێکی تاڵ لە بۆشایی بەشەرتی غوربەتی بوون و نەبوون لە گرێبەستی خەستی شەوی شوالیەکانی دووڕوو
لە ڕووم هەڵنایە هەڵکەمە سەر شانۆنامەی پیستان کە پێست فڕێدەدەن لە عەدەم و من دێمەوە سەر بنج و پنچ داوێمە زەردەڕەگی گەردنتان.
من لە ناسکی نەشکاوم لە پتەوی کۆتەم کوتکێ دراوە لە کەمەرم و کەرت کەرت کراومە کارێکتێری کارنەڤاڵی کەیفانەی کارەساتی بەسەرهاتی نەهاتی هەوێت، کە بمکەوێنیتە ژێر واژۆی چەکمە و چەورایی ژێر سمێڵ.
ئەرێ، هەدادان لە هەراوی بێ هەوێتی هوونەرێکی شەڕانگێزە و گزەکارێکی ئاڵزایمێری
کە بە بوێری بیر لە پرسیاریک بەکەمەوە کۆنتر لە خۆم لە خۆت و لە خەون و خەبات.....
خەون بە تەونی تندراو و چندراوی فەڕشی نێۆماڵێکی چوار قۆزاغەوە و بەیانیەک بچمە سەربان و بانگ لە هیواکانی ناشتراوە و خێنەکانی ڕشتراو و ڕووبارەکانی مشتراوە و شەقامەکانی تێکدراو و ....بکەم
بە گوڵوشەی پەخشانێک و چاوانێکی پڕ لە خولیا، ئامێز بگرمە تاسە نەشکاوەکان و ژوانی ژێر میچێک لە مەچەکێکی بەچەک و چاوی چڕژاو و چریکەی قەڵەم و چەخماخی پەرتووکە شێعراویەکان بکەم.
لە ژێر تۆکڵی کەلامێکی پیرۆزدا لەدایک دەبمەوە ساباتێک لە لانکی هزردا هەڵدەبەستم کە بێچمی قامەتی هەتا قیامەت نەقرمێ!
?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months, 1 week ago