باوک

Description
لە کوردیمان بەولاوە؛ چ شتێک فڕی بەسەر فەڕەوە نییە
We recommend to visit

Contact Us: @HVBook

Last updated 1 month, 1 week ago

❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
‌.
.
‌تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H

Last updated 1 month, 2 weeks ago

?? ? ??

WE LOVE HELICOPTERS!!!

Last updated 10 months ago

4 weeks ago
***🔰***کارێز دەریایی و هونەری وشەلەوشەدان

🔰کارێز دەریایی و هونەری وشەلەوشەدان


بیلال ئەمینی

(١)
ئەم وتارە لەسەری شیعری "یوونس ڕەزای'یە. لەم وتارەدا باسی کتێبی "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" دەکەین و شیعری یەکەمی دەخوێنینەوە.
شیعری یەکەمی ئەو کتێبە ناوی "سەردێڕی یەکەمی شیعرێکی خوێناوی بە پەیڤی دارەبەن"ە. ئەو شیعرە شیعرێکی درێژە و شەش لاپەڕەی داگرتووە. سەد و سی و سێ خشتەیە. دەبێت شیعرەکە بەسەر چەند یەکەی بچووکتردا دابەش بکەین تا بکرێت تاوتوێی بکەین. 
ئەمە سێ خشتەی سەرەتای شیعرەکەیە:
ئەگەر پێکەنین یانی ئەو شیعرە سڵاو بە تۆدا دەچێنێ
من شان بە شانی کازیوە ئاسۆم
پێ بە پێی میوە تا گەیشتن...
با بپرسین خشتەی یەکەم لە چی دروست بووە؟ لە خشتەی یەکەمدا "ئەو شیعرە"مان هەیە کە بووە بە کەس و خەریکە کارێک دەکات. لێرەدا ئیماژێک هەیە. لە شیعردا تا خوا حەز بکات شتەکان بە کەس کراون. ئێستا بپرسین "ئەو شیعرە" کە بە کەس کراوە، چ کارێکی مرۆڤانە ئەنجام دەدات؟ وەڵامەکەی ئەوەیە؛ ئەو شیعرە خەریکە شتێک دەچێنێت. شیعرێک خەریکە شتێک دەچێنێت. تا ئێرە ئیماژێکی ئاساییمان هەیە. مەبەستم ئیماژێکە کە جوانیی نییە. قۆناغێ تر کە بچینە پێش دەپرسین: ئەو شیعرە چی دەچێنێت؟ وەڵامەکەی دەبێت بە "سڵاو". لێرەدا ئیماژەکە ئاڵۆز دەبێت. ئیماژەکە لە ئیماژێکی سادەی یەکڕەهەندەوە، دەگۆڕدرێت بۆ ئیماژێکی ئاڵۆز. ئەگەر شاعیر بیگوتایە: ئەو شیعرە گەنم دەچێنێت، فەرقی هەبوو لەگەڵ ئەوەی بڵێت ئەو شیعرە سڵاو دەچێنێت. لێرەدا لادان و ئیماژ دروستکردنەکە دووقات بووەتەوە. هەم شیعر بووە بە جووتیار، هەمیش "سڵاو" بووە بە دەغڵودان.
دروستکردنی ئیماژی لەو جۆرەی سەرەوە دەتوانێت فەرقێکی شیعری یوونسی ڕەزایی بێت لەگەڵ شیعری زۆربەی شاعیرانی تر. ناڵێم هەموو، دەڵێم "زۆربە". ئەگەری زۆرە خوێنەر هێندە ئەم جۆرە ئیماژەی نەبینیبێت نامۆ بێت بۆی.
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێننەوە:
https://jineftin.krd/2025/02/18/%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8e%d8%b2-%d8%af%db%95%d8%b1%db%8c%d8%a7%db%8c%db%8c-%d9%88-%d9%87%d9%88%d9%86%db%95%d8%b1%db%8c-%d9%88%d8%b4%db%95%d9%84%db%95%d9%88%d8%b4%db%95%d8%af%d8%a7%d9%86/

1 month, 1 week ago

لە کۆتاییدا گرنگترە باسی ئەوە بکرێت ئەو دوو تەکنیک و ئامادەکارییە چۆن خزمەت بە ناوەڕۆکی دەقەکە دەکەن:
ئەو ئامادەکارییانە بواری ڕەخساندووە ئەو بابەتانەی لە بڕگەی دووهەمی پاژەکاندان و ئاسایی بوونەتەوە، دووبارە وەک خۆیان نائاسایی و نامەنتقی دەر بکەونەوە.

ئەو ڕاستییانە هێندە ڕاستییانێکی زەق و دیار و لە خۆتەن نامەنتقین؛ تەنانەت دەکرێت لە پەیوەندییەکی نامەنتقی‌دا بەکار ببرێن.
لە کۆی دەقەکەدا و بەو ئامادەکارییانەوە جەخت لە نامەنتقی‌بوونی ڕاستییەکان دەکرێتەوە.

چمان دەقەکە بڵێت: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هێندە بێسەروبەر و هەڕەمە و نەگونجاو بوو کە دەکرێت لە درێژەی ئەو بێمەنتقیەی خۆیدا بە هۆکاری وسکەساڵیی گەرمیانیش بزانرێت.

چمان دەقەکە بڵێت: له دونیایەکی بێ‌ڕێسادا کە کلیۆیەک کنگر بە شەش هەزار دینارە؛ حەقە ئیسرائیل لەسەر ئەو بێسەروبەرییە هەڕەشە لە حەمەعەلی قەراخی بکات.

چمان دەقەکە بڵێت: بەشداری سۆران عومەر لە کۆبوونەوەی شیعەکاندا هێندە نامەنتقیە، چاوەڕوان بکرێت پۆلیسی هاتوچۆش لەسەری بێدەنگ نەبێت.

ئاشنایی‌سڕینەوە:
شکۆلۆڤسکی پێی وا بوو؛ ئەرکی هونەر ئەوەیە ئەو بابەتانەی دووبارەبوونەوە و ئاسایی‌بوونەوە وای کردووە هەستیان پێ نەکەین؛ دووبارە هەستیان پێ بکەین. ئەو بەو کارەی دەگووت، ئاشنایی‌سڕینەوە یان نائاشناکردنەوە (defamilarization).
ئاشنا کەی سەرنج ڕادەکێشێت؟ ئەگەر دوکانداری سەر کۆڵانەکەتان لە ناو کۆڵان یان لە مزگەوتی گەڕەکدا ببینیت، سەرنجت ڕاناکێشێت، بەڵام ئەگەر لە پایتەختی وڵاتێکی تر لەپڕ پێیدا هەڵبتۆقی، سەرنجت ڕادەکێشێت. کەواتە ئاشنا لە شوێنی نائاشنادا سەرنجڕاکێش و هەست‌پێکراوترە.
نرخی کنگر کاتێک لە پاڵی ئیسرائیل و حەمەعەلی قەراخی‌دا بێت، سەرنج‌ڕاکێش‌ترە لە کاتێک لە پاڵی نزخی تەماتە و خەیاردا بێت.
ئێستا ڕەنگە تێ بگەیت کە ئەو تەکنیک و ئامادەکارییانە چ ڕۆڵێکیان هەم لە دروست‌بوونی ئەدەبییەت و هەم گەیاندنی ناوەڕۆکی ئەو دەقەدا هەیە.

ڕەخنەیەک کە هەر لە سەرەتاوە لە سوریالیزم و لە ئیماژی سوریالیستی گیرا ئەمە بوو؛ لە بوتیقای سوریالیستی‌دا لێکدانی شتە لێکدوور و  ناپەیوەندی‌دارەکان بە هونەر دەژمێردرا کە ئەنجامدانی ئەو کارە ئاسانە و پێویستی بە وردبوونەوە و هێزی داهێنەرایەتی نییە.

بۆ دەرخستنی مکانیکی و ڕەق و تەقبوونی ئەو کارە بیر لەوە بکەرەوە پێش سوریالیستەکان، داداکان بە تیروپشک وشەکانیان دەخستە پاڵی یەک و وەک شیعر بڵاویان دەکردەوە.

ئەمەم گووت بۆ ئەوەی بڵێم دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ ئەو ڕەخنەیەی نایەتە سەر؛ چون خستنەپاڵی شتە لێکدوورەکان لە دەقەکەی ئەودا بە ڕێکەوتی ڕووت ئەنجام نەدراوە.

سەرنجی بڕگەی وشکەساڵیی گەرمیان و ڕیفراندۆم بدەن. دروستە ڕیفراندۆم هۆکاری وشکەساڵی نییە و ئەو دوو بابەتە لێک دوورن و گرێدانیان سورڕەئالە. بەڵام لە عەینی حاڵدا وشکەساڵی و ڕیفراندۆم پەیوەندییەکی ناسکیان هەیە؛ هەر دوو هۆکارن بۆ تێکدانی گوزەرانی ئاساییی خەڵک.

دروستە شۆفێری و پۆلیسی هاتوچۆ و سۆران عومەر زۆر لێک دوورن، بەڵام لە عەینی حاڵدا لێکچوونێکی ناسک لە نێوان سەرپێچی‌کردنی شۆفێر و چوونی سۆران عومەر بۆ ناو کۆبوونەوەی شیعەکان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەرتکیان کردەوەیەکی ناڕەوان.

ئەو پەیوەندییە ناسکانە وای کردووە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ لە لایەکەوە هەم سورڕەئال بێت، هەم ڕەخنەی مکانیکی بوونی نەیەتە سەر.

له ئەدەبی کوردی‌دا دەقی "بۆ ژادانۆف"ی فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی "بۆ ڕۆدانی کوڕم" هەیە. بەشێکی ببینن:

ئۆتۆمبێلێکی هەیئەت ئیداری و کۆبوونەوەیەکی علوج
قوتابییەکی دەستی دووەم و تەلەڤزیۆنێکی تەمبەڵ
کچێکی پڕ و زبڵدانێکی بێ وەفا
گۆرانیبێژێکی ۲٨ و پاسکیلێکی دەنگخۆش. 

ئەو دەقە لە بەر ئەوەی لە لێکدانی شتە لێکدوورەکان دروست بووە، توخمی سورڕەئالیستی تێدایە. بەڵام ڕەخنەی مکانیکی‌بوونی دێتە سەر. ئەو ڕەخنەیەی کە شەفیعی کەدکەنی لە فارسیدا و لە باسی "جیغ بنفش"دا ناوی خشتەی لێکدانی وشەکان(جدول ضرب کلمات)ی لێ دەنێت و لە کوردیدا من پێی دەڵێم وشەلەوشەدان.

1 month, 1 week ago

یەکێک لەو تەکنیکانەی کە لە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆدا کەڵکی لێ وەرگیراوە گرێدانی دوو بابەتە کە پەیوەندییەکی ئاشکرایان پێکەوە نییە. ئەو دوو بابەتەی ناو دەقەکەی دکتۆر شێرکۆ هێندە لێک دوورن، تووشی ئەو ڕاچڵەکان و سەرسووڕمانەمان دەکەن کە برێتۆن چاوەڕوانی دەکرد. 

یەکێکی تر لەو ئامادەکاری و تەمهیدە ئەدەبیانەی لە دەقەکەی دکتۆر شێرکۆدا کراوە؛ دروستکردنی پەیوەندییی ڕستەبەندییانەی پتەوە لە نێوان دوو لایەنی گوتوبێژەکە.
له هەر پاژێکدا سەرنجی سەرەتای بڕگەی دووهەمەکەی بدەن. ئەم وشە و دەربڕینانەی خوارەوە سەرەتای بڕگەکانن:

ناهەقی نییە کاکە!
سەیرە!
دەستی خۆش بێ!
ئەی بۆ...!
دیارە!
بەڵێ!

ئەم وشە و دەربڕینانە چ ڕۆڵێکیان لە ئەدەبییەتی دەقەکەدا هەیە؟ ئەو وشە و دەربڕینانە کە لەو شەش ڕۆڵ و کارکردەی ڕۆمەن یاکۆبسن بۆ زمانی دیاری کردووە، کارکردی هاوسۆزی(phatic function)یان هەیە؛ ڕۆڵیان دروستکردنی چاوەڕوانی پەیوەندییی هۆکار و هۆکردی و مەنتقییە لە نێوان گوتەی لایەنەکانی گوتوبێژەکەدا.
ئەو چاوەڕوانییە وا دەکات نەبوونی پەیوەندییی هۆکار و هۆکردی لە نێوان قسەی دوو لایەنەکە زەقتر دەر بکەوێت و ئەمە نە تەنیا لە خزمەتی بوتیقای سوریالیستی دەقەکە دایه بەڵکوو سەرسوڕمان و ڕاچڵەکانەکە چەند قات دەکاتەوە.
بیر لەوە بکەرەوە نەبوونی ئەو چەند وشە و دەبڕینە چەنێک لەتمەی لە ئەدەبییەتی دەقەکە دەدا.

1 month, 1 week ago

کەم دەقی کوردیم بینیووە هێندەی ئەو دەقەی دکتۆر شێرکو لە ڕووی تەکنیکەوە بەرز بێت.

تەکنیکی "دەستەنامۆ":

ئەو تەکنیکانەی لەو دەقەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە ــ کە دێ باسیان بکرێت ــ هێندە نامۆ و نادەستەمۆ و بەیدەستن کە خوێنەری جیددیش لە خوێندنەوەی یەکەمدا ڕەنگە نەتوانێت هونەری دەقەکە "بگرێت".

لە باسی بوتیقای سورئالیستی و ئیماژی سوریالیستی‌دا دەڵێن:
چونکە ئامانجی ئیماژسازی سوررئالیستی دۆزینەوەی نەزانراوە ئەو ئیماژەی ئەو نەزانراوە تۆمار دەکات بێپێشینە و داهێنەرانەیە. بە پێچەوانەی چواندن لە بەراورد و پێک‌گرتن دروست نابێت بەڵکو لە تێکەڵیی دو بابەتی یەکتربڕ و دو دونیای لێک دوور دروست دەبێت.
ئەندرێ برێتۆن لە ئینجانە پەیوەندییدارەکاندا دەڵێت: بەرزترین کارکردێک کە شیعر دەتوانێت ئاواتی بە دی هێنانی هەبێت بریتیە لە پێک‌گرتنی دوو شت کە تایبەتمەندییەکانیان تەواو لێک دوور بێت، بە جۆرێک کە تێکەڵکردنی ئەو شتە بەردەنگ تووشی ڕاچڵەکان و سەرسووڕمان بکات.

1 month, 1 week ago

ئەفلاتوون لە غاری حەرا
یان
تەنز بە تامی سورڕەئالیزم:
(لەسەر ئەدەبییەتی دەقی "چ عیلاقەی هەیە"ی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا).

سەرەتا دەقەکە بخوێننەوە:

چ عیلاقەی هەیه؟
دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا

ــ ئەڵێن ئیسرائیل هەڕەشەی لە دکتۆر عەلی قەراخی کردووە؟
+ناهەقی نییە کاکە، یەعنی چی کنگری سەگباب کیلۆی بە شەش هەزار؟

ــ وا بزانم خوێندنی ئەمساڵمان فت؟
+ سەیرە! ئەی بۆ ئەڵێن دوو کەڵەشێر لە سەرەنوێلکێکدا جێیان نابێتەوە؟

ــ گەرمیان وشکەساڵی ڕاگەیاند.
*دەستی خۆش بێ، چەندم پێ وتن ڕیفراندۆم مەکەن؟

ــ ئەمجاره ببینم قایشت نەبەستووە غەرامەت ئەکەم.
+ ئەی بۆ مەحاسەبەی سۆران عومەر ناکەی ئەچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارە شیعەکانەوە؟

ــ لەپی دەستم ئەخورێ.
+ دیارە ئیمکانیاتی هەیە، ئەگینا چۆن لە ئەندام کۆمیتەوە ئەیکەن بە کارگێڕی مەڵبەند

ــ ئەرێ ئەم وڵاتەیان بۆ وا لێ کردووە، دار و بەرد بووە بە سەیارە؟
+ بەڵێ! تۆش بە من ئەڵێی نابێ فیلەر بکەی.

ــ وەڵڵاهی وایە باوکم، ئەشهەدوو ماسی لەسەرەوە بۆگەن ئەکات.
+ ئەوە جاران بوو بەساقە، ئێستا هەموو بازاڕ بگەڕێی، ڕبەیەک برنجی بازیانت دەست ناکەوێ.

ــ زەحمەت نەبێ نیوە دێڕەکەی تری ئەمە چییە؟ کە مەیدانی جریدبازی لە دەشتی کانی ئاسکان بوو.
+ بە ئاوی تێگەیشتین دونیا کەچی شافی ڤۆڵتارین بوو.

1 month, 1 week ago
باوک
1 month, 1 week ago
باوک
1 month, 2 weeks ago

وەڵامی من:
منیش جاران وام بیر دەکردەوە. بەڵام وەک جەنابت دەڵێی وا نییە.
بە گشتی زمانی نووسین دەبێ فێری ببیت، فێربوونیش بە خوێندنەوەی کتێب بە تایبەت ئەدەبیاتە. جا کە قەرار بێت بە خوێندنەوە فێر ببیت فرە فەرق ناکات خەڵکی کوێ بیت.
بەڵام شتێک هەیە بابەتی ئەدەبی کوردیە:

زمانی ئەدەبی سۆرانی، موکری ــ سلێمانییە.
ئەگەر سلێمانی یان موکری بیت و ژیر و باهووش بیت ڕاحەتتر لەگەڵیدا نزیک و سەمیمی دەبیتەوە.
ئەگەر ژیر و باهووش نەبی، فەرق ناکات. ئیسە نموونەیەکت نیشان بدەم. سوارە دەڵێ:
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش.
تۆ ئەگەر موکری بی ئاسانتر ئیستعاری بوونی ئەو زمانە تێ دەگەی تا کەسێک کە ناموکریە.
خاراندن بە سوورکردنەوەی سواڵەت لە کوورەدا دەڵێن. ئەگەر موکری بی چوون ئەو وشەیە لە ژیانی ئاسایی خەڵکیشدا هەیە، جوانتر هەست دەکەی کە دەرد و ئێش بە گەرمای کوورە چوێندراوە.

کابرا کە باهووش نەبێ و موکریانی نەبێ و تەنیا سووکە سەیرێکی هەنبانەکەی هەژار بکات کە تێیدا "خاران" بە "آماده برای انجام کار"، مانا کراوە، وا تێ دەگا کە سوارە گووتوویە؛ گیانمان بە دەرد و ئێش ئامادە بوو. لەو حاڵەتەدا هەر تەنیا لە ماناکەی تێ دەگات، ئیستعاری بوونی زمانەکە و ئەدەبی بوونی زمانەکە نابینێ.

کابرا کە پەیجۆر و باهوش بێت و کوردبوونی بۆ گرنگ بێت؛ بەرەبەرە بە خوێندنەوە و بیرکردنەوە هەموو شتێ تێ دەگا و لەگەڵ زمانەکە سەمیمی دەبێتەوە.

من پێم وایە مەهابادیبوون بۆ کەودەنەکان ــ کە لە هەموو ناوچەیەک زۆرینەن ــ زیانی هەبووە. کابرای کەودەن لە سەرەتاوە تووشی ئەو کەرێتییە دەبێ کە دەڤۆک و شێوەزاری من ڕەسەنترە. ئەمە وای لێ دەکات خۆی زەحمەت نەدا فێر ببێ. وەک منداڵێکی خواپێداوی خوێڕیلە کە لەبەر سامانی باوکی فێری کارکردن و ڕەنج کێشان نابێ.

کەودەنی بەدبەختییەکی گەورەیە. فەرق ناکات جافوولکە بی، مو"کەر"یانی بی، "کەر"هوڕ بی هەرچی بی، بەدبەختییە؛ بەڵام مەهابادی بوون لە بابەتی کوردی‌فێربووندا بۆ کەودەنەکان بەدبەختییەکی گەورەترە.

کابرا ژیر بێت بەرەبەرە بەڕەی خۆی لە ئاو دەر دەکێشێت، ئیتر ئەو ئاوە ئاوی زمکان و زرێبار و ئەڵوەن بێ یان ئاوی کەڵوێ و گۆمەشین.

لێرەدا ئەگەر لە جێی من ــ کە قوربانی ناوچەگەرییەکی حیزانە بووم ــ کەسێکی نووزەڵ و خۆشگلەیی بوایە؛ یەکسەر باسی ناوچەگەری دەکرد؛ بەڵام من بڕوام وایە نووسین بە زمانی ئاخافتن هێندە کە لە کەرێتی و کەودەنییەوە سەرچاوە دەگرێت، نیوی نیوهێندە لە ناوچەگەرییەوە سەرچاوە ناگرێت.

ناوچەگەری ئەگەریش پەرەی بە نووسین بە زمانی ئاخافتن دا بێت، ناڕاستەوخۆ ئەو کارەی کردووە.
ناوچەگەری له بڕێک شوێندا وای کردووە کەودەن و خوێڕییەکان خۆیان بە خاوەنی بابەتی کوردی بزانن. تەبعەن کاتێک کەودەن خاوەنداری لە بابەتێکی جیددی وەک نووسین و ئەدەبیات دەکات هەموو جۆر کەودەنییەک ڕوو لە کوردی دەکات لەوانەش نووسین بە زمانی ئاخافتن.

1 month, 2 weeks ago

کاک شادمانی مرادی:
"هەر بەجیدی ئێستا ئەوەی گاڵتەجاڕ و سەقەتبێژ و سەقەتنووسە، مەهابادین!
بۆ وایان لێ هاتووە؟
جاران هەستم دەکرد منێک کە سۆرانی یان موکریانی نیم زۆر دەبێ هەوڵ بدەم بۆ کوردیێکی پاراو و زۆرتر بخوێنمەوە؛
بەڵام ئەوان کاریان ئاسانترە،
ئێستا دەبینم کە ئەو ڕوانینە هەڵەیە!".

1 month, 2 weeks ago

ناوچەگەری و کەرێتی

لەسەر ئەو نووسراوە شەق و شڕەی یەدوڵڵا شاکری هیچم نەنووسی، چون پێم وایە گێلانەیە باسی نووسین بە زمانی ئاخافتن بکرێت و سەرەتا باسی بەربڵاوی ئەو دیاردە عەوامانەیە لە موکریان نەکرێت. ئەگەر پێشتر باسی باویی ئەو گێلییەم لە بنووسانی موکریاندا بکردایەت؛ ئێستا ئاسوودەتر بووم باسی گێلیی و قەوچەیی یەدوڵڵا شاکری بکەم.

فەرقی نووسین بە زمانی ئاخافتنی موکریانی و ئەردەڵانی ئەوەیە؛ له ئەردەڵانییەکەدا زەقتر دیارە زمانەکە زمانی ئاخافتنە نەک نووسین. ئەگەر لەسەر نووسین بە ئاخافتنی ئەردەڵانی بە دەنگ بێیت، بەڵام لەسەر نووسین بە زمانی ڕۆژانە و زمانی گەڕەکەکانی بۆکان و مەهاباد بە دەنگ نەیەیت و تەنانەت پێیشی نەحەسی، نیشاندەری ناهۆشیارییە.

ماوەیەک لەمەوبەر ستۆرییەکم لەسەر زمانی شەق‌وشڕی عەبدولقادری نیازی دانا. کاک شادمانی مرادیی ئازیز ڕیپڵای کردبوو. لێرەدا ئەو بۆچوونانەی خۆم کە بۆ کاک شادمانم ناردبوو و پەیوەندیی بە بابەتەکەوە هەیە دادەنێم.

We recommend to visit

Contact Us: @HVBook

Last updated 1 month, 1 week ago

❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
‌.
.
‌تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H

Last updated 1 month, 2 weeks ago

?? ? ??

WE LOVE HELICOPTERS!!!

Last updated 10 months ago