❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
.
.
تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H
Last updated 1 month, 1 week ago
ژمارەکانی بەهار بسڕەوە
.
یوونس ڕەزایی
.
.
هەموو ژمارەکان
لە دەفتەرەکەت بسڕەوە
گشت ناوەکان
تا سبەی لە بیر بەرەوە
وێنەکان بەدەم با دادە
خۆت بمێنەوە و بێدەنگییەکی سپی
ئاژاوەیەکی لێڵ
خەیاڵێکیش کە پڕاوپڕە لەسەفەر
ژمارەی منت
بە نیشانەی غوربەتیی وەبیر بێتەوە
ژمارەی کەسێکی دیکە
بە ئاماژەی هەورێکی دوور.
ناوی من لەبیر مەبەوە
بەڵام بڵێ
ناوم شتێکی وەک سێبەری با بوو
ناوی دار لەبیر ببەوە
با بەهار نەناسرێتەوە بەو زووانە
هی ئەو کاتەش
کە لەچوارچێوەی کاتژمێر دەر کەوتووە.
ئەگەر کوتیان ناوت چییە
بڵێ: من لاپەڕەیەک بووم لە تەنیایی کات
وردە وردە هەزار و یەک لاپەڕەم نووسیوە و
شەهرزادی شەوەکانی نیشتمانم.
ئەگەر کوتیان چیرۆکێک بگێڕەوە لە بەفر
بڵێ: بە ناوی بڵێسەوە دەست پێدەکەم
یەکێک بوو، دەینووسی ئاور
یەکێک بوو، نەیدەنووسی بەستەڵەک
رۆژێک کلوو کلوو ببوو
برینەکانی پەنجەرە
وەرز لەوانەبوو
ببێتە ناوی خوازراوی باران
یەکێک سواری پشووی خۆی بوو
دەستی دا بە خیابان
و
چۆم ژیاوە
لاقی دا بە کۆڵان
و
کانی راچەنی
چاوی دا بە ئاسمان
و
خۆر باڵای شمشێرێک باڵی کێشاوە
لە سەردیوار باڵندە شین بوو
لە نێو دەفتەردا بەڕوو عازەب بوو
رێگاکان
بوونە هێڵی سەوزی کات
منارەکان
پڕ بوون لە کەو
کە دەنگیان هەڵبڕی پڕ بە کتێبی پیرۆز.
کچێک دەبێتە رووبار و
دەڕژێتە کاتمەوە
من دەبمە کەشتییەک
بە ئاڵای نیشتمانیی خۆمەوە.
🔹کچ بە ڕووبار شوبهێندراوە؛ ڕووبار دەڕژێتە دەریا، دەریا ئەو چەمکەیه له بەشی پێشوودا شاعیر خۆی بە ئەو پێناسه دەکا کاتێک دەڵێ ببوورن دەریا ڕادەگرن. واتا ئەو کچە( نیشتمان و زێد و وڵات) کە وەک ئاوات و هیوای شاعیر پێناسەی بۆ کراوە دەبێتە بەشێک لە وی و نیشتمان و ئامانجێکی مانادار بۆ دەستپێکی خۆدێتنەوەیەکی سەربەخۆیانە ساز دەبێ؛ ئەو دەلالەتانە دەتوانین دە بوون بە کەشتییەک بە ئاڵای نیشتمانی خۆمەوە بدۆزینەوە.
هەموو بەندەرەکان دەخوازم
بەندەرێک لە ورمێ بە کچێکی دەلالەوە
کە پڕە لە ترێ
🔹 کاتێک شاعیر خۆی وەک کەشتی پێناسە دەکا و خەریکە سەفەرێکی شێعری بۆ خۆدیتنەوە وێنا دەکا ئەویش له جەستەی کچدا کە بریتییە له نیشتمان و هیوا و ئامانج، بە هێنانەگۆڕی چەند شوێن خریکە هەبوون و هەوێتی خۆی دەبینێتەوە:
ئەو کەشتییە خەریکە ڕوو له بەندەرەکانی شوناس و هۆوییەت دەکا. یەکەم شوێن ورمێیە کە شارێکە بە قەڵافەتی ترێ، نیشتمانێکە بۆ سەرمەستی و سەرخۆش بوون. ئەو شوێنەی نیشتمان لەو جوغڕافیایە دانابڕێ و هەمیشه بەشێک بۆ لە نیشتمان.
کەناراوێک لە سنە بە کەنیشکێکەوە
کە زاراوەی ئاوە و بن زاری ئا ور
🔹 شوێنێکی دیکە لەو جوغڕافیایە کە کەشتی شوناس لەنگەری لێدەگرێ شارێکە فڕە ڕەنگی زاراوە و بنزاراوە ڕازاندوویەتەوە و سیمایەکی جوانی(ئاو) و خۆڕاگری(ئاور) پێبەخشیوە.
بەندەرێک لە کرماشان دەخوازم
کە دوێتێ تێیدا بە خەتتی بزماری
نامە بۆ شاخ دەنووسێ.
🔹 کوچکەیەکی دیکە لەو بەندەرانە واتا نیشتمان، پێناسەی بۆ کراوە کە پڕ بە قەڵافەتی مێژوو خەبات و شۆرشگێڕی کردووە؛ خەتتی بزماری نیشانە له مێژووی چەند هەزار ساڵەی کرماشانی زێد و نامە بۆ شاخ نووسین ئیماژێکە بۆ دیتنی خەباتێکی شۆرشگێڕانەی ئەو هەرێمە له پێناو نواندنی رەسەنایەتی ئەو بەشەی نیشتمان.
لە بەندەری ئیلامیش
کیژێک؛ خەریکی کشت و کاڵی جوانییە.
🔹 بەشێکی دیکەی ئەو جوغڕافیایە کە وەک کچ یا کیژ پێشان دراوە، ئیلامی دێرینە کە دەکرێ بە وەبیر هێنانەوەی چاخی کشت و کاڵ لەو مەڵبەندادا ئەو ڕاستییه وەبیر بهێنینەوە کە دیرۆکی ئەو نیشتمانە چەندە کۆن و له مێژینەیه.
ئەگەر لە دوورەدەستی نیشتمانەوە هاتم
بڕوا بکە بە غەریبیم و
بزانە
تۆفان لەدوای باران رووداوێکە نەخوازراو.
🔹 له دوایین بەشدا، شاعیر بە ئاشکرا سۆز و خۆشەویستی خۆی بۆ نیشتمان دەردەبڕێ و دووری لەو خۆشەویستییه وەک غەریبی پێشان دەدا.
باران دۆخی ئارامی ژیانە کە دەبێتە هۆی ژین و ژیانەوە؛ ئەو ڕووداوە له پێوەندی دەگەڵ وڵات و نیشتماندایه. بەڵام تۆفان یانی دووری و سەرلێشێوای و غەوارەیی کە دۆخی دوور بوون له نیشتمان وێنا دەکا.
سەرچاوە: کاناڵی تێلگڕامی مامۆستا یوونس ڕەزایی
@younesrazai
لێک دانەوەیەکی ماناتەوەر بۆ شێعری
"ببوورن دەریا رادەگرن!" له هۆنینەوەی مامۆستا "یوونس ڕەزایی"
#فەرهاد_بابۆڵی
.
.
ئەگەر لە دوورەدەستەوە
دەنگی باران هات
بڕوا مەکە دەنگی من بێ
من نزیکترین واتای بارانم
لە دەستم دا حەشارداوە.
🔹 باران پەیامی ژیانەوە و ڕوان و زیندووبوونەوەی پێیه؛ شاعیر بەردەنگ وەخۆ دێنێتەوە کە واتای باران دوور نییه و دەستەکانی کە مەجازن له هەوێتی خۆی باران و ژیانەوەیان مسۆگەر کردووە و حەوجێ ناکا له دوورەدەست لێی بگەرێن. واتا دەنگی شاعیر دەنگی بارانە و بە سەر شیناوەردی وشەدا دادەبارێ و ژیانی پێدەبەخشێ بەڵام دەتوانین وا مەزەندە بکەین بارانی یەکەم ئەو بارانەیه کە له ئاسمان ڕا دادەبارێ بەڵام بارانی دووەم بارانێکە واتایەکی مەجازیانە دەگرێ و دەبێ حەقیقەتەکەی له هەست و سۆزی شاعیردا ببینینەوە. شاعیر خەریکە له سەرەتادا بەردەنگ ئاگادار دەکاتەوە کە خەریکە پێناسەیەک له چەمکێکی پیرۆز ساز دەکا و واتایەک کە دوورە پەرێز نییه و زۆریش بەردەستە.
هاوکێشی هەموو هەورەکانیش
وێنەی ئاڵۆزی ئاوم تۆمار کرد لە خەیاڵ دا.
🔹 لەو بڕگەیەدا خەیاڵ بە هەور شوبهێندراوە. چۆن هەور له ئاسماندا ئاو و باران دە خۆیدا ڕادەگرێ ئاواش شاعیر وێنەی ئاڵۆزی ئاو له خەیاڵدا تۆمار دەکا( ئاو نیشانەی رووناکاییه، هەرچەند ئاڵۆزه بەڵام کاتێک تۆمار دەکرێ یانی هیوای رووناکی زیندووە و تێدا ماکەی خۆشەویستی دەبینیندرێ ). ئەو جۆره شوبهاندنە له جوری لێکدراوە واتا ئیماژێک به ئێماژێکی تر دەشوبهێندرێ.
ئەگەر لە پەنجەرەکانت دا کردییە رێژنە
بڕوا بە دڵتەنگیم بکە
هاتوو حەسارەکەتان تەمێک دایگرت ئێوارێ
لە گریانم دڵنیابە.
🔹 له نێوان پەنجەرەو و دڵتەنگی پێوەندێکی مانایی ساز بووە. واتا پەنجەرە دەلاقەی هەموو هیواکانی بەردەنگی منی ئەو شێعرەیە کە شاعیر له ڕێژنەیدا دڵتەنگی دەبینێتەوە. هەروەها حەسار دەتوانێ پێشاندەری هەرێمێک بێ له خۆشەویستی بەردەنگی ئەو شێعرە کە نیشتمانە؛ کاتێک تەم ئەو هەرێمە دادەگرێ گێڕەڕەوە یا منی شێعری تووشی ڕەنج و ماتەم دەبێ.
دەرگا بخەیە سەر پشت
شین دەبم
لە نزیک گوڵدانەکانت
کە چاوەڕوان ماونەوە
🔹 دەرگا کەرەستە و پردی پێوەندی دێتە ئەژمار کاتێک دابخرێ یانی چ پێوەندی و لێک نزیک بوونەوە مانای نامێنێ؛ ڕوان و شین بوونەوە له تەنیشت گوڵدانەکان فەزایەکی ئەوپەڕ واقیعیانەی ساز کردووە و بەو شێوەیە ئیماژێکی جادوویانە بۆ دەرباز بوون له دووری و چاوەڕوانی ساز بووە. بە واتایەکی تر هیچ دەرگایەک ناتوانێ پێش بەو پێوەندییه بگرێ کە شاعیر خەریکە خۆی بۆ خۆشەویستی دڵدارەکەی کە وڵاتە تەیار دەکا.
پەنجەرە بکەیەوە بە رووی سبەیدا
لەبەر باران دادەگیرسێم و دەبمە مۆم
تا کەسێک بناسییەوە
کە نیشتمانی دۆزیوەتەوە
لە برینی خەمۆکی بادا.
🔹 کرانەوەی پەنجەرە بەڕووی سبەیدا یانی بەخشینی هیوا به ئایندە و دواڕۆژ، بێتوو ئەو هیوایه چەقەره بکا مۆمێک له بەر باران دادەگیرسێ یانی باوەڕ و هەوێتییەک دەژێتەوە بۆ دۆزینەی نیشتمان و خۆشەویستییەک تەنانەت له نێو هەموو نەهامەتییەکانیشدا هەر وا بوونی هەیه. (برینی خەمۆکی با)
ئەگەر ئەوشەو رووت بوومەوە لە غەریبی
پێلاوی سەفەر فڕێ دەدەمە تاریکییەوە
کتێبێک بەدەستەوە دەگرم پڕ بێ لە دەریا
سواری کەشتییەکی دەبم
تا دەگەمە کۆڵانی
ژمارە چواری گەڕەکی منداڵی.
🔹لەو بەشەدا دەتوانین ئاوڕ و نیگایەکی نۆستالێژیانە بهێنینە بەرچاو بەو مەرجەی دەرباز بوون له غەریبی و تەنیایی وەدی بێ. ئەگە جلی غەریبی داکەندرێ و قووتاربوون لەو تەنیاییه دەستەبەر بێ، شاعیر واز و مەیلی سەفەر واتا ڕۆیشتن دادەنێ و بە پەنا بردن بۆ کتێبی دەریا کە دەتوانێ پێشاندەری هەموو یادەوەرییەکانی قووڵ و بەرینی سەردەمی منداڵی یانی ڕۆژانی ئاسوودەیی و پڕ هیوایی بێ خۆی و تەنیاییەکانی ساڕێژ کا. گەڕانەوە بۆ منداڵی گەڕانەوەیە له دۆخێکی ناسەقامگیر بۆ دۆخێکی سەقامگیر. لێرەدا خۆشەویستییەکی منداڵانە کە پاک و بێپەردەیه بۆ نیشتمان دەربڕاوە.
زەنگی ماڵێک لێدەدەم و ڕادەکەمە ترسەوە
کچێک سەر دێنێتەدەر
دەڵێم: ببوورن دەریا رادەگرن!
🔹 لەو گەڕانەوەیەدا بەشێک له دڵەڕاوەکەی قۆناغی منداڵێتی وێنا کراوە. مێرمنداڵێک کە هەموو ترسەکانی هەر ئەوەندەیه دڵدارەکەی ئاوڕی لێداتەوە و بزەیەکی خۆشەویستانەی بەڕوویدا بکاتەوە. ئەو تەمەنەی کە وەرگرتنی خۆشەویستی هەموو ئەو دەغدەغانەیە کە مڕۆڤ هەیەتی. ( کچ دەتوانێ خوازەیەک بێ له نیشتمان، شاعیر دەیهەوێ بڵێ هەر له منداڵێوە ئەو خۆشەویستییه هەبووە و ڕەگ وڕیشەی له دەمارەکانیدا داکوتاوە)
کاتژمێری جوانییەکان
.
یوونس ڕەزایی
.
.
چاوەڕوان لەبەر دەرگای بەرد.
ئایا دەپشکوێ باوەشێک؟
ساردترە ئەو کۆڵانە لە زستان!
پایزتر
لە تەمەنی چۆمێک؛
کە بە دەشتی نادڵنیا دا رادەبرێ.
سەرما بە هەموو زمانم دا دەگەڕێ
بەفر دێتە گۆ لەگەڵ من
بەستەڵەک لە دەستم دا نوستووە
تەنانەت نەورۆزێک وەبیر بێنێتەوە
تێدەپەڕم.
چاوەڕوان لە بەر شکۆی بەهارێک
ڕووبەڕووی من ڕاوەستاوە
کەسێک کە درێژەی شەقام
لە چاوی دا هەڵکورماوە
دەنگ هەڵدەبڕێ
دەڵێ: لەبەرد تێبپەڕە
پێ بە بەستەڵەک دا بنێ
تا بەشێک لە بەهار بێتە کاتتەوە.
دەنگ هەڵدەبڕێ لەسەر فڕێکانسی باران
من بێ چەتر دەبمە شەتڵی پیتەکانی
دەڵێ: تۆ خەڵکی باشووری ژن بووی
بۆ لە رۆژهەڵاتی زستان دا کەسیرەی
دەڵێم: راماوم لە بەفر
تا کۆتایی بێ بە هەرێمێک کە سەخڵەتی دەزانێ.
لەبەر دەرگا دەستەیەک کۆترە باریکە
چەپڵە لێدەدەن بۆ دوو دەست
کە کراونەوە بە دەوری گۆی زەویدا.
بۆ چاوێکیش؛
کە ئوقیانووس بەشێک لە گلێنەی گەشی.
باوەشت پڕە لە کام با؟
کە لەگەڵ خۆی
تا دەنگێکی زەردم دەبا.
من هەموو تابڵۆ زەردەکانم لەبەرە
دەنگت کەلاوی کێها بەیانە؟
کە هەرجارێ جامانەیەکی تێدا ون دەکەم.
بەخێر بێی بۆ هەرێمی تەنیاییم
پێکەوە لە سنووری بەرد رادەبرین
لە ناو کەوانەی تاریکی
فانووسێک بە دیاری دەدەینە دەست ژنێک
روون و گەرم
دەست پێدەکەینەوە باشووری بزەیەک
کە پایز خەریک بوو نەشتەری لێدا.
چاوەڕوان لە بەردەرگای شێعرێکم
ئاڵایەک بەدەستەوە تا ئامێزی کات
تۆ مەگەر کاتژمێری جوانییەکان نەبووی؟
لەشێک لە لەشێکی دی دەخشێ
.
یوونس ڕەزایی
.
.
من بەژنی تەڕی ژانێک دەگرمە باوەش
کە لە سەر سەقاڵی شەقام
ژنێکی ئاڵۆزاوی لەقاو داوە
کە هەموو رۆژێ نانی لێ ونە.
کچێکی درکاندووە
دەگەڕێ کۆڵان بە کۆڵان
بەدوای بەستەیەک قورسی دڵەکوتەی باوکییەوە
لە ناونیشانێک کە نییە
لەکرۆکی لێڵی شاردا.
دەستی لەرزۆکی پیاوێک دەبنە چۆم
لە ئامێزی تینووم دا
خشتی لەسەر خشت دادەنا
تا شوورەیەک بۆ زیندانی خۆی ساز بکا
بەردی لەسەر بەرد ریز دەکرد
کە لە بێهوودەیی تێپەڕێ.
لەشی ساردی دارێکیش
دوا وێستگەی پۆلێک کۆتر بوو
دندووکیان لە خوێنی خودا دەدا.
نازانم
بۆ ناتوانم باڵم ببەستم
لە کۆڵان باوەش دەکەم بە تەنیایی کەسێک دا
ون بووە لە دووکەڵ و خەمۆکیی خۆیدا
لە زبڵەکان دا بە شوێن ژیانەوەیە و
تا سبەی نایبینێتەوە
لە شار دا لە ناوی خۆی دەگەڕێ
تا هەتا نایبیستێتەوە.
ئێستاش دەگەڕێم بگەمە وێنەی سەنگەرێک
چەکێک رامووسم
رێگا دەپارێزێ لە ون بوون
دارستان دەپارێزێ لە قاقڕ
من دەپارێزێ لە دڵەکوتە.
کەسێکیش کە بە درێژایی سەنگەردا
سوورە لەشی و
چاوی لە خاک دا ریشاژۆی کردووە.
لە نیگای تەڕیش ناگەڕێم
هەر رێگایەکی دەبینی چاوی تەڕە
هەر باڵندەیەک کە وەیشوومە بە باڵی دا رابرد
هەر چۆمێکیش لەشی لەت لەت کرابێ لە سنوور
هەموو لەش
رابردوو
خەون و
سبەینێشیان شەستە بارانە.
لەشت بە لەشمەوە بنووسێنە
نیشتمان
با گەرم دابێ تەنیاییم
منیش دەست دەسووم
بە پێستی پیرۆزی تۆدا
با زامەکان
لانیکەم بزێنە گیانمەوە.
چەند گۆرانی بە گۆشە نیگای کیژێک کە هەورامانی منە
.
یوونس ڕەزایی
.
چەند گۆرانیت بۆ هەنار کوت
ئەو رۆژەی بە زاراوەی هەورامی
بوویە ئاور؟
لە شاخ دەنگت داوە
وەک دەنگدانەوەی ئاوێستا
من تۆم ناسیوە بە دابی گۆرانی
جوانیم پێ کەرەم کە
و
هەوایەک لە شەڕاب.
چاوت دەستەبژێری هەورە
بزەت دیاری پەرستگەیەک
کە هیچ کەس سەری پێدا نەکردبێ
مەگەر بەعەزمی هەڵفڕین.
تۆ سەرەتای کام شەقام بووی؟
بە ڕەوانی ناوی بڵێ
دەمهەوێ پیاسەم بە بەستێنت دا بێ.
دەزانم سەرەتای مرۆڤ بوو
دەستی تۆ
بۆیە لە ئامێزم وەرێنا و
هەزار ماسی رژانە داوێنی باوە
دەزانم کۆتایی سەرماشە نیگات
بۆیە کەوتۆتە خوێنمەوە.
راست و رەوان
ناوی خۆتم بۆ روون کەوە
من تەم و مژ بە زمانم دانایەت قەت.
دەمهەوێ کە ناوتم هێنا؛ ئاوێنەکان هەنار بگرن.
بانگم کردی؛
هەنارەکان سوور داکەونە داوێنی ژنێکەوە
سەمای دەکرد
لەگەڵ چارەنووسی بەفر.
چەند گۆرانی لە خوێنت دان
کە هەر کات لێو دەکەیەوە
رەوە کەوێک باڵ دەبزێون
لە خیابانیش دارەکان مچوڕکێک بە گەڵایان دادێ.
لە جێژنی خاتوو خودای باخ دا دەتبینم
بەرت گرتووە لە وەرزێک
ناوی زەردە
بەڵام هەناوی هەنارستانێکە لە ژن.
باران بەسەر زمانم دا دێتە خوارێ
بۆیە روون رەوان دەڵێم:
ناوتم بۆ دووپات کەوە
کە شارەزای پەرستگەی ئاوی
ناوتم بۆ بڵێ بە چیا
چون ناسیاوی دەڤەرێکی شینی
کە مەبەستم ساماڵی نییە.
بەتەنیا ئەگەر هاتییە خەڵوەتی پاییزمەوە
ملوانکەیەک لە ترێ دەچنم
دەستبەندێک لە گەڵای ریحان
پاوانەیەک لە دڵۆپی هەور
تۆ تەنیا وەرە وەرزی منەوە
منیش لەگەڵ تۆ دەڕۆینە بڵواری زستان
هەنار دەبەخشینە هەر کەس
لەسەرمان گرمۆڵە بووبێ
و
دەڵێن ئاور بکەنەوە لەسەر پشتی سەخڵەتی و
گۆرانی بڵێن بۆ سبەی.
❌️پخش اول کتاب ها و جزوات کنکوری و نهایی❌️
.
.
.
.
تبلیغات (پیام به جز تبلیغات = بلاک)
@Tomir_H
Last updated 1 month, 1 week ago