?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months ago
هەڵە باوەکانی زمانی کوردی
لە هەموو زمانێکدا گەلێک هەڵەی باو هەن کە لای خەڵک جێ کەوتوون و ڕەنگە هەرگیزیش نەکرێت بەتەواوی بسڕێنەوە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەوانە دەکەین کە هیوادارین بەرە بەرە دروستەکانیان جێگیر بکرێن:
هەستا بە گێڕانی ئاهەنگێک. (لێرەدا هەستا بەپێی تایپۆلۆجیی عەرەبی داڕێژراوە) دەبێت بوترێت:
ئاهەنگێکی گێڕا.
فڕۆکەخانەی هەوڵیری نێودەوڵەتی. (ئەمە بەپێی داڕشتنی عەرەبی داڕێژراوە) دەبێت بوترێت:
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
زانکۆی هەولێری پزیشکی (ئەمە داڕشتنێکی کوردی نییە) دەبێت بوترێت:
زانکۆی پزیشکیی هەولێر
قوتابخانەی زەڵمی بنەڕەتی تێکەڵاو (داڕشتنێکی ناکوردییە) دەبێت بوترێت:
قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵی زەڵم
سەنتەری کوردستانی نێودەوڵەتی. (داڕشتنێکی ناکوردییە)، دەبێت بوترێت:
سەنتەری نێودەوڵەتیی کوردستان.
ئەمریکی (داڕشتنێکی عەرەبییە). وڵاتەکە ناوی “ئەمریکا”یە، کەوا بێت دەبێت بوترێت:
ئەمریکایی
فەرەنسی (داڕشتنێکی عەرەبییە). وڵاتەکە ناوی “فەرەنسا”یە، کەوا بێت دەبێت بوترێت:
فەرەنسایی
ئەلفوبێ، ئەلفبێ باشترە بنووسرێت:
ئەلفبێ چونکە وشەی لێکدراو هەتا بکرێت باشترە بەبێ ناوبەند بنووسرێت.
بەتوانا، (هەڵەیە، چونکە “توانا” خۆی واتاکە دەگەیەنێت و پێویست بە پێشگری “بە” ناکات. واتە:
توانا دروستە. وەک چۆن دەوترێت “زانا” و کەس ناڵێت “بەزانا”.
شێوەی پێکهاتن:
توانا: ڕەگی توانین (توان) + پاشگری “ا”: توانا.
زانا: ڕەگی زانین (زان) + پاشگری “ا”: زانا.
بەروار هەڵەیە چونکە ناوی ناوچەیەکە. دروستەکەی دەبێتە:
ڕێکەوت
مەسعوودمحەمەد:
جێناو، نەک ڕاناو.
بەرهەمە زمانەوانییەکانی ئەوڕەحمانی حاجی مارف:
بەرانبەر، نەک بەرامبەر.
سەرپەرشت، نەک سەرپەرشتیار.
سەرنجڕاکێش، نەک سەرنجڕاکێشەر.
پێوەندی، نەک پەیوەندی.
پێڕۆ، نەک پەیڕەو.
ناوە ئینگلیزییەکان بەپێی عەرەبی و فارسی نەنووسینەوە، چونکە ئێمە پیتی خۆمان هەیە بۆ دەنگە ئینگلیزییەکان. لە عەرەبیدا (ڕیچارد) بە (ریتشارد) دەنووسنەوە. ئێمە پیتی “چ”مان هەیە. بۆیە دەبێت بنووسین: ڕیچارد.
هەروەها:
(ئەرشیف/ آرشیو) بە (ئەرشیڤ) دەبێت بنووسرێت.
(بانق) بە (بانک)،
(صین) بە (چین)،
(یابان) بە (ژاپۆن)،
(غوستاف) بە (گوستاڤ)،
(مارغاریتا) بە (مارگاریتا)،
(غابرییل غارسیا) بە (گابریەل گارسیا)،
(غاندی) بە (گاندی) بنووسرێنەوە.
سەدان ناوی تر هەن کە لە فارسی و بەتایبەت لە عەرەبیدا نووسینەوەیان گۆڕانیان بەسەر هاتووە و دەبێت هەوڵ بدەین بە ڕێنووسی کوردی بیاننووسینەوە.
تەنیا هەبوونی وشە و زاراوەی زانستی بەس نییە، دەقیش گرنگه
ڕەنگە لەناو فەرهەنگە زانستییە کوردییەکاندا، زۆر وشە و زاراوەمان بە کوردی هەبێت، بەڵام ئەوانە بەس نین. ئێمە دەبێت دەقی زانستیی زۆرمان هەبێت. دەقی زانستی دەبێتە هۆی ئەوەی کە زاراوەکان جێ بگرن و بکەونە بەردەستی خەڵکی ئاسایی. خەڵک چاویان بەو جۆرە زاراوانە ڕابێت. ڕەنگە بەئاسانی بتوانین دەقێکی زانستی بە یارمەتیی فەرهەنگە زانستییەکان بکەینە کوردی، بەڵام گرنگە ئەگەر لەولاشەوە دقەکە بە کوردی بخرێتە بەردەستی کەسێک کە زمانێکی تر دەزانێت، بتوانێت ڕاستەوخۆ بیری بۆ زاراوە زانستییەکانی زمانی دووەم کە لەو زمانەدا باوە بچێت.
واتە زاراوەی زانستی دەبێت لە زمانەکەماندا جێ کەوتبێت.
زمانەکەمان پێویستی بە دەقی زانستیی زۆر زۆرە. هەر بۆیە تکایە زانست بە کوردی وەربگێڕنەوە یان بنووسن.
گرنگیی ئامرازی دانەپاڵی "ی" لە زمانی کوردیدا
ئامرازی دانەپاڵی "ی" ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە دروستکردنی واتا و پێکهاتەی ڕێزمانیی دروست لە زمانی کوردیدا دەگێڕێت. ئەم ئامرازە نەک تەنها پەیوەندیی نێوان وشەکان دیاری دەکات، بەڵکوو بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی نووسەر و خۆپاراستن لە لێکدانەوەی هەڵە زۆر پێویستە.
لە زمانی پێوەر و ئەدەبیدا، بەکارهێنانی دروستی ئەم ئامرازە نیشانەی پابەندبوونە بە ڕێزمانی ستاندارد و پیشاندانی توانای زمانەوانییە. بۆ نموونە، جیاوازیی نێوان "سلێمانی جوان" (کەسێک بە ناوی سلێمان) و "سلێمانیی جوان" (شاری سلێمانی) تەنیا لە ڕێگەی ئەم ئامرازەوە دەردەکەوێت.
کەمتەرخەمی لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازەدا دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی واتا و کەمکردنەوەی کاریگەریی پەیامی نووسراو. هەر بۆیە، گرنگە نووسەران و خوێندکارانی زمانی کوردی بایەخێکی تایبەت بەم لایەنەی ڕێزمان بدەن و لە نووسینە فەرمی و ئەدەبییەکاندا بەوردی پەیڕەویی لێ بکەن.
بەم شێوەیە، ئامرازی دانەپاڵی "ی" وەک بەردی بناغەی ڕێزمانی کوردی، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی دروستی و ڕوونیی زمانەکەماندا دەگێڕێت.
بۆ ئەوەی بە کوردییەکی باش بنووسیت و قسە بکەیت، پێویستت بە سێ شتی سەرەکییە:
ڕێنووس، ڕێزمان و وشە.
ئەم بەستەرانە، باشترین یارمەتیدەرن بۆ ئەو مەبەستە:
بۆ ڕێنووس:
http://diyako.yageyziman.com/%DA%95%DB%8E%D9%86%D9%88%D9%88%D8%B3/#25
بۆ ڕێزمان:
http://diyako.yageyziman.com/%da%95%db%8e%d8%b2%d9%85%d8%a7%d9%86/
بۆ وشە:
http://diyako.yageyziman.com/%d9%88%d8%b4%db%95%d9%86%d8%a7%d9%85%db%95/
بۆ ئەوانەی ڕێگەیان پێ نەدراوە یان نادرێت بچنە قوتابخانە و خوێندنگەی کوردی:
کتێبەکانی قوتابخانە:
http://diyako.yageyziman.com/%DA%A9%D8%AA%DB%8E%D8%A8%DB%8C-%D9%82%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%A8%D8%AE%D8%A7%D9%86%DB%95/20/11/2020/
فێرگەی زمانی کوردی
ڕێزمان - فێرگەی زمانی کوردی
ڕێزمان ڕێزمان چییە؟ دیاکۆ هاشمی ڕێزمانی کوردی، نەریمان خۆشناو ڕێزمانی کوردی، پۆلی دوازدەهەمی ئامادەیی ڕێزمانی ئاخاوتنی کوردی، بەپێی لێکۆڵینەوەی لێژنەی زمان و زانستەکانی کۆڕی زانیاریی کورد چەند بابەتێکی ڕێزمانی کوردی، د. ڕەفیق شوانی ئەو وشانەی لە چاوگەوە…
ئایا زمانی کوردی لە باشوور تێک دراوە؟
جاروبار لێرە و لەوێ دەبیستین کە کورد لە باشوور زمانی کوردیی تێک داوە.
با هەڵوێستەیەک لەو بارەیەوە بکەین و بزانین تا چ ڕادەیەک ئەم قسەیە وایە یان نە.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە زمان ڕێپێنەدراو بێت و خەڵک بەگشتی بە زمانی باڵادەست قسە بکەن، هەموو گەشەسەندنێکی لێکۆڵینەوەیی، ڕێزمانی، زاراوەسازی، زمانەوانی و گشتاندنی زمان قەتیس دەمێنێت. کورد بە کوردی ناخوێنێت و خەڵک بەگشتی زمانەکەی لەژێر کاریگەریی زمانی باڵادەستدا تێک دەچێت. تەنیا زمانێکی ئاسایی بەکار دەهێنێت لە ئاستی قسەکردنی ڕۆژانە و گۆرانی و هەواڵ و هۆنراوە. چەمک و زاراوە زانستی و بەربڵاوەکانی بوارە جۆربەجۆرەکان هەرگیز جێگیر نابن، چونکە خوێندن بە کوردی نییە. بەڵام لەو کۆمەڵگەیەی کە زمان، زمانی قوتابخانە و ڕاگەیاندن و حکوومەت بێت، زمان لە سەدان لاوە ناچارە گەشە بستێنێت.
لە باشووردا قوتابخانەکان بە کوردین، لە زانکۆکاندا لقی زمانی کوردی لە ئاستی ئەکادیمیکدا دەخوێنرێت، دەیان پسپۆڕ و زمانەوان و شارەزای زمانی کوردی و هەزاران مامۆستا بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن کە زمانی کوردی بتوانێت لەو ئاستەدا گەشەسەندوو بێت تا بکرێت قوتابخانە و خوێندنگە و فێرگە بە کوردی بەڕێوە بچێت. بەردەوام کار لەسەر تاووتوێکردنی زمانی کوردی لە بنەما سەرەتایییەکانی زماندا دەکرێت، واتە لە فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، سینتاکس، سمانتیک، پراگماتیک و هتد. دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بە کوردی و لەسەر زمانی کوردی دەکرێت.
زمانی کوردی لە زمانی گێڕانەوەی دەقی فۆلکلۆری بووە بە زمانی نووسینی بابەتی زانستی و یاسایی و ئەکادیمی. لە ماوەیەکی نە زۆر درێژدا لەبەر بوونی دەزگای ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن و هتد، سەدان و هەزاران کتێب وەرگێڕدراونەتەوە و هەروەها فیلمێکی ئێجگار زۆر دۆبلاژ کراونەتەوە سەر زمانی کوردی. ئەمە باشترین ڕێگەیە کە زمان بگشتێنرێت و تەنانەت خەڵکی نەخوێندەوار بە زمانەکە ئاشنا بکرێت و بەبێ پێویست بە قوتابخانە فێری دەق و شێوەی قسەکردنی کوردی بکرێن.
لەو پاڵەشدا دەکرێت لەبەر لەز (پەلە، خێرایی) و زۆریی بوارەکان و بابەتەکان و لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدا کۆمەڵێک وردەهەڵە یان کەموکووڕی لێرە و لەوێ ڕووی دابێت. بێگومان ئەو هەڵانە دەبێت ڕاست بکرێنەوە، بەڵام ئەوانە لە ئاستی گەشەسەندنەکانی تری زمان لە باشووردا هەر هیچ نین و ناڕەوایە گەشەسەندنەکانی تر لەبەر چاو نەگیرێن و ئاماژەیان پێ نەکرێت و هەموو باشوور سزا بدرێن.
ئەگەر بێت و لەسەر ئەو شێوە قسەکردنەی کوردی لە پارچەکانی تر بەگشتی قسە بکەین و بەڵگەکان لەبەردەستدا بن، ئەوە دەتوانین زۆر هەڵە بخەینە بەرچاو کە لەوێش ڕوو دەدەن.
هەر بۆیە باشترین شێوە ئەوەیە کە هەرگیز لە کاتی هەڵەیەکی زمانیدا پارچەیەک لە کوردستان بەگشتی تاوانبار نەکەین. هەر نموونەیەک دەهێنینەوە با بۆ ئەوە بێت کە هەڵەیەک بخەینە بەرچاو و بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکە پێشنیارێک لە پاڵیدا دەستنیشان بکەین، نەک هەموو پارچەکە سزا بدەین و دڵی یەکتر بشکێنین.
لە هەموو لایەکدا زمانزان و کوردیزانی باشمان هەیە، بەڵام چونکە خوێندن بە زمانی کوردی ئازاد نییە، کەوا بێت زمانەوان و پسپۆڕی ئەکادیمیی زمانمان بە کوردی و لەسەر زمانی کوردی نییە، بەڵام لە باشوور بەپێچەوانەیە، زۆر دەرچووی کۆلێجی کوردیمان هەیە کە کوردییان لە زانکۆدا خوێندووە.
لە هیچ پارچەیەکدا بە ڕادەی باشوور ڕاژەی زمانی کوردی نەکراوە. لە هیچ پارچەیەکدا ڕێزمان بەو وردییە بۆ زمانی کوردی دانەڕێژراوە و بەو ڕادەیە مامۆستای شارەزا و پسپۆڕی ڕێزمانمان نییە. بۆیە ئاماژە بەو خاڵە دەکەم، چونکە ڕێزمان بنەمای زمانە. گەشە لەوێ دەکرێت.
کتێبە زانستییەکانی وەک فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەزانی، یاسا، ڕاگەیاندن، پزیشکی و هتد کراونەتە کوردی. خەڵکی پسپۆڕ کاتیک لە دیمانەیەکدا باسێکی زانستی دەکەن، زۆر بەباشی بە کوردییەکی پاراو قسە دەکەن و قسەکانیان پڕ نییە لە وشەی زمانی باڵادەست.
هەڵبەت ئەوەش مانای ئەوە نییە کە لە پارچەکانی تردا کار بۆ زمانی کوردی نەکرابێت یان پسپۆڕ و شارەزای زمانی کوردیمان نەبووبێت یان نەبێت. کەسی وامان هەبووە کە بەتەنیا قوتابخانەیەک بووە بۆ زمانی کوردی. بەڵام ئەو کارانە ئەگەر لە کۆمەڵگادا جێگیر نەکرێن، ئەگەر پسپۆڕەکانمان سوودی لێ وەرنەگرن، ئەگەر خەڵک بەکاری نەهێنن، دەنگدانەوەی نییە و کاریگەرییەکی گشتیی نابێت.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە کۆمەڵێک هەڵەی ڕێزمانی لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدا بڵاو بوونەتەوە کە ڕەنگە گۆڕانیشی ئاسان نەبێت، بەڵام نەلواو نییە. بوار هەبووە و دەبوا لەمێژە ڕاست کرابانەوە. بەوەشەوە ئەو هەڵانە لە ئاستی ئەو هەموو کارە باشەی کە بۆ زمانی کوردی کراون هەر هیچ نییە.
دەنگی کوردستان لە شەست و نۆیەمین ساڵیادی تەمەنیدا
ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتنێکی تردا، خۆر سترانی لەدایکبوونی پیاوێک دەچرپێنێت کە دەنگەکەی گۆرانیی ڕۆحی کوردستانە. ناسر ڕەزازی، هونەرمەندێک کە زیاتر لە نیوسەدەیە گۆرانی و سروودی هەتاهەتایی دەچڕێت و بە سەمای پەیڤەکانی و مێلۆدیی سەرسامکەر، تانوپۆی ڕۆحی هەموو کوردێکی هەژاندووە.
دەنگی ناسر ڕەزازی زایەڵەی خۆشەویستی و ئازاری مرۆڤەکانە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی هەزاران ساڵەی مێژوودا داکوتاوە. گۆرانی و سروودەکانی، هەڵگری داستان و دابێکن کە لە دڵی چیا بەرز و دەشتە سەوزەکانی کوردستانەوە سەرهەڵدەدەن و شۆڕشێک لە هەژان و سۆز لە ڕۆحی هەر گوێگرێکدا دەئافرێنن.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی لەدایکبوونی ئەم گەورەهونەرمەندەدا، گۆرانیی خۆشی و شادی لە کەنارەکانی کوردستاندا زایەڵەی دێت. زۆر کەس لەگەڵ هەر بەیتێکی گۆرانییەکانیدا پێداچوونەوە بە یادەوەری و کێیەتیی خۆیان دەکەن و بە هەر یەکێک لە گۆرانییەکانی سەمای ڕۆحی خۆیان نیشان دەدەن.
ناسر ڕەزازی گەنجینەیەکی بەنرخە بۆ فەرهەنگ و هونەری کوردستان. بە دەنگە ئەفسوناوییەکەی، داستان و خۆشەویستیی لەسەر تابلۆی بوون هەڵکەندووە و گۆرانیی وای چڕیوە کە هەتاهەتایە لە یادەوەریی نەتەوەی کورددا دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ لە شەست و نۆیەمین ساڵیادی ئەم هونەرمەندە بێ جێگرەوەدا، لەبەر ساڵانێک ماندووبوون و خۆشەویستیی بێوچانی بۆ مۆسیقا و فەرهەنگی کوردستان، ڕێزی لێ دەگرین و هیوای لەشساغی و تەمەندرێژیی بۆ دەخوازین.
ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، دەنگی هەرماوی کوردستان!
زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا، دیاکۆ هاشمی
فێرگەی زمانی کوردی
زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا - فێرگەی زمانی کوردی
زاراوەسازی لایەنێکی سەرنجڕاکێشی زمانە کە وا دەکات بە تێکەڵکردنی مۆرفیمە هەبووەکان بە شێوازی جیاواز وشەی نوێ چێ بکرێت. لە زمانی کوردیدا، وەک لە زۆر زمانی تردا، بۆ پێکهێنانی وشەی نوێ، چەند ڕێگایەک هەیە، لەوانە زیادکردنی پێشگر و پاشگر، بە ئاوێتەکردنی وشەکان…
قوتابییە سویدییەکە پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی ئێوە وشەی شەهید بۆ هەموو کەسێک بەکار دەهێنن؟ منیش وتم بۆ هەموو کەسێک نییە، بۆ ئەوانەیە کە لە ڕوانگەی کەسەکانەوە ئەو شتە پیرۆز بێت بۆ نموونە ئایین یان نیشتمان یان ئەگەر بەبێتاوان بکوژرێن. وتی واتە ئەو کەسانە خۆشەویستن؟ وتم: بەڵێ.
وتی: من سەگێکم هەیە زۆرم خۆش دەوێت، ئەگەر بکوژرێت بۆم هەیە بڵێم شەهید بووە؟
وتم: ناااااااا، هەرگیز شتی وا نەکەیت، چونکە "شەهید" تەنها بۆ مرۆڤ بەکار دەچێت. بۆ ئاژەڵ، بەتایبەت بۆ سەگ هەرگیز بەکار ناهێنرێت، ئەوە جۆرێک لە سووکایەتییە بە هزری خەڵک.
وتی باش بوو وتت. چونکە لە ماوەی باسکردن لەسەر ئەم وشەیە بیرم لەوە دەکردەوە کە من شتێکی نوێ فێر بووم و دەتوانم بەکاری بهێنم.
ئەم نموونەیە ڕوونی دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە وشە هەندێک جار گرێ دراوە بە فەرهەنگ و کولتووری خەڵکەوە.
٥. گۆڕانکاریی زمانەوانی و شێوەزار: زمانی کوردی وەک هەموو زمانەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری و گەشەسەندنی بەسەردا دێت. هەروەها زمانی کوردی خاوەنی کۆمەڵێک زار و شێوەزارە. ئەو وشانەی کە زۆر کەم لە زمانی ئەدەبیدا بەکار هێنراون ڕەنگە تێگەیشتنیان قورس بێت بۆ کەسێک کە دەیەوێت زمانی کوردی فێر بێت.
بۆ نموونە لەو خولەی ئێمەدا هەواڵ و ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکانمان دەخستە بەرچاویان بۆ ئەوەی هەم فێر بن و هەمیش تێی بگەن یان بیکەنە سویدی.
قوتابییەکان زۆر زیرەک بوون لە فێربوون و تێگەیشتنی ئەوەی کە ئەمڕۆ وەک زمانی ئەدەبی و زمانی ڕاگەیاندن جێ کەوتووە. بەڵام هەر کە دەهاتە سەر زارەکانی تر یان شێوەزارەکانی تر، بۆیان قورس بوو و یەکسەر هەستیان دەکرد کە ئەو دەربڕینانە لەگەڵ ئەو زمانە ئەدەبییە کوردییەی کە ئەوان کاریان لەسەر کردووە جیاوازیی هەیە.
لەوانەیە دەربڕینی نامۆ و وشەی نوێ دەربکەون، کە ڕەنگە بۆ بیانییەکان ئەستەم بێت بە دروستی لێیان تێ بگەن یان بەکارهێنانیان قورس بێت. ئەمەش دەتوانێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی فێر دەبن یان بۆ ئەو کەسانەی دەقەکان بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕن، جێگەی مشتومڕ بێت.
پوختە
ڕۆنان و چێکردن و دروستکردنی وشە بە زمانی کوردی ڕەوت و پرۆسەیەکی سەرنجڕاکێشە کە وا دەکات بتوانرێت وشەی نوێ بۆ دەربڕینی بیرۆکە و چەمکی نوێ دروست بکرێت. بەڵام سەرەڕای نەرمی و خۆگونجێنی، هەندێک ململانێ و ئاستەنگ هەن کە ڕەنگە بۆ ئەوانەی فێری زمانەکە دەبن یان لەسەر وەرگێڕان کار دەکەن، سەر هەڵبدەن. مرۆڤ بە تێگەیشتن لە ڕێساکانی مۆرفۆلۆژی و گۆڕانی مانا و گۆڕانی زمانەوانی، دەتوانێت بەو ئاستەنگانەدا بڕوات و فرەچەشنیی دەوڵەمەندیی وشەکان لە زمانی کوردیدا بەرز بنرخێنێت.
?? ? ??
WE LOVE HELICOPTERS!!!
Last updated 7 months, 3 weeks ago
Last updated 3 months ago