?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months, 1 week ago
📘هەزار و یەک شەوی ئەفغان
✍ئەحمەد بیرانوەند
🖍و:عەلی سوهرابی
شەوی ئەوەڵ:
با لە چوارلاوە عەتری تۆ دێنێ
حەلیم، دەنگی تۆ بوو لە ناو دەشتا زرنگاوە یان دەنگی دایە کە هەرای ئەکرد: -دەنگی کێ بوو حەلیم؟
پێموابێ هەمیسان بە پێچەوانەی با ، قژت لە ئاسمانا دەکەیتەوە و ئاڵۆزیی پرچی تۆیە کە گڕ بەرئەداتە با.
حەلیم خوشکێ، پێم گوتی بە پێچەوانەی با ڕامەکە.ئەوجۆرە کە شڵەژاو ڕائەکەی، ئەوجۆرەی کە با دەئاڵۆزێنی، ئەترسم بۆنت بگاتە لووتی ئەم سەگە پەتبڕیوانە، ئەم نامۆ بە عەتری ژنانە و ئاڵۆشیان تێکەوێ.
ئەوانە چووزانن کە زەوی قەندەهار بە تۆوە سەرهەڵئەدات کاتێ بوێرانە ڕووبەندەت لا ئەدەی؟ نازانن کە بەرامەی قسەی تۆیە کە لە دەشتا بڵاو ئەبێتەوە ،ئەوکات کە بە مسافرێ سەر لێ شێواو، نەجیبانە ئەڵێی: ڕێگای کابول لەم لاوەیە.
شەوی دووهەم:
کورتەپەیامێ بۆ دایە
حەلیم من مەرگم دی کە لە تەنیشتی مەزرای خەشخاشەوە تێپەڕی.سڵاوی لە باوکم کرد کاتێ لە سەر پێیەکی وەستابوو. لە سەر گوێسوانی کاگڵییەوە پەڕایە حەوش.دایکمی دیت لە بەرێوان دانیشتووە.پچەیەکی بە گوێدا کرد.دایکیشم شڵەژاو تا بەیانی کەزیەی تۆی شانە کرد.
بەیانی پرچتیان بڕی.جلی پیاوانەیان لەبەرکردی و بێ ئەوەی شتێ بڵێن،گوتیان ڕێگایێ درێژمان لەبەرەو هەروەها مسافرین.
خاتوو حەلیم دەنگی تۆ بوو لە دەشتا دەزرنگایەوە یان قریشکەت بوو کە بە خێرایی بەناو گشت سیللوولەکانما تێپەڕی؟بەگومانم ئەم توورەکە ڕەشانەش وا کردوویانە بەسەرما بۆ ئەوەیە کەس فرمێسکەکانم نەبینێ.کە کەس نەبینێ بۆچی تۆیان بە کۆڵەکەی بەرهەیوانەوە بەستوەتەوە. کەس نەبینێ کە چۆن
چۆن
چۆن ڕووت بووەوە.
ئەم کیسە هەرچەندیش ڕەش بێ بەڵام ڕووڕەشی پیاوی ماڵ ناشارێتەوە.
شەوی سێهەم:
کاتێ کە خاکیش ڕێبوارە
بەڕاستی حەلیم چییان چپاندووە بە گوێی خەڵکانی ئێمەدا کە گوایە ئەبێ تا کۆتایی ژیان ڕێبوار بمێننەوە؟ ئاخۆم ئەبێ کەسێ لەم چۆڵگەدا بگاتە شوێنێ، ئاخر هەنگاومان کەم هێناوە؟
شەوێک بە خەو دیتم کە گەیشتووینەتە وڵاتێ کە گوایە نێوی نیشتمانە.تۆ لە ژێر تاقەدارێکا دانیشتی و گوتت خۆڵی ئەم دەشتە بۆنی خۆشی مانەوە ئەدات.بێڵە با توویەک بچێنین.
- توو؟
تۆ گوتت با زووبەزوو گوڵ بدات.
لە خەو کە هەستام نە تۆ بووی و نە درەخت.تەنیا لە دوورەوە دەنگی گریانی ژنێ، خەوی زەویی دەشڵەژاند.من بە خۆم گوت هێورتر،
نەوەک گریانت ببیستن.
شەوی چوارەم:
شەوێ بۆ هەموو گەلەکان
ئەدەن بە سەر پەشتوون دا ئەدەن بە سەر تاجیک دا. ئەدەن بەسەر هەزارەدا... حەلیم لە ئێمە ناپرسن کێین، تەنیا لێمان ئەدەن و ئێمەیش لە نێو ڕەشایی ئەو دەسرەی چاومانی پێ بەسراوە ، بیر لەوە ناکەینەوە کە ڕۆژە یان پاییز چەن ڕۆژی ماوە.ئیمە تەنیا کەسانێکین کە ئەزانین جیهان دەسرۆکەیەکی ڕەشە کە چاومانیان پێی بەستووە.کاتێ کە هەڵواسراوم و جیهان سەرەوخوار ئەبینم بەخۆم ئەڵێم ئاخۆم دنیا ئەگەڕێتەوە بۆ دوا؟ئاخۆ کەسێ بۆ یاخییەکان، هەمیسان ئاهەنگی"بۆنی جۆگەی موولیان، بۆنی گوانتانامۆ، بۆنی تاڵەبان، دێت" ئەخوێنێ؟ئاخۆم کەسێ یادی یاری مێهرەبان ئەکات؟...بەڵام ئەم سەتڵە ئاوە ساردە کە جاروبار زستان ساردتر ئەکات، گیانەسەری کردووم. تاجیک و پەشتوونیشی گیانەسەر کردووە. باوکمیشی گیانەسەر کردبوو.ئیتر لە بیرم چووەتەوە کە ئەبێ پیاو بم یان ژن، کاتێ کە هەر شەو جەستەی ڕووتم ئەدەنەوە بە ڕووی براکانما .
ماڵم لە کوێیە حەلیم؟
ئەو شوێنەی کە تۆ بێ ترس و لەرز لە بێگانە ڕووبەندە لادەی و لە نێو ئاوێنەدا چاوت خومارکەی بۆ کەسێ کە دیارنییە لە کوێی مەزرای خەشخاش تەرمەکەی ون بووە.
دوایین شەو:
یادگاری سەربازەکان
فەرق ناکا لە بامیانی یان لە بەلخ، خۆرهەڵسان لە کابول ئەبینی یان بەدەخشان.جەستەتیان کە دا لە برق لە هەر شار و ڕەگەزێ بی دەلەرزێی. دەبیتە هاوارێکی بێ بڕانەوە کە لە هەموو سللوولەکان تێدەپەڕێ تا دەگاتە پاسەوانەکەی بەر دەرکە.قەمچی لێت ناپرسێ لەکام لادێوە گەیشتوویەتە ئێرە، تەنیا گۆشتی جەستەت کەوو ئەکاتەوە.هەروا کە حەلیم، سەربازەکان لێیان نەپرسیتی کەنیشکی یان نا. تەنیا پێکەنین و تووی نەناس و بێگانەیان چاند. پاشان سیغارەکانیان داگیرساندو گەڕانەوە بۆ سەر پۆستەکانیان. سەربازەکان هەمیشە دەگەڕێنەوە حەلیم. ئەمە نەریتێکی کۆنە کە خەڵکی لادێ باش لەبەریانە.وەک بڵێی سەربازەکان ناچارن بەردەوام دەسدرێژی بکەن. ئەمە هەموو ئەزانن.بەتایبەت کەسێ کە سەفەری قەندەهاری کردبێ ...
حەلیم ئێستا تۆ ماویتەوەو زگێ پڕ، کە نازانم ڕووت هەیە بگەڕێیتەوە ماڵێ یان نا.
ئێستا ئێمە داماوین کە منداڵی دوژمن،
کە لە زگی تۆدایە،
خۆشمان بوێ یان نا.
✏️ @hallvest 👈
?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months, 1 week ago